دەستەڵات بە دەستەڵات سنووردار دەكرێت

ئازا حەسیب قەرەداخی
یەكێك لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی دیموكراسی، دابەشكردنی دەستەڵاتەكانە لە نێوانی سێ دەستەڵاتەكەی یاسادانان و جێبەجێكار و دادوەریدا. كە دەوڵەت فیدراڵ بوو، ئەوا ئەو دابەشكردنە شۆڕ دەبێتەوە بۆ ئاستێكی قوڵتر و دەستەڵاتەكان لە نێوانی ناوەند و هەرێمەكانیشدا دابەش دەكرێن. بۆچی دابەشكردنی دەستەڵاتەكان، چی بۆ دەوڵەتی یەكقەوارەیی و چی بۆ دەوڵەتی فیدراڵی، بەرجەستەكردنی دیموكراسی و فیداراڵییە؟ فەیلەسووف و داڕێژەری تێزی دابەشكردنی دەستەڵاتەكان مۆنتسكیۆ لە وەڵامێكی چڕوپڕدا دەڵێ: دەستەڵات بە دەستەڵات سنووردار دەكرێ.
واتە دەستەڵاتی چڕبووەوە و سەنتراڵ لە دەستی یەك دەستەڵاتی جێبەجێكاردا كە رۆڵی هەموو دامەزراوەكانی دیكەی ناو كۆمەڵگە بە گشتی و دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی بڕیار پەك دەخات و دەرەنجام دیكتاتۆریی لێ دروست دەبێ، تەنیا بەوە سنووردار دەكرێ كە دەستەڵات دابەش بێ بەسەر ئەو دامەزراوانەدا و هەر یەكەیان بایی ئەوە دەستەڵاتی هەبێ كە بتوانێ سنوور بۆ دەستەڵاتی ئەوانی دیكە دابنێ و نەهێڵێ بازی بەسەردا بدەن. دابەشكردنی دەستەڵاتیش دەبێ بە دەستەڵاتی دەستوور دابینكراو و پارێزراو بێ.
كەواتە هەبوونی چەند دەستەڵاتێكی هاوتەریب و هاوشان و پارێزراو لە لایەن دەستوورەوە، سنوور بۆ مەیلی چڕكردنەوەی دەستەڵات لەلای یەكێك لەو دامەزراوانە دادەنێ. مەترسیدارترین دامەزراویشیان لەوەدا كە دەستەڵاتەكان لای خۆی چڕ كاتەوە، دامەزراوەی جێبەجێكار حكومەتـە، چونكە خودان هێزی پارە و هێزی چەكە، دەتوانێ بە دەمچەوركردن یان بە تۆقاندن بەسەر كۆمەڵگەدا زاڵ بێ و رۆڵی دامەزراوەكانی دیكە فەرامۆش بكات و دواجار پەكیان بخات و دەوڵەت بە هەژموونی یەك دەستەڵاتی سەنتراڵ شەتەك بدات. لە دیموكراسی دەوڵەتانی وەكهەڤی و سازاودا، حكومەت لە لایەن زۆرینەی براوەی ناو پەرلەمانەوە پێك دەهێنرێ، لە لایەن پەرلەمانی هەڵبژێردراوەوە كە دەستەڵاتی یاسادانان و چاودێری هەیە، لێی دەپرسرێتەوە، دەستەڵاتێكی دەستڕۆییشتووی دادوەری لە بەردەمیدا وەستاوە و دەستەڵاتی چوارەمیش كە راگەیاندنە هەموو جموجۆڵ و رێكارەكانی بۆ هاوڵاتیان بەیان دەكات، زیاتر لەمە لە دەوڵەتانی فیدراڵدا دەستەڵاتی هەرێمەكانیش دەچنە پاڵ ئەو چوار دەستەڵاتەوە بۆئەوەی نەهێڵن حكومەت دەستەڵاتەكان لای خۆی چڕ و سەنترالیزە بكات. كەواتە پێنج دەستەڵات هەن كە سنوور بۆ دەستەڵات دادەنێن.
ئەو خەوشانەی لە دەوڵەتدا دێنە ئاراوە و دەبنە هۆی شڵەژانی سیاسی و دامەزراوەیی، لەوەوەیە كە یەكێك لەم دەستەڵاتانە سنووری خۆی دەبەزێنێ و بەشێك یان زیاتر لە رووبەری دەستەڵاتی ئەوانی دیكە داگیر دەكات، مەترسیدارترین داگیركەریش دیسانەوە هەر حكومەتە، چونكە خودان هێزی پارە و چەكە، سەرچاوەی راستەقینەی ئەم دەستەڵات و دامەزراوانە كۆمەڵگەیە. بۆیە كۆمەڵگەیەك شایەنی ژیان و بەردەوامی و گەشەكردنە كە دەتوانێ ئەم دەستەڵاتانە بە شێوازێكی تۆكمە و لەسەر بنەمای رێسای هاوشانێتی و وەكهەڤی بسازێنێ. ئیرادەی ئەوەی هەبێ خۆی شل نەكات بۆ دەمچەوركردنی حكومەت و تەسلیمیش نەبێ بۆ ترس لە حكومەت بە رێوشوێنی گونجاو و سازاو خۆی ئەو دامەزراوانە هەڵبژێرێ و دامەزرێنێ و بیانپارێزێ و پەرەیان پێ بدات و دەستەڵاتەكان لەنێوانیاندا دابەش بكات و رێگە نەدات هیچیان سنووری ئەوانی دیكە ببەزێنێ، بە پێچەوانەوە كۆمەڵگەی دەمچەوركراو یان تۆقاو ناتوانێ ئەو دامەزراوانە دروست بكات، ئەوەی هەیشە بیانپارێزێ. ناتوانێ دەستەڵات لە نێوانیاندا دابەش بكات، بەڵكو بەشداری دەكات لە چڕكردنەوەی دەستەڵاتدا و دیكتاتۆر بەرهەم دەهێنێ.
بە درێژایی ژیانی سیاسی لە عێراقدا، وێڕای بەرخودان و ڕووبەڕووبوونەوە، وەلێ كۆمەڵگە گۆڕانكارییەكانی نەكردووە، بەڵكو كودەتا سەربازییەكان كردوویانە و پاشی هەر كودەتایەكیش، كۆمەڵگە نوقڵانەی هاتنەئارای شێوازێكی نوێ و باشتری حكومڕانی لێ داوە و ئەوەندە بە توندی و گشتی و فراوانی پشتگیریی حكومەتی نوێی كردووە كە هەموو ئیرادەی خۆی تەسلیم كردووە و خستوویەتییە جێی هەموو دامەزراوەكانی دیكە و دەستەڵاتەكانی ئەوانیشی پێ بەخشیوە و لە بری دابەشكردنی دەستەڵاتەكان، دەستەڵاتێكی سەنترالی بەرهەم هێناوەتەوە و لەسەرینی ئەوەیشەوە دیكتاتۆرێكی دروست كردووە و خۆی بە دەستییەوە داوە.
پرسیاری سەرەكی لەم قەیرانەی ئێستای عێراق كە ناوونیشانەكەی “كێشانەوەی متمانەیە لە حكوومەتەكەی نووری مالیكی”، ئەوەیە، ئایا دیسانەوە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە و بە لابردنی مالیكی، كۆمەڵگە نوقڵانەی باشتر لێدەدات و پشتگیریی ئەوەی دوای مالیكی دەكات تا ئەو رادەیەی هەموو دەستەڵاتەكانی پێ دەبەخشێ و ئەویش دەبێتەوە بە دیكتاتۆر؟ یان ئەم بزاوتە سیاسییەی ئێستا سەرەتا دەبێت بۆ گۆڕانگاری لە مێژووی سیاسیی عێراقدا و كۆمەڵگە ئیرادەی خۆی وەردەگرێتەوە و دەبێتە خودان بڕیاری دابەشكردنی دەستەڵاتەكان لە نێوانی دامەزراوەكان و هەرێمە فیدراڵەكاندا و كۆتایی بە سەنترالیزەكردنی دەستەڵات لە ناوەنددا دەهێنێ، جا هەر كەس و لایەنێك بێت ئەوەی لە ناوەندایە؟




