٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەڵكەندنی گۆڕ بۆ عێراق

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

لە دوالێدوانیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئەلمەنار، سەرۆكوەزیرانی عێراقی هێمای بەوە داوە كە كوردەكان دەنگیان بە دەستوور داوە و بڕیاریان لەسەر ئەوە داوە كە چۆن لەگەڵ عێراقدا بژین. ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە كەس ناتوانێ لە هەرێمی كوردستان دەستوور پێشێل بكات.

مالیكی لە دیمانەكەدا هەوڵی داوە بەرگری لەخۆی بكات و ئیددیعای ئەوە دەكات كە یەك هەنگاویشی لە دژی دەستوور نەناوە.

لە ڕاستیدا گەلی كورد، سەرباری ئەوەی دەستوور ڕەچاوی زۆرێك لە تموحاتی نەكردووە، بەڵام پەسەندی كرد و دەنگی بەو دەستوورە دا كە پڕەنسیپی شەراكەت هەوێنی سەرەكیی بوو. ئەو پڕەنسیپە جەوهەرییەی پاشكۆبوونی كورد لە دەوڵەتی عێراقدا ڕەت دەكاتەوە. ئێستا داواكاریی كورد بۆ دووبارە پێناسەكردنی پێوه‌ندیی خۆی لەگەڵ بەغدا لە شوێن خۆیەتی. هەڵوێست و بڕیارەكانی ئەم چەند ساڵەی دەستەڵاتدارانی بەغدا ئەو هیوایەی لەنێو كورددا كاڵ كردووەتەوە كە لەگەڵ بەغدا تاسەر هەڵ بكات. كوردستان دوای ئەو هەموو قوربانیدانه‌ ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر و ڕازی ببێت وەك پاشكۆ سەیر بكرێت و لەگەڵ ئەوەیشدا دەستەڵاتدارانی بەغدا نەیانتوانیوە خۆیان لەو فەرهەنگە ڕزگار بكەن كە بڕوای بە خۆسەپاندن و بە پاشكۆدیتنی كورد هەیە.

 

جگە لەوەیش بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی كورد لە عێراقدا مافی كوردە و كەس بۆی نییە جۆری پێوه‌ندی لەگەڵ عێراقدا بەسەر كورد بسەپێنێت. ئەو دەستوورەی مالیكی باسی دەكات و داوا لە كورد دەكات پابەندی بێت، دەستوورێكە لە لایەن خودی مالیكییەوە تا ڕادەی ئەتككردن پێشێل كراوە. بە پێچەوانەی دەستوور مالیكی سوپایەكی پێكهێناوە كە ئینتیمای بۆ تاكەكەسێك هەیە و لە ویلائی نیشتیمانی بەتاڵە. بە پێچەوانەی دەستوور تەنیا مالیكییە فەرماندە باڵاكانی سوپا دادەمەزرێنێ و بڕیار لە چۆنییەتیی پڕچەككردنی سوپا دەدات. ئەوە مالیكییە بە پێچەوانەی دەستوور سوپا بۆ یەكلاییكردنەوەی خیلافاتی سیاسی بەكار دەهێنێ و وەك ئامرازێك بۆ شەڕی تاییفی سەیری دەكات.

 

ئەوە دەستەڵاتدارانی بەغدان كە ڕێگری سەرەكیی بوون لە جێبەجێكردنی ماددەی 140، كە ماددەیەكی پڕبایەخی دەستووری عێراقە. ئەوە مالیكی و دارودەستەكەیەتی بە پێچەوانەی دەستوور خۆیان لە سەرژمێریی گشتی دزیوەتەوە. ئەوە مالیكی و حكوومەتەكەیەتی بە پێچەوانەی دەستوور بڕیار لەسەر بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان دەدات، كە هاووڵاتیی دەوڵەتی عێراقن.ئەوەیان نزمترین شێوازی گوشارهێنانە، كە تەنانەت بەعسی دڕندەیش دەستی بۆ نەبردووە. ئەوە مالیكی و دەستوپێیەكانییەتی بە پێچەوانەی دەستوور دەیانەوێ حوكمی مەركەزی بسەپێنن و عێراق لە مانای فیدرالییەت بەتاڵ بكەنەوە. ئەوە مالیكی و حكوومەتەكەیەتی بنەمای تەوافوقی پێشێل كردووە و بە بێی ڕەچاوكردنی تێبینیی پێكهاتەكانی عێراق هەوڵ دەدات بە زەبری دەنگی زۆرینە بوودجە تێپەڕێنێت. ئەو بنەمایەی كە ئەوی گەیاندە دەستەڵات و دواجار هەر خودی خۆی بنەمای تەوافوقی خستە ژێر پێ. كارنامەی مالیكی و حكوومەتەكەی لە دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاسایشی هاووڵاتییانیش كارنامەیەكی دۆڕاوە. ئەوان نەیانتوانیوە سەرەتاییترین كەرەستەی ژیان بۆ خەڵك دەستەبەر بكەن كە ئاسوودەیی و ئاسایشە.

 

حكوومەتی عێراق بە پێشێلكردنی دەستوور گۆڕ بۆ دەوڵەتی عێراق هەڵدەكەنێ، چونكە لە دەستووری عێراقدا زۆر بەڕوونی هاتووە كە پابەندبوون بەم دەستوورە گەرەنتییەكە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكگرتوویی. هەربۆیەش داوای كورد بۆ پێداچوونەوە بە پێوه‌ندیی لەگەڵ عێراقدا دەستوورییە و مافێكی سرووشتییە. كوردستان ژیانێكی ئارزوومەندانەی لەگەڵ عێراقدا هەڵبژاردووە، بەڵام ناچار نییە تاهەتایە لەگەڵ فەشەلی دەوڵەتی عێراق و فەرهەنگی ناشرینی خۆسەپاندندا بمێنێتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار