٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ڕۆشنتر لە دوێنێ

سەرچاوە: Hewler

ئازا حەسیب قەرەداخی

 

میحوەری ئێران لە ناوچەكەماندا رووی لە كۆتاییە. لە یەك كاتدا خودی ئێران وەكوو داینەمۆی ئەم میحوەرە كەوتووەتە ژێر باری قەیرانێكی نێودەوڵەتی و گوشار و گۆشەگیركردن و سزادانەوە و سەرانی جمهوریی ئیسلامیی ئێران خۆیان ددانیان بەوەدا ناوە كە كاریگەرییەكانی ئەم گۆشەگیركردن و سزادانە لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان و توانای ئابووری و بازاڕی ناوخۆدا رووی لە هەڵكشانە، هەروەها رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سووریا كە ماكینەیەكی گەورەی ناو ئەو میحەوەرەیە، رووخانی ماوەتە سەر فاكتەری كات.

لەولایشەوە حزبوڵڵای لوبنانی جگە لە وتاری ئاگرین، شتێكی پێ نەماوە لەم بارودۆخەدا نماییشی بكات. بە شێوەیەكی گشتی باری ئەم میحوەرە گەیشتووەتە لێواری تەواوبوون و گەڕانەوە بۆ دۆخی جارانی یان چاكبوونەوەی مەحاڵە. ئەوەیشی رووسیا و چین لەم چوارچێوەیەدا دەیكەن، بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریكا و ئەورووپا و هاوپەیمانەكانیانە لە ناوچەكەدا سەبارەت بە بەرژەوەندی و هەبوونی خۆیان نەك سەبارەت بە ئێران و سووریا. بۆیە وەكوو فاكتەرێك بۆ مانەوەی میحوەری ئێران تا سەر حیسابی لەسەر ناكرێ.

جگە لەم سێ كارەكتەرە سەرەكییە قەیرانگرتووەی میحوەرەكە، هەندێ كارەكتەری بچووكیش لەم میحوەرەدا هەن كە ئێران چاوەڕوانی لێیان ئەوەیە پشێوی بنێنەوە و هەندێ پنتی بارگرژیی جیاجیا و جۆراوجۆر لێرە و لەوێ دروست بكەن و ئەترافەكانی ئەسڵی ململانێكە بە كێشەی لاوەكییەوە سەرقاڵ بكەن، ئەوانیش دووچاری كێشە و سەرئێشەی تایبەتی خۆیان هاتوون و ئەو رۆڵەی ئێران لێیان دەخوازێ لە ئاوا حاڵێكدا بیگێڕن بۆیان ناكرێ، چونكە بیانووەكانیان بێبنەما و میكانیزمەكانی كاركردنیان بێسەروبەر و توانای ئەوەی بنكەیەكی جەماوەریی كاریگەر قەناعەت پێ بهێنن بۆ پشتگیرییان، زۆر كز و شەرمنانەیە.

كۆی ئەمانە سەرەتای دەركەوتنی دەرەنجامێكن كە نەخشە و كولتووری سیاسی ناوچەكە بە گشتی دەگۆڕن و بە گوتەی جۆناسان فریلاند لە رۆژنامەی "گاردیان": شەڕ لە سووریا شەڕی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە....  بە رووخانی "ئەسەد" ناوچەكە دیكتاتۆرێكی دڵڕەق و هاوپەیمانێكی ئێرانی لە كۆڵ دەبێتەوە، ئەمەیش لەوانەیە كۆتایی كولتوورێكی سیاسی بێت لە ناوچەكەدا.

هەرێمی كوردستانی عێراق، بە حوكمی مەوقعی جیۆپۆلەتیك و هاونەتەوەیی كوردانە و پارسەنگی هێز و بەرژەوەندییە هەرێمایەتییەكان و ناكۆكیی هەناویی لەگەڵ ئەو میحوەرەدا و شوێنگەی لە حیساباتی نێودەوڵەتیدا، پریشكی رووداوەكانی ناوچەكەی بەردەكەوێ، هاوكات چاوەڕوانی لێ دەكرێ رۆڵێك لەم دەورانەدا بگێڕێ كە هاوتەریب بێ لەگەڵ بەرژەوەندیی میللەتانی ناوچەكە كە پوختەكەی بریتییە لە كۆتایی هاتنی دیكتاتۆری و سەرچاوەكانی تیرۆر و هەڕەشە بۆسەر ئاساییشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

بێگومان كە هەرێمی كوردستان ئەو رۆڵە دەگێڕێ، دەبێ پەرچەكردار و كاردانەوەی جۆراوجۆری كارەكتەرە سەرەكی و لاوەكییەكانی ئەو میحوەرەیش لە بەرچاو بگرێ. چەردەیەك لەو رووداو و گوتار و راگەیەنراوە سیاسییانەی هەفتەی رابردوو، دەچنە خانەی ئەو پەرچەكرادارانەوە.

سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەزانێ رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەڕووخێ و رووخانی ئەو رژێمەیش سەرەتای گۆڕانكاریی دیكە دەبن لە ناوچەكەدا. لەسەرینی ئەوەیشەوە خەمی داهاتوو، خەمی كوردانی كوردستانی رۆژئاوایە، بۆیە زەمینەسازی كرا تا لە هەرێمی كوردستاندا و بە دەسپێشخەریی سەرۆكی هەرێم، دوو ئەنجوومەنی سیاسیی كوردانی سووریا هەوپەیمانییان گرێ دا و ناوماڵی كوردستانی رۆژئاوا وەها رێك خرا كە بتوانێ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكانی ئاییندەی سووریا بكات و شار و ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان بە جۆرێك بەڕێوە بەرێ كە ببنە دیفاكتۆیەكی سیاسی و ئیداری لە نەخشەڕێگەی سووریای دوای ئەسەدـدا.

هەروەها مەشق بە لاوانی رۆژئاوای كوردستان كرا و رەوانە كرانەوە بۆ ئەوەی ببنە هەوێنی ئەو هێزەی شار و شارۆچكە ئازادكراوەكان دەپارێزن. ئێستایش جموجوڵەكانی سەرۆكی هەرێم لەم بوارەدا بەردەوامە بۆ ئەوەی لە نێوان بەرداشی توركیا و PKKـدا، سەركەوتن و چارەنووسی كوردانی سووریا نەكرێتە قۆچی قوربانی. پێویستە مەترسییەكانی توركیا سەبارەت بە PYD و PKK لەناو سووریادا بڕەوێنێتەوە.

ئەم تێڕوانین و رۆڵەی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان جێی رەزامەندیی ئێران نییە، سوپای عێراقیش بەو هۆیەوە بەرەو زوممار و خاڵە سنوورییەكانی نێوانی هەرێمی كوردستان و سووریا جووڵاوە. لەناو هەرێمیشدا، بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا لە دوو توێی راپۆرتێكی ژووری رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند.

لەبەر ئەوەی ئەم راگەیاندنە هاوكات بوو لەگەڵ هەڕەشەكانی ئێران و جموجوڵە سەربازییەكانی حكوومەتەكەی مالیكی، بۆیە ئەو پرسیارەی دروست كرد كە ئایا ئەم راگەیەنراوە دەچێتە هەمان ئاقار و چوارچێوەوە؟

ئایا ئەوە دەنگدانەوە و سەدای دەنگی ناڕەزایەتیی ئەم میحوەرەیە لە سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان؟ بە تایبەتیش كە سەرنج دەدرێ لەو راگەیەنراوەدا، لە ژێر ناوونیشانی هەڵسەنگاندنی 100 ڕۆژەی حكوومەتی هەرێمدا، گریمانەیەك گەورە كراوە كە گوایە "هەرێمی كوردستان خراپترین پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمییەكاندا هەیە"!!.

كەچی لە راستیدا پێوەندیی هەرێم لەگەڵ توركیا و وڵاتانی عەرەب لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە زۆر باشە و ئەگەر پێوەندییەكی خراپی هەبێ تەنیا لەگەڵ سووریا و ئێرانە و خودی ئێران خۆیشی هۆكاری ئەو خراپییەیە، چونكە لە رووی سیاسییەوە گوشار دەخاتە سەر هەرێمی كوردستان تا بیكاتە یەكێك لە كارەكتەرەكانی ناو میحوەرەكەی و ئەمەیشی بۆ ناچێتە سەر.

سەرباری ئەو گریمانە هەڵبەستراوە گەورەكراوە، راپۆرتەكەی بزووتنەوەی گۆڕان كارتەكانی پرسی نەوت و گاز و هەڵكشان و داكشانی پێوەندیی هەرێم و بەغدای نامەنتیقانە تێكەڵ كردووە لەگەڵ پرسی مەشقپێكردنی كوردانی سووریا و رەوانەكردنەوەیان بۆ رۆژئاوای كوردستان و بەرگریكردنیان لە ناوچە ئازادكراوەكانی ئەوێ. ئەمەیشی بە شێوەیەك تێكەڵ كردووە كە بە ئاسانی دەكرێ تێبگەین لەوەی كە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵوێستی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم ناڕازییە.

هەروەها لە لایەكی دیكەیشەوە لە خەیاڵدانی خۆیدا سیناریۆیەكی هەڵبەستووە كە گوایە "لە ئێستادا سوپای توركیا و ئەو چەكدارانەی بە فەرمانی بارزانی مەشقیان پێ دەكرێ، بەنیازن پەلاماری ناوچە كوردنشینەكانی سووریا بدەن" هەروەكوو لە دەقی دوا بڕگەی راپۆرتەكەدا هاتووە و بووەتە مسكی خیتامی هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان.

شێوازی داڕشتنی ئەو بڕگەیە و دەستەواژەكانی تێیدا بەكار هێنراون، مایەی هەڵوەستە و پرسیارن لە بارەی شوێنگەی گۆڕانەوە لەم گەمەیەدا، بە دەلیلی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1- ئەو گەنجانەی لە هەرێمی كوردستان مەشقیان پێ كراوە، بزووتنەوەی گۆڕان ناوی ناون "چەكدار" نەك پێشمەرگە یان لاوانی كوردی رۆژئاوا.

2- راپۆرتەكە دەڵێ ئەو چەكدارانە لە ژێر فەرمانی بارزانیدان، نەك لاوی رەسەنی كوردستانی رۆژئاوان و پابەندن بە بڕیاری سیاسیی هاوپەیمانێتیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژئاوا و دۆزی نیشتمانییانەوە.

2- بزووتنەوەی گۆڕان شارەكانی رۆژئاوای كوردستانی ناو ناوە "ناوچە كوردنشینەكانی سووریا" نەك كوردستانی رۆژئاوا یان كوردستانی سووریا...

3- راپۆرتەكەی بزووتنەوەی گۆڕان نووسیویەتی، ئەو چەكدارانە "پەلامار"ـی ئەو ناوچە كوردنشینانە دەدەن، نەك شار و شارۆچكەكانی رۆژئاوای كوردستان "ئازاد" دەكەن، تا تێبگەین كە بزووتنەوەی گۆڕان لاگیری لە چالاكی و راپەڕینی كوردانی سووریا ناكات و تەنیا بە "پەلامار"ـیان لە قەڵەم دەدات.

ئێستا تابلۆی دابەشبوونی هێزەكان و كارەكتەرەكانی ناوچەكە بە سەرەكی و لاوەكییانەوە رۆشنترە لە دوێنێ. هەروەها ئاقار و ئاڕاستەكانی ململانێیەكەیش زیاتر دەركەوتووە و پێشبینیی سەرەكییش هەر ئەوەیە كە رژێمەكەی ئەسەد دەڕووخێ، میحوەری ئێران كۆتایی دێت و براوەیش ئەوانەن كە كاراكتەری كاران لە بەرەی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەكە.

پوختەی ئەو بەرژەوەندییەیش كۆتاییهاتنی دیكتاتۆری و سەرچاوەكانی تیرۆر و پشێوی و هەڕەشەیە لە ئاساییشی ناوچەكە و جیهان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار