٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پێشبینى

سەرچاوە: KDP.info

سەلام عەبدوڵڵا

ئەمەی لەم ماوەیەدا لە مووسڵ و ناوچەكانی تر لەژێر پەردەی (داعش)-دا روویدا و خۆڕانەگرتنی سوپای عێراق و ورەبەردانی و بەجێهێشتنی تەواوی كەلوپەلە سەربازییەكانی و هەڵاتنی سەركردەكانی هەمووی دەگەڕێتەوە بە پلەی یەكەم بۆ، هەڵە زەقەكانی مالیكیی سەرۆكوەزیرانی عێراق كە لەو رۆژەوە هاتووەتە سەر دەسەڵات هەوڵی چەسپاندنی حوكمی تاكڕەوانە و بەهێزكردنی تەنیا دەسەڵاتی خۆی دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەم تێكشكانەی سوپاكەی هیچ جێی سەرسوڕمان نەبوو.

مالیكی بە پەراوێزخستنی پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراقدا كە سوننەكانن، هەروەك گەمارۆدانی هەرێم بە كۆمەڵێک پاساوی بێبنەما، هەردەبوو چاوەڕێی ئەم رۆژە بكات.
ئەو، نەهات سوپایەكی نیشتمانی دابمەزرێنێ كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق بەشداری تێدا بكەن، بەڵكو رۆژ بە رۆژ لە پێكهاتەكانی تری بەتایبەتی كورد كەم دەكردەوە كە بەپێی دەستوور دەبوو لە %17ی سوپای عێراقی پێك بهێنێ تا ئەو ڕادەیەی كە گەیاندییە لە %3 و كەمتریش، بەمەیش سوپایەكی لاوازی بینا كرد كە رەنگدانەوەی پێكهاتەكانی تری عێراق تێیدا نەدەبینرا.
بۆ نموونە گەر رێژەی كورد لە سوپادا بەتایبەتی لە ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێمدا وەك خۆی كە بڕیار بوو مابا، ئەوا بێگومان ئەو لە %17-یە لە نێو سوپادا دەبووە هەوێنی بەرەنگارییەكی ئەوتۆ كە وای لە تەواوی سوپا بكردایە بەرەنگارییەكی بوێرانە بنوێنێ و نەهێڵێ ئەو ناوچانە داگیر بكرێن، ئەوەی ئەمڕۆ بە شانازییەوە پێشمەرگەی كوردستان لەو ناوچانە دەیكات.
مالیكی لەباتی ئەوەی بزانێت مەترسییەكان لە كوێوە دێن، دەهات عەمەلیاتی دیجلەی بەرامبەر هەرێم دروست دەكرد و وایدەزانی تیرۆریستان لە كوردستانەوە بۆی دەچن، ئەمە سەرەڕای ئەو سیاسەتە هەڵانەی كە بەرامبەر هەرێم دەینواند كە دواییان بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بوو. مالیكی گەر سەیری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی وەكو بەشێك لە مەنزومەی دیفاعی لە عێراق بكردایە و مووچە و پێداویستیی تەواوی بۆ دابین بكردایە، ئەمڕۆ دووچاری ئەو بارودۆخە نەدەبوو، هەروەك دەیتوانی بە تەواوی دڵنیا بێت لە سەقامگیریی ئاساییشی ئەو ناوچانەی كە ئەمڕۆ سوپا نەیتوانی بۆ تەنیا رۆژێكیش بەرگەی بەرەنگاری تێدا بگرێت.
لەگەڵ هەموو ئەم راستییانەشدا، هەرێم هۆشداریی پێشوەختەی بە بەغدا دا، بەڵام ئەوان ئەو مەترسییەیان بە هەند وەرنەگرت و دەسپێشخەریی هەرێمیان پشتگوێ خست.
ئێستا، دواهەڵەی مالیكی بریتییە لەو داوایەی كە لە مەرجەعی شیعی كردووە كە فەتوای شەڕی سوننە بدات، هەڵەیەكی تری كوشندە  دەكات و شەڕێكی نەبڕاوە لە عێراق بەرپا دەكات. ئەو دەیتوانی ئەم مەسەلەیە سیاسییانە چارەسەر بكات، چونكە چارەسەری گرفتەكانی نێو عێراق بە چارەسەری سەربازی و فەتوا ناكرێت و لە هەرێمیشەوە ئەو پەیامە دەمێكە نێردراوە بۆ بەغدا.

هەواڵی پەیوەندیدار