٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

زمانی دروستكردنی ئاڵۆزیی ناوخۆیی بەسە

سەرچاوە: Hewler

هیوا قەرەداغی

برادەرێكم زۆرجار پێم دەڵێ: خۆزگە تەنها یەك جار دەمبینی نەوشیروان مستەفا بە ڕق و كینەوە قسەی نەدەكرد. كە پێی دەڵێم بەڵكو سروشتی قسەكردنی وابێت. ئەو برادەرە پێم دەڵێ: بەڵێ راستە، بەڵام شێوازەكەی بەهۆی مەبەستەكەیەتی، كە هەمیشە یەك شتە، ئەویش ئاڵۆزی و دووبەرەكی دروستكردنە لەناو ماڵی كورددا.
من وەك ئەندامێكی پارتی هەمیشە ئەو هەستەم لەلا دروست كراوە كە لەبەرامبەر بەرەی ناوخۆیی كوردستانیدا بە سەبر و تەحەمول بین و هێمنی پارێز بین، لەسەر ماف و كێشەكانیشمان لەگەڵ هێز و لایەنە دەرەكییەكان گردەبڕ بین .

بۆیەش هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان و لەكاتی تووندبوونی ناكۆكییەكانی لەگەڵ یەكێتیدا ئەوەبووە كە دۆخەكان هێور بكرێنەوە و بەرەی ناوخۆیی لاواز نەكرێت بەرامبەر فشار و هەڕەشە دەرەكییەكان.
هەروەها دوای ئەوەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر هەوڵیان دا كە بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لە پێگەی ئەوەدا نەبینێتەوە كە هەموو لایەك سێرەیان لێ گرتووە، بەڵكو دەكرێ زۆر بەشێوەیەكی ئاساییانە بەشێك بێ لە پرۆسەی سیاسی و نیشتیمانیی كوردستان، بەبێ هیچ دەستوەردانێك لە سیاسەتەكانیدا.

بۆیەش هاووڵاتیانی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك سەرچاوەیەكی ئارامی بەخشین بە كۆمەڵگەی كوردستانی دەبینن هەروا لەخۆڕا نییە بەهۆی ئەو كارانە و، بەهۆی شارەزایی و پێگەیشتوویی عەقلی سیاسی و ئیداریی پارتییە.
ئێمە دڵەڕواكێ دروستكردن بۆ هاووڵاتیان بە كاری خۆمان نازانین، بۆیەش پارتی سەرەڕای هێرشە توند و ناڕەواكانی نەوشیروان مستەفا و دەستوپێوەندەكانی لەو حیزبەدا، دانی بەخۆدا گرتووە، ئێمە دەمانەوێ بەرەی ناوخۆیی بەهێز بێت بۆ ئەوەی لەسەر مافەكانمان لەگەڵ ماف زەوتكارەكانی كورد لە بەغدا بەهێز بین، بەڵام نەوشیروان مستەفا پشتگیری ئەوانە دەكات و هێرش دەكاتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردایەتی پارتی، بە زمانێك كە تەنیا لەو زمانە دەچێت كە خۆی لەساڵانی شەستەكاندا لە رۆژنامەگەری كوردیدا دایهێنا و لەكاتی شەڕی ناوخۆیدا برەوی پێدا، سەیر ئەوەیە، بەوەش دەڵێ خەباتی مەدەنی و گۆڕانخوازی.

بەداخەوە سیاسەتی ئاڵۆزی نانەوە، پشێوی دروستكردنی ناوخۆیی بووەتە بەشێك لە سیاسەتەكانی نەوشیروان مستەفا، كە ئەمەش بەهیچ شێوەیەك خزمەتی خەڵكی كوردستان ناكات، هەروەها خزمەتی خۆی و بزووتنەوەی گۆڕانیش ناكات كە بیەوێ خەباتێكی سیاسی مەدەنیانە بكات، مەگەر بیەوێ توندوتیژییەكە بگەیەنێتە ئاستی بەكارهێنانی چەك، كە دەبێ دڵنیابێ بەهیچ شێوەیەك رێگەی ئەوەی پێنادرێت هەرێمی كوردستان بكاتە مەیدانی شەڕی شار شارێنە و سەنگەر بە سەنگەر.
ئەوە پەیامێكە و دەبێ خۆی باش لێی تێبگات و بە دەوروبەرەكەشی بڵێت كە بە هەڵەداچووە ئەگەر وا بیری كردبێتەوە. سیاسەتی مەدەنی لە كوردستان، كە ئەوە چەند ساڵە پارتی و یەكێتی زەمینەكەی سازە دەكەن و دیپارێزن، پشتیوانییەكی نێودەوڵەتیشی لەپشتەوەیە و رێگە بە سیاسەتی ئینقیلابی نادرێت.

نەوشیروان مستەفا، پێویستە سەرپۆشێك بە هەڵوێستی نیشتیمانی بۆ مێژووەكەی دروست بكات، نەك بەهەڵدانەوەی لاپەڕەكانی رابردوو و هێنانەوە پێشەوەی زمانی كاتی شەڕی ناوخۆ، بەرامبەرەكانی هان بدات بۆ ئەوەی ئەوانیش لاپەڕەكانی هەڵبدەنەوە و ئاگری دووبەرەكی لەو كاتە هەستیارەدا خۆش ببێت.
جگە لە لاپەڕە ئاشكراكانی، مام جەلالیش لەچەند ساڵی رابردووی نزیكدا زۆر لاپەڕەی ئەوی هەڵدانەوە، لە هۆكار دروستكردن بۆ دروستبوونی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە و چەندین شەڕ لە شەڕەكانی براكوژی و نەگونجان لەگەڵ حیزب و لایەنەكانی دیكە و دروستكردنی دووبەرەكی لە ناو خودی یەكێتی و پێكهاتەكانیدا.

خەڵكی كوردستان شاهێدە كە لەوەتەی نەوشیروان مستەفا لە ناوەندی بڕیار و دواتریش لە یەكێتی جیابووەتەوە، یەكێتی سیاسەتێكی هەیە كە دەتوانێ هاوپەیمانی ماوەدرێژ و پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ حیزبەكانی دیكەدا بكات . ئێستاش بەو هاوپەیمانییەی كە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە، بەو هاوبەشییەی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە (بەبێ بزووتنەوەی گۆڕان)، خەڵكی كوردستان هیوای بە ئارامی كوردستان و هەڵوێستی نیشتیمانیانە بەهێزە بۆ بەكردەوە مسۆگەركردنی مافە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی كورد لە عێراقدا.
ئێمە نامانەوێ لاپەڕەكان هەڵدەینەوە، ئەگەرنا لاپەڕەكانی 20ساڵی رابردوو و پێشتری نەوشیروان مستەفا زۆرن لەلای ئێمە و خۆیشی باش ئەوە دەزانێت، بەڵام ئێمە چاومان لە ئایندەیە، نەك وەك ئەو تەنیا رقی رابردوومان بەرامبەر یەكتری لەدڵدا مابێت. هیوادارین ئەویش لەو رق هەڵگرییە دووربكەوێتەوە چونكە بۆ تەندروستی خۆی و بۆ سیاسەتكردنیشی خراپە.

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە دوایین گفتوگۆی خۆیدا زۆر جوانی پێكاوە كە دەڵێ گۆڕان بە هەڵوێستەكەی لە نەچوونە پاڵ هەوڵی متمانە سەندنەوە لە نوری مالیكی “گۆڕان نیشانەی پرسیاری لەسەر خۆی پەیدا كرد”، بەڵام ئەوەتا نەوشیروان مستەفا لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی هەندێ پڕۆژە “ئەو شەڕەی دەرەكییەی” لەگەڵ بەغدا دەست پێكردووە.
جارێ هیچ پڕۆژە یاسایەك لەو كاتەدا تێنەپەڕێندراوە، ئەوەی پەسەندكراوە پڕۆژەی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بووە، كە ماوەیەكی زۆر زیاتر لەماوەی ئاسایی گفتوگۆی لەسەر كرا لە پەرلەمان و زۆر گۆڕانكاریشی تێدا كرا لەلایەن فراكسیۆنی كوردستانی و فراكسیۆنەكانی دیكەوە، بەڵام یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2011دا لەپەرلەمانی كوردستاندا پەسەند كراون.

نەوشیروان مستەفا بەوشێوەیە تەنیا پشتیوانی لە هەڵوێستی نوری مالیكی دەكات بەرامبەر هەرێمی كوردستان، ئینجا ئایا ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە؟ ئەگەر نەوشیروان مستەفا گوێی لە چەند پەرلەمانتارێكی خۆیشی بگرتایە لە بەغدا، ئەو قسەیەی نەدەكرد، كە ئەو چەند پەرلەمانتارەی هەمیشە خەڵكی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیشیان لە هەڕەشەكانی نوری مالیكی و پشتگوێخستنی مافە دەستوورییەكانی كورد ئاگادار كردووەتەوە وەك هاوكارانی دیكەیان لە هاوپەیمانی كوردستانی و پەرلەمانتارانی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی.
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر پرسیارێكی زۆر جیدی رووبەڕووی گۆڕان دەكاتەوە كە دەڵێ، ئایا گۆڕان “ئەو واقیعەی لە بەغدا هەیە وەك ئێمە نایبینن، ئایا نازانن كە حكومەتەكەی نوری مالیكی جگە لە خۆیان حیساب بۆ كەسی دیكە ناكەن، تەنانەت بەشێك لە شیعەكانیشیان پەراوێزخستووە و تەنانەت بەشێك لە حیزبی دەعوەش لێی ناڕازین، بۆیە نەدەبوو خۆیان لەو دەنگە ناڕازییە جیا بكەنەوە”، بەڵام نەوشیروان مستەفا نەك خۆی جیا دەكاتەوە، بەڵكو دژایەتیی سەرۆك بارزانی دەكات لەسەر دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر سیاسەتەكانی مالیكی، كە دەنگی ناخی كوردە بەرامبەر نەدانی مافە دەستووریەكانی كورد.

نەوشیروان مستەفا، بەبێ ئەوەی بزانێ ئەو دەنگانەی بۆ ئەو چوون، دەنگێك بوون لەلایەن خەڵكەوە بۆ وریاكردنەوەی پارتی و یەكێتی، نەك دەنگی راستەقینەی خۆی بن، دەڵێ ئەوان حیزبی دووەمن لە دوای پارتی. نەوشیروان مستەفا بەو هەڵوێستانەی دەیاننوێنێ كە چاودێرانی نزیك خۆیشی دەڵێن ئەوە دەرنەچوونە لە ئیمتیحانی نیشتمانیدا لەسەر مەسەلەكانی پەیوەست بە كێشە جەوهەرییەكانی كوردەوە، كەچی بە خۆشباوەڕییەوە دێت و یەكێتی دەخاتە دوای خۆیانەوە و دەڵێ ئەوان لە پێشەوەی یەكێتین و ئەوان حیزبی دووەمن و یەكێتی سێیەمە.
خەڵكی كوردستان وشیارە و چاوی لە مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خۆیەتی، قبوڵی نییە شەڕە نیشتمانییەكانی بەشەڕی شەخسی بشوبهێندرێن، چونكە كورد ئاگاداری ماف و كێشەكانی خۆیەتی، هەر ئەوەش وای كردووە كورد لەبەرامبەر زۆرترین و دڕندانەترین دوژمنەكاندا خۆی رابگرێت و هیچ چەواشەكارییەك لە خەبات لەپێناو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی دووری نەخاتەوە.

سەیرتر لەوەش ئەوەیە، نەوشیروان مستەفا بۆ پاساودانی دروستكردنی پەیوەندیی حیزبییانە لەسایەی بوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دەڵێ، مادام پارتی و یەكێتی وا دەكەن بۆ ئێمەش حەلالە.
ئینجا ئایا ئەوە مەنتقی گۆڕانكاریكردنە؟ ئێستا پارتی و یەكێتی تاوەكو ئەوپەڕی راددە هەوڵ دەدەن كە حكوومەتی كوردستان نوێنەرایەتییەكانی لە دەرەوە بەهێز بكات، هەروەها سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات ئەو بەندەی پەیوەستە بە كردنەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لەناو بالیۆزخانەكانی عێراق بكاتە شتێكی كردەیی كە تاوەكو نووری مالیكی بە بیانووی جیا جیا ئەو مادەیەشی جێبەجێنەكردووە و یاسای بۆ دەرنەكراوە.

بۆ نەهێشتنی كەموكوڕییە ناوخۆییەكان زمانی رەخنەگرتن و چاككردنمان پێویستە نەك زمانی هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی رابردوو و هێرشكردن و ئالۆزی نانەوە، بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كوردیش پێویستیمان بە یەكڕیزییە نەك زەربەدان و گومان دروستكردن و لێدان لە هەوڵی لایەنە كوردستانییەكان، لەبەرئەوە پێمان وایە دەبێ نەوشیروان مستەفا بەو لۆجیكە مامەڵە بكات، چونكە ئەوە تاكە لۆجیكی قەبووڵكراوە لەلای خەڵكی كوردستان، چونكە تەنیا بەوشێوەیە دەستكەوتەكانمان دەپارێزین و مافەكانی ترمان بەدەست دەهێنین.

هەواڵی پەیوەندیدار