وەڵامێك بۆ كاڵكان و خەلۆ و برادەرەكانیان

عەلی سەلیم فەقێ
چەندە كات تێدەپەڕێ هێندەیش بایەخی ئەو خەندەقە زیاتر دەردەكەوێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر سنووری سووریا و بۆ ڕێگەگرتن لە قاچاغ و تیرۆر هەڵیكەند. خەندەقەكە ئەژنۆی قاچاغ و تیرۆری شكاند و ئامانجی خۆی پێكا و تینی پەیەدە و باڵە توندڕۆكەی پەكەكە و هاوپەیمانە گوماناوییەكانیانی بڕیوە، بۆیەشە بەردەوام بە چەواشەكارییەوە باسی دەكەن و كردوویانەتە ماددەی شەڕێكی ئیعلامیی بێ واتا. حكوومەتی هەرێم زۆر ژیرانە دەستپێشخەریی كرد و ئەم بڕیارەی دەركرد، چونكە ئاساییش و ژیانی خەڵك ئەولەوییەت بوو.
سایتی فوراتنیوزی سەر بە باڵی توندڕۆی پەكەكە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاوپێكەوتنی لەگەڵ دۆران كالكان ئەندامی بەرێوەبەری كەجەكە (كە خۆی لە ئەسڵدا توركە) و حەكەم خەلۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی یاسادانانی پەیەدەدا ئەنجام داوە و هەردووكیان زۆر بە شێوەیەكی چەواشەكارانە و بێویژدانانە باسی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردووە.
وەك ڕۆژی ڕووناك ئاشكرایە كە ئەو دژایەتییەی باڵی توندڕۆی پەكەكە و پەیەدەی سەر بە موخابەراتی سووری لە بەرانبەر پارتیدا دەینوێنن بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە پارتی هەوڵی دا هەموو هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا لەژێر یەك چەتری نەتەوەییدا كۆ بكاتەوە و بە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی ڕێككەوتنی هەولێر هاتە كایەوە كە جەختی لەسەر یەكدەنگیی گەلی كورد لەو ڕۆژئاوا دەكرد. ئەو برادەرانە دژی یەكگرتوویی و یەكگوتاریی گەلی كوردن و هەر بۆ ئەوەش دروست بوونە كە لێكترازان و پەرتەوازەیی و دوژمنكاری لەنێو كورددا دروست بكەن.
هۆكاری دووەمیدژایەتیكردنی پارتی لە لایەن ئەم باڵەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی حەزی لە ئارامی و ئاشتی و پێكەوەژیان و سەقامگیرییە. گەلی كورد بۆ ئەوەی پێش بكەوێت پێویستی بە سەقامگیریی و پارێزگاریكردن لە خۆیەتی لەبەرانبەر هەڕەشەی تیرۆر. بەڵام (كالكان و خەلۆ)ـكان لە ئاشتی و سەقامگیری و ئۆقرەییدا دەتوێنەوە، بۆیەشە هەمیشە كار بۆ بەرپاكردنی توندوتیژی و شەڕانگێزی دەكەن و لە دژی ئاشتی دەوەستنەوە. با بزانین هەڵوێستی پارتی ڕیسوابوون و دوژمنكارییە یان كردەوە و سیاسەتەكانی پەیەدە و توندڕۆكانی پەكەكە و، ئاماژە بە چەندین هەڵوێستی پەیەدە دەدەین و خۆتان حوكم بدەن كە لە دوژمنكاری و ڕیسوابوون زیاتر چیی دیكەیە:
1. پەیەدە خیانەتی كرد و پشتی لە خوشك و براكانی كرد و ڕێككەوتنی هەولێری پێشێل كرد و دژی یەكهەڵوێستیی گەلی كورد جووڵاییەوە.
2. پەیەدە لە دژی كورد و شۆڕشی گەلانی سووریا لەگەڵ ڕژێم و دەزگا موخابەراتییەكانی سووریا ڕێككەوت و بە زۆری چەك و بە پاڵپشتیی حكوومەت ڕۆژئاوای داگیر كرد.
3. پەیەدە بە یارمەتیی ڕژێم حوكمێكی دیكتاتۆریی كەموێنەی لە ڕۆژئاوا بەرپا كرد و هەموو هێزە تێكۆشەرەكانی پەراوێز خست.
4. لە سایەی ئەم دیكتاتۆرییەتەدا گرتن و كوشتن و سانسۆری لە دژی لایەنە سیاسییە كوردییەكان و میدیا و ڕێكخراوە ئازادەكان هێنایە كایەوە.
5. ئاڵای كوردستان و ئەدەبییاتی نەتەوەیی لەو بەشەی كوردستان قەدەغە كرد.
6. بە زۆری چەك خۆی سەپاند و بازرگانی و قووتی ژیانی خەڵكی پاوان كرد و ڕۆژانە باج لە ئاوارەكان و ئەو خەڵكانە دەستێنێ كە لەسەر سنوورەكاندا بۆ قووتی ژیان هاموشۆ دەكەن.
7. لەگەڵ گرووپە توندڕۆیە ئیسلامییە تیرۆریستییەكاندا و لەپێناو بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، سەفەقات و سناریۆی هاوبەشی گوماناوییان بەست.
8. سیاسەتەكانی پەیەدە وای كرد كە جیهانی دەرەوە وەك هاوپەیمانی ڕژێم سەیری گەلی كورد بكات. پەیەدە لە هەوڵی ئەوەدایە چارەنووسی ڕۆژئاوا بە چارەنووسی ڕژێم ببەستێتەوە و ئەوەش قومارێكی زۆر مەترسیدارە، چونكە ڕژێم دواڕۆژی نییە و ئۆپۆزیسیۆنیش پەیەدە وەك بەشێك لە ڕژێم هەژمار دەكات.
9. لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێم، حكوومەتی هەرێم ئیجرائاتی ئەمنی توندتر كرد و خاڵی سنووری سێمالكای بە ڕەسمی كردەوە و خەندەقی لێ دا بۆ ڕێگەگرتن لە قاچاغ و تیرۆر، كەچی ئەوان ڕێگەی ڕەسمییان داخست و بە یارمەتیی سوپای عێراقی و بە هەماهەنگی لەگەڵ داعش تلكۆچەریان وەرگرتەوە و ئێستاش هەر لە تلكۆچەرەوە هاووڵاتیانی ڕۆژئاوا دەگیرێن و لە لایەن عەرەبەكانەوە سوكایەتییان پێ دەكرێ.
پرسیار ئەوەیە كامە ڕیسوایی و شەرمەزارییە؟ ئەو هەڵوێستە نەشیاوانەی پەیەدە، یان هەست بە بەرپرسیارێتی پارتی؟ چی دەبوو ئەگەر پەیەدە سەری خۆی بەرز كردبا و لەگەڵ هاودەنگیی كوردی و پابەندی ڕێكکەوتنی هەولێر بووایە؟




