فرانكنشتاینی كوردی

زکری مووسا
حاڵیحازر لە ڕۆژئاوای كوردستان بە یارمەتیی بەعسی سووریا، یەكێك لە قێزەوەنترین شێوازەكانی حوكمڕانی خەریكی پێگرتنە. ئەو شێوازە نائینسانییەی لە سەدەی بیستەمدا لەژێر ناوی جۆراوجۆری وەك كۆماری گەلانی دیموكراتی، فیدراسیۆنی دیموكراتی، كۆمارەكانی خەڵقی دیموكراتی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئوراسیا و هەندێ وڵاتی ئەفریقیا و ئەمەریكای لاتین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای خستبووە نێو دەمی ئەژدیهای تۆتالیتاریزم و دیكتاتۆری. ئەو سیستەمە نائینسانییە ئێستاكەیش لە كۆریای باكوور لەسەر پێیە و لە سووریای ئەسەد خەریكی كوشتن و بڕینی خەڵكە.
لە دوای ئەوەی مرۆڤایەتی باجێكی گەورەی دا بۆ ئەوەی دێوزمەی ئیشتراكییەتی بەناو دیموكراتی بخاتە نێو تابووتەوە، تازە بە تازە ئەو فرانكنشتاینە كە دەستكردی تاقیگەی نەیارانی كوردە، بەرۆكی گەلی كوردی لە ڕۆژئاوا و لە ڕێی پەیەدە و جیهانبینییە سەیروسەمەرەكەی گرتووە.
مەترسیی تۆتالیتاریزم لە ڕۆژئاوای كوردستان لەژێر ناوی خۆسەرییە دیموكراتییەكان كە كۆپیی سیستەمە فاشی و ئیشتراكییەكانی سەدەی ڕابردوویە زۆر جیدییە. لەوێ هەموو شتێك یەك ڕەنگی هەیە. تەقدیسی سەركردە و كۆیلەكردن و لەقاڵبدانی تاك دەستی پێ كردووە. بیروڕای جیاواز و ئازادیی سیاسی قەدەغەیە. ئەدەبییاتی نەتەوەیی قەدەغەیە و خەسێندراوە. چەك و دەزگەی ئەمنی و سەركوتكاری و تۆقاندن بڕیار لەسەر ژیان و چاپەمەنی و خوێندن و خواردن دەدات.
ئەو سیستەمە لە تاكتیكەكانی سەركوتكردن و تۆقاندن لاسایی ڕژێمە فاسیدەكەی سووریا دەكاتەوە. سیستەمەكەی پەیەدە بەنیازە ئەوەی بەعس نەیتوانی لە تێكشكاندنی مرۆڤی كورد بیكات، بە زۆری ئایدیۆلۆژیا و ترس و تۆقاندن بیگەینێتە ئەنجام.
Top of Form




