كوردستان پڕكێشیی بەغدا دەكات

ئازا حەسیب
ئەو دوو ناونیشانەی سەرەوە نموونەن لەو مانشێتانەی ڕۆژی 2شەممە ڕێكەوتی 1/6/2009 كەوتە سەرلیستی هەواڵە هەرە گەرمەكانی میدیای جیهان. ڕووداوەكەیش كە كردنەوەی قوفڵی ڕاییكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا، لەلایەن مام جەلال و كاك مەسعوودەوە، ڕۆژەڤی هەموو ڕۆژنامە و كەناڵە ئاسمانییەكان و دەزگا جۆراوجۆرەكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهاندا بوو.
پەیامنێری(BBC) لەوبارەیەوە نووسیبووی سەرەڕای ناكۆكی لەنێوانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا، بە ئامادەبوونی سەرۆككۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی ڕۆژی 2شەممە لە هەولێر، مەراسیمی ڕاییكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو وێستگەی هەناردەكردنی كێڵگەی خورماڵە دەستی پێكرد، تا لەوێشەوە بنێردرێ بۆ دەرەوەی عێراق.
رۆژی 2شەممە 1/6/2009 كە ڕێكەوت بوو لەگەڵ یادی (34) ساڵەی دامەزراندنی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)، مام جەلال وەكو سەرۆككۆمارێكی بوێر و نیشتمانپەروەر و دووربین، دەست لەناودەست لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا، لە كەرنەڤاڵێكدا كە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵیۆزان و قونسڵ و نوێنەرانی وڵاتان، بە نوێنەری ئەمریكایشەوە ئامادەی بوون، قوفڵی ڕاییكردنی نەوتی كوردستانیان كردەوە و گەورەترین پڕكێشییان لە مێژووی درێژی پڕ ئاڵۆزی و قەیران و نەهامەتی و دژایەتیكردنی گەلی كوردستاندا، بە ڕووی هەموو ئەوانەدا تۆماركرد كە یەك سەدەیە زێڕی ڕەشی كوردستان بۆ كڕینی ئەو چەكە كۆمەڵكوژانە دەفرۆشن كە گەلی كوردستانیان پێ جینۆساید كردووە. بڕیاری دلێرانەی كوردیان بە ڕووی هەموو ئەوانەدا بەرز كردەوە كە زێڕە ڕەشەكەی كوردستانیان بەرامبەر فرۆشتنەوەی چەكی كیمیایی و كۆمەڵكوژ بە حكوومەتەكانی عێراق، كڕیوە.
ئیرادەی كوردانەیان لەبەردەم گشت ئەوانەدا سەلماند كە یەك سەدەیە دەزانن بە داهاتی نەوت كورد قڕ دەكرێ و لێی بێدەنگ بوون. ئەوسا نەك تەنیا بێدەنگبوون لەو هەموو تاوانە گەورە و وەحشییانەی لەو كاتەدا بەرامبەر كورد و كوردستانییان دەكرا، بەڵكو لە كرۆكدا بێدەنگبوون بەرامبەر ئەوەی دەرهەق نەوەكانی داهاتووی كوردستانیش دەكرێ.
پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت، پاشان هەڵكەندنی بیر و دەرهێنانی نەوت. ئینجا ڕەوانەكردنی نەوت و فرۆشتنی، داستانی ململانێی نێوان دوو ئیرادەیە. یەكێكیان ئیرادەی گرووپە زاڵەكەی مالیكی لە حكوومەتی فیدراڵ و ئەوی تریان ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەرێمی كوردستاندا. ئەم داستانە زنجیرە قۆناغی یەك لەدوای یەكی بڕیوە و هەر قۆناغێكیش بە سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان تەواو بووە.
پرۆسەی ڕایی كردنی نەوتی كوردستان، وەكو مام جەلال لە وتەكەی ڕۆژی 2شەممە 1/6/2009 دا وتی: (هەرچەندە هەوڵ هەن بۆ پێشێلكردن و ئینكاركردنی حەقیقەتێكی دەستووری و یاسایی، بەڵام ئەو گرێبەستانەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردوونی دەستووری و یاسایین).
بەڕێزیشیان لە هەمان وتاردا، زانیارییەكی شاراوەی گرنگیان ئاشكرا كرد كە (رێككەوتنێك لەنێوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی هەیە كە ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تا مانگی ئاداری 2007 نەیتوانی یاسای نەوت و گاز پەسەند بكات، ئەوا مافی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە گرێبەستی نەوت و گاز لەگەڵ كۆمپانیاكاندا مۆر بكات. ئەم ڕێككەوتنە لە ئەنجوومەنی وەزیران خراوەتە دەنگەوە و بە كۆی دەنگ پەسەند كراوە).
حەوت ساڵ بەسەر ئەو ڕێككەوتنەدا تێپەڕی و پەرلەمانی عێراق یاسای نەوت و گازی پەسەند نەكرد. تەنانەت هەر لە بناغەوە حكوومەتەكەی مالیكی پرۆژەیاسای نەوت و گازی بۆ پەرلەمان ڕەوانە نەكردووە و دژایەتیی ئەو یاسایەیش دەكات كە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەرێمی كوردستانی پەسەند كردووە. كوردیش هەر ئەوەندەی پێ ڕەوا بینیون كە حەوت ساڵ چاوەڕوان بێ. حەوت ساڵی ئاسایی نا، بەڵكو حەوت ساڵی پڕ لە كێشە و ململانێی دنەدراو بە گوتاری شۆفێنیزمی تازە-كۆن. حەوت ساڵی پڕاوپڕ لە گیچەڵ و هەڕەشە و بوودجە كەمكردنەوە و مووچە بڕین. بۆیە یەك هەفتە بەر لە یادی 5ساڵەی ئەو ڕۆژە مێژووییەی قوفڵی ڕاییكردنی نەوتی كوردستانی تێدا كرایەوە، لە 22/5/2014دا یەكەم بڕەنەوتی هەناردەكراوی كوردستان لە بەندەری جەیهان فرۆشرا.
رۆژی 1/6/2009 كاروانی پرۆسەیەكی نیشتمانی و لەسەر دەستی هەردوو سەرۆك دەستی پێكرد. سەرەتای كاروانێك بوو كە بە ڕێیەكی پڕ ململانێی سەخت و چارەنووسسازی نیشتمانیدا تێپەڕیوە و تا ئێستا درێژەی هەیە. كاروانێكە بە هەمان ئەو ئاڕاستەیەدا دەڕوا كە سەرۆك بارزانی و سەرۆك مام جەلال خەتیان بۆ كێشاوە، نە لە ڕێ لای داوە و نە لە دەریای لێوانلێو لە پڕكێشی و دوژمنایەتیشدا، كەشتییەكەی وێڵ بووە. كاروانێكە لە خزمەتی ئێستا و نەوەكانی داهاتووی كوردستاندایە و بەرەو ئەو ئامانجە دەڕوا كە گەلی كوردستان ئاواتی بۆ خواستووە و بەم نزیكانەیش دەگاتە كەناری ئارام.




