ستراتیژیی نەتەوەیی یان پاشكۆبوونی سیاسی

زكری مووسا
هەرێمی كوردستانی عێراق قەوارەیەكی سیاسی و جیۆگرافیی دابڕاو نییە لە دەوروبەرەكەی بەڵكو ئەشێ كاراكتەرێكی چالاك و كاریگەریش بێت. سرووشتی سیاسی و مێژوویی و جیۆپۆلۆتیكیی هەرێم وادەخوازێ بەردەوام لە گەشەكردن دا بێت و لە گشت بوارەكاندا خۆی وەك كیانێكی بەهێز و ئیجابی لە ناوچەكەدا دەربخات.
ئێستاكە نەیارە دێرینەكانی كورد لەچاو سەدەی ڕابردوو لە هەڵوێستێكی لاواز دان بۆیەشە پێویستە هەرێمی كوردستانی عێراق سوود لەو هەلە وەربگرێت و ڕەهەندێكی فراوانتر بداتە بەرژەوەندییەكانی بۆ ئەوەی شێوەی ئامانجی ستراتیژیی دوورمەودا وەربگرن. ئەو بابەتە جیددی و چارەنوسسازە و ساویلكانەیە گرتنەبەری ئامانجی مەزن و ستراتیژی بەخۆمان ڕەوا نەبینین یان بۆ كاتێكی دی دوا بخەین.
هەرێمی كوردستانی عێراق لەڕووی سیاسەتی نێوخۆییەوە كەوتووەتە سەر ڕێگەیەكی دروستەوە. بەرپابوونی دامودەستگەی سیادی و دەستووری لە لایەك و گەشەی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە لایەكی دیكە و هەروەها ئەو فرەلایەنییە سیاسییەی لە كوردستاندا بەرقەرارە ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی هەرێم بچێتە باوەشی ئیستبدادەوە یان گرفت بۆ دەستاودەستبوونی ئاشتیانەی دەستەڵات سەرهەڵبدات. بۆیە پێویستە گەشەی فەرهەنگی و سیاسی لەنێوخۆی هەرێمدا بدرێتە دەست ڕەوتی سرووشتیی گەشەكردنی كۆمەڵگە و نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو بابەتە ستراتیژیانەی مان و نەمانی هەرێمی پێوە بەندە.
بە داخەوە ئەو بایەخەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە پرسە نەتەوەیی و ستراتیژییەكان دەدات لای ئەحزابی دیكە یان نابینرێت یانیش كەمبایەخ و كاڵ و لاوەكی دێتە بەرچاو و لای هەندێ لایەنیش مامەڵەیەكی نابەرپرسانەی لەگەڵدا دەكرێت و لەڕێی دژایەتیكردنیەوە وەك كارتێكی گوشار لە دژی پارتی بەكار دەهێنرێت. ئەگەر سەركردایەتیی ئەو جۆرە ئەحزابانە لەو جۆرە مامەڵەكردنە ڕاهاتبن پێویستە جەماوەر و لایەنگرانیان گوشار بخەنە سەر سەركردایەتییەكانیان بۆ ئەوەی وێنەیەكی ڕوونتر لەمەڕ هەڵوێستە نەتەوەییەكانیان بخەنە ڕوو. پێویستە جەماوەر و لایەنگرانیان سەقفی داواكارییان لە هەڵكشان دابێت و ڕێگە نەدەن ستراتیژییە نەتەوەییەكان بە بابەتی كەمبایەخ و لاوەكی لەقەڵەم بدەن.
لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی عێراق زۆر پێویستە عەقلییەتی كاری هاوبەش و هاودەنگیی نەتەوەیی شوێن بە خۆپەرستی و ناوچەگەرایی سیاسی لەق بكات. چونكە بەهێزتربوون و گەشەی كیانی نەتەوەیی قۆناغێكە لە قۆناغەكانی پێشكەوتنی سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و هێمایەكیشە بۆ گەشەی هۆشیاریی دانیشتوان و بەرزتربوونی ئاستی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی وڵاتێك. هەر لەو سۆنگەیشەوە پێویستە هەرێم پەرە بە توانستە ئابوورییەكانی بدات. پێویستە هەرێمی كوردستان دیپلۆماسیی دەرەكی وەك پردێكی ستراتیژی سەیر بكات و گرنگی پێ بدات بۆ ئەوەی بەهۆیەوە لاوازییە جیۆگرافییەكانی چارەسەر بكات. چارەنووسی پارچەكانی دیكەی كوردستان بۆ هەرێم بایەخێكی لەڕادەبەدری هەیە و پێویستە لە ئەولەوییەتی ستراتیژییەكانی هەرێم بێت. ئەو بابەتانە پێویستییەكی هەنووكەیی و زەروورەتێكی مێژوویین و كاركردن بۆ بەهێزبوونیان بە مانای هاودەنگیی نەتەوەیی دێت نەك پاشكۆبوونی سیاسیی لایەنەكان بۆ لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو.




