٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئۆپۆزسیۆنی شەریک و ئۆپۆزسیۆنی تەریک

سەرچاوە: Hewler

د. ئاراس عه‌بدلکه‌ریم

بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕووی بەشداریی سیاسییانەی دۆسیە کوردستانی و نەتەوەییەکان، تا دێ زیاتر بە ئاقاری تەریکبووندا خۆی ئاڕاستە دەکات، دیارە لە هەندێک هەڵوێست و وێستگەی سیاسیدا لایەنی دیكەی کوردستانیش هەمان سیاسەتی خۆتەریککردنیان نواندووە، بەڵام لای گۆڕان ئەم هەڵوێستە بە جۆرێک تۆخ کراوەتەوە لەوە دەرچووە وەک جۆرێک لە تاکتیکی سیاسییانەی کاتی تەماشای بکەین.

دیارە ئەمە مافی خۆیەتی و جگە لە ڕێکخەر و هەڵسووڕاوانی گۆڕان کەس ئەو مافەی نییە لەمەڕ داڕشتنی ستراتیژی سیاسیی ئەم بزووتنەوەیە “دەبێ” و “نابێ” بورووژێنێ. بەڵام دەکرێ پرسیار لەمەڕ ئەم هەڵوێستەی بکرێت، بە تایبەت کاتێک پرسەکە تەنیا پەیوەست نابێ بە خودی بزووتنەوەکەوە و لە ئاستی پرسی نەتەوەییدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

سەرلەبەری سیاسەتکردنی گۆڕان چ لە کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراقیش کورت بووەتەوە بۆ گرتنەبەری پیشەسازیکردنی کارتی گوشار لەسەر دەستەڵاتی سیاسیی کوردستان و حکوومەتی هەرێم، ئەمە هیچ نەنگی و نادروستییەکی تێدا نەدەبوو گەر ئەم سیاسەتکردنەی گۆڕان پەلی نەهاوییشتایە بۆ دۆسیە نەتەوەییەکانیش و لەنێو پرسە هەستیار و ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی مەرکەزیی بەغدا و هاوکێشە سیاسییە ناوچەییەکەدا بە ئاڕاستەیەک هەڵوێستی وەرنەگرتایە کە لە دەرەوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بێت.

وەک لە بەیاننامەکەیاندا لەمەڕ ڕەوشی ئێستای خۆرئاوای کوردستان و ڕاپەڕینەکان هاوشێوەی ئەدەبیاتی شۆڤێنیی ناوچەکە، کوردانی خۆرئاوا بە “کوردانی نیشتەجێی سووریا” ناو دەبات! جگە لە ناولێنانی شۆڕشگێڕە کوردەکان بە “چەکدار”.

هەڵبەتە گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی بە حوکمی ئەجێندا سیاسییەکەی کە کورت کراوەتەوە بۆ بەرکەوتن بە ئەجێندا سیاسییەکانی پارتی و یەکێتی و خۆژیاندنی لەسەر قەیرانی ناوخۆیی کوردستان، شتێکی سەیر نییە کە لەسەر ئاستی هاوکێشە سیاسییە عێراقی و ناوچەییەکە ئامادەبوونێکی هەستپێکراوی نەبێت، هاوکات ئاساییە کە سەبارەت بە دۆسیەی نەتەوەییمان نەک هەر ئەجێندا، تەنانەت گوتارێکی ڕوونی وای نەبێت کە سیمایەکی دیار بداتە ئەم بزووتنەوەیە، چونکە ئەمە پەیوەستە بە جیهانبینی و ناسنامەی سیاسیی بزووتنەوەکە خۆیەوە، ئاشکرایشە لە چەندین وڵاتانی دنیادا بزووتنەوەی جۆراوجۆر هەن کە ئەجێندایان لە پرسی پاراستنی ژینگە یان مافی ئاژەڵ و هەر پرسێکی دیكەدا تایبەت کردبێت و نەتوانن لەنێو پرسە سیاسییە هەستیارەکاندا ئامادەبوونێکی ئاکتیڤیان هەبێت. هەر بۆیە چ سرووشتی سەرهەڵدان و سترەکتۆری گۆڕان و چ گوتارە سیاسییەکەیشی وا دەکەن کە چاوەڕێی ئەوە نەبین لەمەڕ دۆسیەی نەتەوەیی و پرسە نەتەوەییەکاندا ڕۆڵێکی ئاکتیڤ و دیاری هەبێت. بەڵام ئەوەی کە ئاسایی نییە و ناکرێ چاوەڕێی بین، ئەوەیە کە ئەجێندای گۆڕان دژ بە ئەجێندای نەتەوەییمان خۆی ئاڕاستە بکات.

ڕاستە گۆڕان مافی خۆیەتی هەمیشە ئاگای لە دەنگی لایەنگر و هەوادارانی بێت، ئەمەیش لەو بڕوایەوە کە “هەتا جیاواز و دوور بێت لە یەکێتی و پارتی، ژمارەی دەنگدەرانی لە هەڵکشاندا دەبێت” تەنانەت بە داخەوە ئەم فۆبیایە هەندێک جار لە نێو یەکێتییشدا بەرانبەر بە پارتی دەبیسترێ، کە دوایینیان ڕایەکی بەڕێز “عەدنان موفتی”ـیە کە لە دیمانەیەکی کەناڵی “ئێن ئاڕ تی”ـدا پێی وایە لە کاتی تۆخبوونەوەی جیاوازییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیدا “کە مەبەست لێی هەڵوێستوەگرتن بوو لە مالیکی” ژمارەیەک لە لایەنگرانی یەکێتی گەڕاونەتەوە بۆ ناو یەکێتی و هەڵبەتە لەنێو گۆڕانەوە گەڕاونەتەوە.

دیارە ئەمە بۆ خۆی لای گۆڕان گەورەترین فۆبیایە کە بەر لە هەر شتێک حیسابی بۆ دەکات. لە ڕاستیدا یەکلاکردنەوەی شەڕی دەنگ و هەوادارانی هەر لایەنێکی سیاسی لەسەر حسابی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی لە بەردەم نەتەوە و مێژوودا، ئیدی با گوتاری ئەو لایەنە هەر باس لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و دروشمی باق و بریق بکات.

دوایین هەڵوێستی خۆتەریککردنی گۆڕان وەک لە بەیاننامەکەی دوێنێیدا دەریبڕیوە، ئامادەنەبوونی بوو لەو کۆبوونەوەیەدا کە بۆ کۆدەنگیی کوردستانی و خۆئامادەکردنی نەتەوەیی بە سەرپەرشتیی سەرۆکی کوردستان لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا لەمەڕ ڕەوشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکارییە هەستیارەکان ئەنجام درا.

ئەوەی لەم هەڵوێستە سەیرترە کە خۆدزینەوەیەکی ئاشکرایە لە بەشداربوون لە ستراتیژێکی نەتەوەییدا سەبارەت بەم ساتەوەختە مێژووییە هەستیارە، ئەو بیانووە سەیرانەیە کە وەک هۆکاری بەشدارینەبوونی بەیانی کردووە، بیانووگەلێک تەنیا لە بیانووی لایەن و بزووتنەوەیەکی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن ناچێت.

جارێ سەبارەت بە حیساببۆنەکردن و لەپەراوێزنان ئەوە ئۆپۆزسیۆنی کوردستان نییە لە پەراوێزدا بووبێ و هەردوو لایەنی “یەکگرتوو” و “کۆمەڵ” لە دۆسیە سیاسییەکاندا بە تایبەت لە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لە لایەنە کوردستانییە زۆر ئەکتیڤەکانن، بەڵکوو ئەوە “گۆڕانە” بە دەستی خۆی و بۆ هەر مەبەستێک بێت پەراوێزیی هەڵبژاردووە.

سەبارەت بە تەنگژەیش کە گوایە تەنیا لە ساتەوەختی تەنگژەکاندا دەستەڵات ئەوانی بیر دەکەوێتەوە، جارێ ئەوەی تەنگژەیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە لە ئارادایە نه‌ک له‌ هه‌رێمی کوردستان. له‌ کوردستان ئه‌گه‌ر ته‌نگژه‌ هه‌بووبێت ئه‌وه‌ خودی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ که‌ جار ناجارێک دروستی کردووه‌، ئه‌ویش ته‌نیا له‌‌ سلێمانی نه‌ک له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێم.

لە هەموویشی سەیرتر ئەم بەیاننامە “سیاسییە!” دۆسیەی نەتەوەیی و ئاییندەی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە بە کەیسێکی هەستیار نازانێ و کۆدەنگیی کوردستانی لە بڕیاردان لەسەر ئەم مەسەلەیە لای گۆڕان یەکێک نییە لە “بڕیارە سیاسییە گرنگ و چارەنووسسازەکان”.

گۆڕان بەیاننامەکەی بە پرسێک قوفڵ داوە کاتێک دەپرسێ:
ئایا ئەو دەستگە و دامەزراوەیە کامەیە کە بڕیاری سیاسی دەدات و شەڕ و ئاشتی لە کوردستان بە دەست ئەوە؟

کاتێک وەهمی سیاسی عەقڵییەتی لایەنێک ئاڕاستە دەکات، هەر دەبێ بەرەو پەراوێزی ببات. دیارە لە گۆڕان وایە کە بۆخۆی بڕیاری دا دامەزراوەیەکی لەو شێوەیە لە کوردستاندا بوونی نەبێت، مانای وایە بوونی نییە. کە بۆخۆی ئامادە نەبوو سەرۆکایەتیی هەرێم بەو دامەزراوە سیاسییە یاساییە شەرعییە قبووڵ بکات، ئیدی کەس لە کوردستاندا ددانی پێدا نانێت! کاتێکیش ئەو دامەزراوە دەیەوێ جۆرێک لە کۆدەنگیی سیاسی لە کوردستاندا چێ بکرێت و مەبەستێتی بە هێزە سیاسییەکانی نێو دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە پلاندانان و ڕەنگڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەییدا هەموو لایەک ڕۆڵی خۆی ببینێ و بەشدار بێت، ئەم بزووتنەوەیە وێڕای خۆدزینەوەی لەو ئەرکە نەتەوەییە و لە ترسی فۆبیای دەنگەکانی هەڵبژاردن، لای ئاساییە بەشدارنەبوونی خۆی لەو ئەرکە نەتەوەییە ئیعلان بکات، بەڵام کاتێک ئەم هەڵوێستەی لە بەرژەوەندیی هەر ئەجێندایەکی دەرەوەی “ئەجێندای کوردستانی” بێت و دژ بە ستراتیژی نەتەوەییمان بێت، ئیدی لە حاڵەتی کەنارگیری و پەراوێزبوونی سیاسیدا، دەبێ گلەیی لە خۆیان بکەن. خۆ ناکرێ ئیشەڵڵا گلەیی لە نەتەوەیەک بکەن!

هەواڵی پەیوەندیدار