هەمووتان بە حەزەر بن!!

كەنعان بەهادین
نەوتی عێراق، دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1927 لەلایەن كۆمپانیایەكی نەوتی توركیاییەوە بۆ یەكەمجار هەڵسا بە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی بابەگوڕگوڕ لە شاری كەركووكی كوردان، ئەم كۆمپانیا توركیاییە تاوەكو ساڵی 1961 نەوتی لەم كێڵگەیە دەرهێنا.
دوای ساڵی 1961 عەبدولكەریم قاسم یاسای نەوتی ژمارەی 80ی كردە نەخشە ڕێگا بۆ ئەوەی رێگە بدات كۆمپانیا جیهانییەكان نەوت دەرهێنن و بێ ئەوەی رێگە بدات كێڵگەی نوێ هەڵكەنن.
تا ساڵی 1964 عەبدولسەلام عارف كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی لە عێراق دروست كرد، ئەمیش لەپێناو گەڕان بە دوای كێڵگەی نەوتی نوێ و هەڵكەندنی.
ئەحمەد حەسەن بەكر نەوتی لە ساڵی 1972 خستە ژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نیشتیمانی عێراقی. عێراق بە ڕێژەی %95 پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ لەوەتەی ئەم وڵاتە بوونی هەیە.بۆیە حكوومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقی بەو داهاتە كەوتنە چەك كڕین.
تێچووی جەنگی كەنداوی یەكەم بۆ سەر عێراق 100 ملیار دۆلار كەوت، دوای ئەو جەنگە عێراق كەوتە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە.
سەبارەت بە جەنگی كەنداوی دووەمیش عێراق بارگرانییەكەی زیاتر بوو، لە 6ی ئابی 1990 تووشی ئابڵوقەی ئابووری هات تا وەكو 21ی نیسانی 2003 بەردەوام بوو، لەو ماوەیە عێراق پشتی بەستا بە بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراك كاتێك لە ساڵی 1996ەوە دەست كرا بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.
ئەم بڕیارە ئەستەمییەكانی خەڵكی عێراقی كەم كردەوە، جیا لەوەی كەرەستەی خواردنی بۆ تەواوی عێراق دابین دەكرد، پەرەی بە كەرتی تەندروستی و ژێرخانی ئاو و ئاوەڕۆی عێراقدا. ئەگەرچی ئەم بەرنامەیە زۆرێك گەندەڵی ئیداری تێدا كرا بە تایبەت لە ریزی گەورە فەرمانبەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان، بەڵام زۆرترین سوودی بە ئاستی بژێوی گەلی عێراق گەیاند.
لە ساڵی 2000 بەر لە روخانی رژێمی بەعس، سەدام لەبری دۆلار، دراوی یۆرۆی خستە نێو بازاڕەكانی عێراقەوە، نەوتی وڵاتەكەی بە دراوی یۆرۆ دەخەمڵڵاند. ئەوكات پارەی عێراق بە شێوەیەكی بێ پلانی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئیدارەی پێ دەكرا.
پاش هاتنی پۆل بریمەر كاتی ڕووخانی حزبی بەعس، ڕێگەی بە كۆمپانیا بیانییەكان دا بێن نەوتی عێراق دەربهێنن و یان كێڵگەی تازە بدۆزنەوە، بەو مەرجەی باجی %15 لەو كۆمپانیایانە وەربگیرێت. بەڵام ئەم بڕیارە نە لەلایەن دەسەڵاتی هاوپەیمانی یەكگرتووی عێراقی و هەروەها نە لەلایەن ئەنجوومەنی كاتیی حوكم جێبەجێ كرا.
گرفتی هاوردەكردنی نەوت، پاش 2003 قەرزەكانی عێراق بوو، بەتایبەت قەرزی هەردوو جەنگی كەنداو، كەسێكیش نەبوو لە وڵاتانی دوونیا لەو قەرزانە خۆش بێت. بەڵام لە 20 ی نۆڤەمبەری 2006 (پاریس كڵوپ ئۆفیشاڵ كرێیدیتۆر) بە ڕێژەی %80ی قەرزەكانی عێراقی ڕەش كردەوە، كە نزیكەی 100 ملیار دۆلار بوو.
ئەمە نەبۆتە وانە بۆ حوكمدارێتی بەغدا لە دوای ڕوخانی رژێمی بەعس، بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ئەمەریكایی، عێراق تا ساڵی 2020 چەك لە هەریەك لە وڵاتانی چیك و ڕووسیا و ئەمەریكا و چین دەكڕێت و لەبەرامبەر پێدانی نەوتی وڵاتەكەی تاوەكو عێراق لە ڕووی چەكەوە بگات بە ئاستی ئەوەی كە بتوانێ سنوورەكانی بپارێزێ!!
لە لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە، عێراق نیازی وایە تەنها لەچیك بایی 5 ملیار دۆلار چەك بكڕێت. بایی 19 ملیار دۆلاریش تەنها فڕۆكە لە ویلایەتەیەكگرتووەكان بكڕێت. 15 ملیار دۆلاریش تەنها بۆ كڕینی 25 هیلیكۆپتەری بیڵی هێرشبەر.
جگە لەوەی 140 دەبابەی جۆری ئەبراهام و كڕینی 160 زرێپۆش كە دروستكراوی كۆمپانیای تیكسترون مارینی زەمینی ئەمەریكاییە.
عێراق لەگەڵ رووسیاییەكان رێك كەوتوون 30 هیلیكۆپتەر بكڕن كە بۆ هەموو كەش هەوایەك دەتوانێ بجەنگێ.
ئەمانە نیاز و هەووڵەكانی عەرەبی عێراقە بەرامبەر بیركردنەوەی دەرهەق بە چەك كاتێك هاووڵاتیانیان بە ڕیژەی %38 لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین بەپێی راپۆرتەكانی بەشی مرۆیی نەتەوە یەكگرتوەكان.
عێراق لەوەتەی دروستبوونییەوە، یەكەم هەنگاوی دروست كردنی سوپا بووە، هەر كاتێك سەركردەیەكی رۆیشتبێت و یەكی تر هاتبێت، داهاتی ئەم وڵاتەی بەكار هێناوە بۆ خۆ بەهێزكردن و چەككڕین.
ئەمڕۆ كورد نەوتی لە وڵاتەكەی دۆزییەوە و خستییە بازاڕەكانی دوونیاوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند كە نەوت بۆ خۆشگوزەرانی بە كار دێنین نەوەك بۆ مەبەستی دیكە.
ئەمڕۆ حكوومەتی عێراقی هیچی بە دەستەوە نەماوە بە كورد و دوونیای بڵێت، دێت باسی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات، كە پێم وایە هەر كەسێك تۆزقاڵێك بیر بكاتەوە دەبینێت عێراقی یەكگرتوو لە ساڵی 1990 ەوە سەردەمانی جەنگی كەنداو كۆتایی پێهاتووە.
ئێستا عێراقێك نەما بەنێوی عێراقی یەكگرتوو، ڕەنگە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش نەیانەوێت بیر لەوە بكەنەوە یەكڕاست عێراق بە مەقەسێك پارچە پارچە بكەن و بۆ دوونیاش ئەوە ڕابگەینن، چونكە ئەگەر وا بكرێت، زۆرێك نەتەوەو پێكهاتەی ناوچەكە لەیەكتر دەترازێن كە پێشتر بە پێی كۆمەڵێك رێكەوتنی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندخوازی بەیەكەوە لكاون و ناوچەكە دەشڵەژێت.
كورد بۆ پاشەوە ناگەڕێتەوە ، باوی ئەوە نەما كەسێك بەپێی عەقڵ و میزاجی خۆیانەوە، گاڵتە بە مێژووی نەتەوەیەك بكات كە لەوەتەی هەیە مافی خوراوە.
ئەمڕۆ ئەگەر ئەم هەناردەكردنەی نەوت لەنێوخۆی كوردستان پشتگیری لێ بكرێت، دەگەین بە ئاستی ریفراندۆم و جیا بوونەوە.
ڕای خەڵكی كوردستان لە ڕای هەموو كەسێك و حزبێك گرنگترە، پێویستە كورد ئەم هەلە بقۆزێتەوە، بتوانێ ئەمجارە لەژێر چنگی بێگانە و عەرەب رزگاری ببێت.
جێی دڵخۆشیش بوو هەموو لایەن و سیاسییەكانی كوردستان پاڵپشتی هەنگاوەكانی هەناردەی نەوت بوون، چونكە نەوت بۆ خۆشگوزەرانی كوردە، بۆ سەربەخۆییە، بۆ ئاوەدانی شار و گوند و دێهاتەكانی ئەم وڵاتەیە كە پێشتر خاپوور كران.
هەموومان با حەزەر لەوە وەربگرین، عێراق و حكوومەتەكەی هێشتا خەریكن بیر لە چەك كڕین دەكەنەوە، مووچەیان بڕی، سوپایان هێنایە سەر ناوچە كوردییەكان و هێزی دیجلەیان پێك هێنا.
كەواتە هەمووتان بە حەزەر بن، نەوتی كوردان، لەمەودوا خەمڕەوێنی ئەم هەموو دەرد و نەهامەتییەیە، كە بە درێژایی مێژوو، كورد بەسەری هات، گەنجانی ئەم وڵاتە زۆرێکیان بوونە قوربانی، نوای خێزانی پێشمەرگە لەگەڵ خاك تەخت دەكرا. بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژانە چەند بارە نەبنەوە با پشتیوانی کارنامە و سیاسەت و ستراتیژی موژدەهێنی سەرۆکوەزیران و حکوومەتەکەمان بین.




