٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتیی دیموكراتی كوردستان كاكەمین نەجاڕ: پارتی كێرڤی دانەبەزیوە، بگرە بەرزیش بووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info


سەعد هەورامی

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتیی دیموكراتی كوردستان كاكەمین نەجاڕ لە دیمانەیەكی رۆژنامەی "هەولێر"ـدا، ئاماژەی دا كە رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ ئێستای كوردستان بە پێویست دەزانن و درێژەیش بەو رێككەوتننە ستراتیژییە دەدەن.

* پێوەندیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ حزبە ناوخۆییەكانی كوردستان و حزبەكانی دیكەی پارچەكانی دیكەی كوردستاندا چۆنە؟

- لە ماوەی رابردوودا، سەرۆك بارزانی لەگەڵ تەواوی پارت و لایەنەكانی كوردستاندا كۆ بووەتەوە، چ ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانن و چ هیی بەشەكانی دیكەی كوردستانیش. ئێمە وەكوو پارتی بەردەوام هەوڵمان داوە پێوەندییەكانمان لە گەڵ پارت و لایەنەكانی دیكەی كوردستاندا باش بێت، چونكە ئەوانیش لەم هەرێمەدا شەریكن و لە پڕۆسەی سیاسی لەگەڵماندا بەشدارن، بۆیە چەندە پێوەندیمان باش و توندوتۆڵ بێت و ناوماڵی كورد یەك بێت، ئەوە سوودی بۆ هەموولایەكمان هەیە. لەبەر ئەوە، ئێمە بەردەوام هەوڵی باشتركردنی ئەو پێوەندییانەمان داوە.

* پێوەندیی ئێوە و یەكگرتوو لە ئێستادا لە چ ئاستێكدایە؟

- لە كوردستاندا كۆمەڵێك پارتی سیاسی هەیە و هەندێك لەو حزبانە توانیویانە لە هەڵبژاردندا كورسی بە دەست بهێنن و بچنە پەرلەمان و هەندێكیان لەناو حكوومەتیشدا بەشداری بكەن، بۆیە ئێمە و ئەو حزبانە پێكەوە لەم وڵاتەدا دەژین، جاروبار گرژییش دەكەوێتە نێوانمان و جاروبار بەهەڵەلێكتێگەییشتنیش دەبێت، بەڵام سەرنجام دەبێت پێك بێینەوە، چونكە دەبێت ئێمە پێكەوە بژین و پێكەوە كار لەسەر كێشە چارەنووسسازەكان بكەین و پێكەوەیش بڕیار بدەین. بۆیە ئێستا پێوەندیی ئێمە و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە ئاستێكی باشدایە و جەنابی سەرۆك بارزانیـیش سەردانی كردوون و ئەوانیش بەشداریی كۆبوونەوەكەی جەنابی سەرۆكی هەرێمیان كرد.

* زۆر باس لە رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی دەكرێت، ئایا ڕێككەوتننامەكە بەردەوام دەبێت؟

- ئێمە لەگەڵ یەكێتیدا دوو حزبی جیاوازین و رێككەوتننامەی ستراتیژی لە نێوانماندا هەیە، بەڵام دوو حزبین و هەر حزبە و پێڕۆ و پڕۆگرام و بەرنامەی خۆی هەیە، بۆیە زۆر ئاساییە كە هەندێك جار ڕای جیاوازمان هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە لەگەڵ یەكێتیی نیشمانیی كوردستاندا رێككەوتننامەی ستراتیژی لە نێوانماندا هەیە و بەردوامیش دەبین لەسەری، چونكە بە لای ئێمەوە ئەو رێككەوتننامەیە بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان زەروورییە و پێكەوەیش بڕیار لەسەر كێشە گرنگەكان دەدەین، چ لە دەرەوەی هەرێم و چ لە ناوخۆی هەرێم و ئەو پێوەندییەی ئێستایش هەمانە، پێوەندییەكی بەهێزە و هەوڵی ئەوەیش دەدەین بەردەوام بین.

* بۆچی زیاتر لە پرسە نەتەوەییەكاندا هێرش دەكرێتە سەر پارتیی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی؟

- هۆكارەكەی بۆ بەهێزیی پێگەی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەوانەی دەیانەوێت لە كورد بدەن، لە سەركردایەتییەكە دەدەن و لە سەركردایەتییەكەیش لە سەرۆكی هەرێم دەدەن، چونكە ئەگەر تەماشای هەڵوێستە سیاسییەكانی سەرۆكی هەرێم بكەین چ لە ناوخۆی هەرێم و لە بەغدا و چ سەبارەت بە پارچەكانی دیكەی كوردستان، هەموویان هەڵوێستی نیشتمانین و هەقە مرۆڤ پشتی بگرێت، بۆیە ئەوانیش زیاتر لە پارتی دەدەن، چونكە پێگە و هێزەكە لە ئێستادا لای پارتییە.

* ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام دەدرێت. پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر چۆن خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادە كردووە؟

- خۆزگە هەڵبژاردنی پارێزگاكان زووتر دەكرا. ئێمە وەكوو پارتی خۆمان بۆ ئامادە كردووە و بەردەوامیش دەبین و ترسیشمان لە هەڵبژاردن نییە.

* پێت وایە كێرڤی پارتی بەرەو بەزبوونەوە رۆییشتووە یان جێگیرە؟

- ئەوە هەڵبژاردنە، موفاجەئەی تێدایە، یان بڕێك دەچیتە پێش یان بڕێك دەچیتە پاش، یانیش لە شوێن خۆت دەمێنیتەوە. بە باوەڕی ئێمە كێرڤی پارتیی دیموكراتی كوردستان دانەبەزیوە و بە پێچەوانەوە، ئەو هەڵوێستانەی جەنابی سەرۆك بارزانی لەسەر پرسە نەتەوەییەكان، وای كردووە كە كێرڤی پارتی زیاتر بەرز بێتەوە و حزبەكانی دیكەیش بوونیان هەیە و خاوەنی جەماوەری خۆیانن و دەنگی خۆیان دەهێنن.

* یەكێك لە ئەندامەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ پارتی دەبێت، ئایا كەستان بۆ ئەو پۆستە دیاری كردووە؟

- نەخێر، تاكوو ئێستا كەسمان كاندید نەكردووە، بەڵام حەتمەن كەسێك دیاری دەكەین.
 

هەواڵی پەیوەندیدار