٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مشتێك لە خەروارێكی هەڵوێستە نەتەوەییەكانی سەرۆک بارزانی

سەرچاوە: KDP.info

ماڵپەڕی KDP.infoهەوڵ دەدات هەندێكی هەڵوێستە نەتەوەییەكانی سەرۆك بارزانی بە تایبەت لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە كە لە پرسە سیاسییەکاندا لەسەر ئاستی عێراق ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبووە، لە زاری ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بخاتە ڕوو.

 

سیروان زەهاوی كە هاوكات مامۆستای زانكۆیشە دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکەم کەس لە دوای 2003 یان تاکەکەس بوو کە فیدراڵیەتی پارێزگاکانی ڕەت کردەوە، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق هاتن قانوونی ئیدارەی دەوڵەتیان نووسیوە لە کاتی ئەنجوومەنی حوکم، چونکە سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق گەیشتبوونە بڕیارێک کە پرۆژەیەک بنووسن و دواتر بڕیاری بۆ دەربچێت کە باسی لەوە دەکرد عێراق ببێتە 18 فیدراڵیەت واتە هەرپارێزگایەک ببێتە هەرێمێک، سەرۆکی هەرێم ڕەتی کردەوە و دەڵێت (ئەوە دابەشکردنی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمە، چۆن دەبێت ئەوانە دابەش بکرێن، لە کاتێکدا عێراق دەتوانێت ئەوە بۆ خۆی بکات بەس وەک هەرێمی کوردستان ئەوە قبووڵ ناکەین، ئێمە دەمانەوێت ناوچە جێ ناکۆکەکانیش بگەڕێنەوە نەک هەرێمی کوردستان بکرێتە 3 پارێزگا) بۆیە لە ئەنجامی فشارەکانی کاک مەسعود پرۆژە یاساکە لەبار چوو".

گوتیشی: "کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2004 بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی حوکم ئەو کاتە سەرۆکی ئەنجوومەنی حوکم بەپێی پیتی (ئەبجەدی)بوو بۆیە پیتی (م)خرایە کۆتایی خولەکە کە کاک مەسعوود بارزانی بوو، بەڵام لەو ماوەی مانگەدا سەرۆک توانی بڕیارێک دەربکات بۆ داگرتنی ئاڵای ڕژێمی بەعس ئیتر لیژنەیەک پێکهێنرا و لە بنەڕەتەوە ئاڵاکەیان گۆڕی لە کاتێکدا دەیان خۆپیشاندان لەلایەن بەعسییەکانەوە دژی ئەو بڕیارە دەرچوو، لە کاتێکدا دوای چەند ساڵ لە ئەنجوومەنی حوکم ئینجا جورئەت کرا ئاڵاکە بە دەسکارییەوە بگۆڕێت، کە ئەوەش خۆشحاڵییە سەرۆکی هەرێم تاکە کەس بوو و یەکەم کەس بوو بڕیاری گۆڕینی ئەو ئاڵایەی دا".

سیروان زەهاوی لەبارەی هەڵوێستی دیکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەوە دەخاتە ڕوو کە سەرۆکی هەرێم و شەركردایەتیی سیاسیی كورد هەڵوێستیان هەبوو بەوەی نابێت ئەم سوپایەی ئێستای عێراق هەیە بەم شێوەیە بمێنێت ئەوە بوو پۆل بریمەر تەواوی سوپای عێراقی پوچەڵ کردەوە، بەڵام سەرکردایەتیی کورد بڕیاری دا هاوسەنگی لەو سوپایە هەبێت واتە بەشێکی بۆ کورد و بەشێکی بۆ سوننە و شیعە، هۆکاری ئەو بڕیارەی بارزانیش بۆ ئەوە بوو کە کورد نەبێتە هێزێکی بەشخوراو لە سوپای عێراق، ئیدی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق وەک خۆیان جێبەجێیان نەکرد ئەوە خۆیان بەرپرسیارێتیی مێژوویی هەڵدەگرن. لەبارەی دوای قۆناغی ئەنجوومەنی حوکم و دوای ساڵی 2004 کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی بەرچاوی تێدا بینی سیروان زەهاوی دەڵێت: "لە ساڵی 2004 پەرلەمانێکی کاتی بە ناوی (ئەنجوومەنی نیشتیمانی) دروست کرا و ئەم ئەنجوومەنە وەکو پەرلەمانێك بوو و کارێکی هەبوو ئەویش دانانی دەستوور بوو بۆ عێراق، بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی دانانی دەستوور هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی وەرگرت کە هەرێمی کوردستان دەبێت مافی ڤیتۆی هەبێت کە بە جۆرێک ناکرێت دواتر بە زۆرینە دەستوور هەموار بکرێت، بەبێ ڕەچاوکردنی هەرێمی کوردستان، ئەوە بوو هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشگیرییان لە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد، بۆیە ئەو دەسکەوتانەی بۆ کورد هاتووەتە دی لە دەستووری عێراق بە گوشار و کاریگەریی سەرۆکی هەرێم بووە کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە، هەرئەو کاتەی دەستوور دانرا کۆمەڵێک خاڵ هەبوون شیعەکان پێی ڕازی نەدەبوون و کوردیش ملی بۆ ئەو داوایانە نەدەدا، بۆیە ناچار شاندی شیعە چوونە بۆ نەجەف بۆلای بەڕێز سیستانی و شاندی کوردیش هاتنەوە بۆ لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەو کاتەوە بارزانی وەک مەرجەعیەتی کورد دەستنیشان دەکرێت، لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم پێداگیری لەسەر سەرجەم ئەو بڕگە و ماددانە کرد کە پشکی کوردی تێدایە و لە سەلاحەدین بڕیاری یەکلاکەرەوەی لێ درا بەوەی بەبێ کورد ناتوانرێت دەستوور هەموار بکرێت".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات لە کاتی یاسای موڵکداریدا کە چەندین موڵک و ماڵی کوردی فەیلی داگیر کرابوون لەلایەن بەعسییەکانەوە، دواتر یاسای بۆ دەرچوو بۆ ئەوەی بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان، ئەگەرچی لەڕووی جێبەجێکردنەوە تێبینی لەسەر ئەو یاسایە هەبوو کە دواتریش هەموار کرایەوە کە لە بەرژەوەندیی کورد نەبێت، بەڵام لە ماددەی 58 و 52 ساڵی 2004 بە تەواوی باسی داگیرکردن و بەتاڵانبردنی موڵک و ماڵی برافەیلییەکان دەکات، سەرۆکی هەرێم و برادەرانی کورد لە بەغدا ڕۆڵی بەرچاویان بینی.

 زەهاوی درێژە بە قسەکانی دەدات و گوتی: "یەکێکی دیکە لە هەڵوێستە جوانەکانی سەرۆک ئەو کاتەی لیوایەکی کورد لە خانەقین بوو بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق بۆ ئەوەی تیرۆر لە دیالە نەمێنێت، بەتایبەتی سەعدیە، قەرەتەپە و جەلەولا و کۆمەڵێک شوێنی دیکە دواتر کە سوپای عێراق بە هاوکاریی پێشمەرگە سەرکەوتوو بەرانبەر بە تیرۆر، دواتر ئەو سوپای عێراقە کە پێشمەرگە هاوکاری دەکرد منەتی نەما و بە هەڵوێستێکی سیاسیی نووری مالیکی بڕیار درا ئەو سوپایە کە لیوای 34 بوو لەو ناوچانە دەربچێت و پاشەکشە بکات دەنا لێی دەدات، بۆیە سەرۆکی هەرێم هاتەوە دەنگ بڕیاری دا کە "تەعەدا" نەکرێتە سەر ئەو هێزە و کەس بۆی نەبێت فەرمانی پاشەکشەیان بۆ دەربکات، لە کاتێکدا ئەگەر ئەو بڕیارەی سەرۆک نەبوایە ئەوا ئەو هێزەی عێراق دەهاتنە خانەقین و کەرکووک و ناوچەکانی دیکە کە ئەو کاتە گرفتەکان تەواو قووڵتر دەبوونەوە".

گوتیشی: "بۆ یەکەم جارە ئەم قسەیە لە ڕاگەیاندن باس دەکەم ئەو کاتەی ئەو بڕیارە درا جەنابی سەرۆک لە دەرەوەی وڵات بوو، بۆیە کە هاتەوە بە ڕاشکاوانە ئەوەی خستەڕوو کە ئەو پێی ناخۆش بووە هێزی پێشمەرگە لە جەلەولا و سەعدیە و مەندەلی پێشمەرگە پاشەکشە بکات، چونکە تا حەمرین هیی کوردە. چونکە ڕێكکەوتنەکە وابوو کە پێشمەرگە پێشتر لە خانەقین نەبوو و دواتر چووەتە ئەو ناوچانە بە هەرحاڵ پێشمەرگە گەڕایەوە خانەقین، بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند پێشمەرگە لە خانەقین جێگیر دەکرێت و مومکین نییە هەنگاوێک بێنە دواوە، ئەگەرچی ئەو ناوچانە ناوچەی کێشەلەسەر بوون، لە کاتێکدا چەند مانگێک پێش ئێستا هێزی دیجلە دەیەویست بچێتە ناو کەرکووک و جەنابی سەرۆک فەرمانی دا هێزی پێشمەرگە ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ئەو هێزە بکات بە خۆشحاڵییەوە ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە و ئێستا ئەو هێزە لە دەرەوەی کەرکووکە و ئەوە خاڵێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئایندەی کورد، لە کاتێکدا زۆر گرنگتر لە هەموویان بۆ ئەوەی ماڵی کورد یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک قسە بن، ڕازی بوو بەوەی د.نەجمەدین کەریم بکرێتە پارێزگاری کەرکووک کە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە لە کاتێکدا پێشووتر ئەو هەنگاوانە نەنراون کە کەسێک وەک سەرۆک بە بڕیاری حەکیمانە بابەتی حزبابەتی وەلاوە بنێت و هەوڵ بدات بۆ کۆدەنگیی کورد خۆ ئەگەر لە کادیرانی ناوەندی پارتی ئەو پرسە بکرێت لەوە دەچێت هەڵوێستی دیکەیان هەبێت، بەڵام دواجار سەرۆک بەرژەوەندیی کوردی لا گرنگ بوو".

سیروان زەهاوی بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵوێستەکانی سەرۆکی هەرێم و ئەوە ڕوون دەکاتەوە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردن جەنابی سەرۆک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت کورد بەیەک لیستی لە هەڵبژاردنەکان داببەزێت لە 2005 لە کاتێکدا دەبێت کورسییەکان بەشێوەی یەکسان دابەش بکرێن، ئەگەر بە وردی لەم بڕیارە بنواڕین ئەوە ئەو دابەشکردنەی کورسی بە یەکسانی لەپێناوی کورد دەنا لە ڕاستیدا قەبارەی پارتی گەورەتر بووە لەو دابەشکردنە چونکە لە 2010 پارتی 29 کورسیی پەرلەمانی عێراقی بە دەست هێنا لە کاتێکدا لە خولی یەکەم 23 کورسی هەبوو، چونکە قوربانی دا بۆ ئەوەی کورد یەکدەنگ بێت، چونکە ئەوە بیرکردنەوەی سەرۆک بوو، زەهاوی گوتی: "بارزانی لەبەرانبەر ئیدارەی مالیکی بە ڕاشکاوانە ئەوەی خستووەتە ڕوو ئیدارەدانی عێراق لەژێر سایەی مالیکی بەم شێوە مەترسییە لە کاتێکدا ئەو گرفتی شەخسی لەگەڵ مالیکی نییە تەنیا گرفتەکە لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە تا دواجار ئەوە بوو موقتەدا سەدر، ئەیاد عەلاوی و سەرۆککۆمار و ئوسامە نوجێفی هاتنە هەولێر بۆ ئەوەی متمانە لە مالیکی بسەنرێتەوە، چونکە بەردەوامیی عێراق بەم ڕێگایە مەترسیی بۆ داهاتوو دەبێت، بۆیە ئەگەر ئەوە سەری بگرتبایە ئەوە ئەوەی ئێستا ڕووی نەدەدا کە دواجار بڕینی قوتی خەڵکی لێکەوتەوە".

گوتیشی: "ئەوەی ئێستاش لە عێراق دەگوزەرێت وڵات بە دەست گرووپێکەوەیە، بارزانی هەڵوێستی خۆی هەیە بەوەی ئەگەر ئەم گرووپە عێراق بەم شێوەیە بەڕێوەی ببەن کوردی و شیعە و سوننە لە داهاتوودا دەکەونە بەردەم مەترسییەوە و چارەنووسیان بەرەو هەڵدێر دەڕوات و دەستوور دەکەوێتە مەترسییەوە کە جەنابی سەرۆک دەڵێت: "ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێت وڵات بەرەو ناسەقامیگری دەڕوات"، ئەوەش دەرگایەکی دەستووری دەکاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەوێوە چارەسەری کێشەکان بکرێت، چونکە ئەوەی هەست دەکرێت هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کورد لە عێراق بەرەو پەراوێزخستن ببرێت، ڕەنگە سەرۆک پرۆژەی تایبەتیی خۆیشی هەبێت، چونکە پرۆژەی دیکە هەبووە لە ڕابردوودا کە سەرۆک ڕۆڵی تێدا بینوە و ئەو لە ئازارەکانی ئەم گەلە تێدەگات و دەزانێت ئەم گەلە چەوسانەوە قبووڵ ناکات".

هاوکات سیروان زەهاوی ئاماژە بە خاڵێکی دیکە دەکات کە پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمەوە هەیە دەڵێت: "بۆ یەکەم جارە لە عێراق ڕێكکەوتنێک دەکرێت بەناوی ڕێکكەوتنی هەولێر کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2010 بۆ ماوەی چەند مانگ دوای هەڵبژاردن نەتوانرا حکوومەت دروست بکرێت، بەڵام دواجار سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموولایەنەکانی لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کردووەتەوە کە چەندین خاڵی گرنگی تێدابوو بۆ ئەوەی هەموولایەنەکان لە حکوومەت بەشداری بکەن، کە بارزانی عێراقی لەو قەیرانە ڕزگار کرد، بەڵام کە پابەندی بە ڕێکەوتنەکەوە نەکرا ئەوە لایەنی دووەم لێی بەرپرسیارە".

هاوکات هەڵوێستی دیکەی هەبووە لەوانە بەشداریپێکردنی سوننە لە ڕێکكەوتنەکان بەتایبەتی ڕێکكەوتنی پێنجقۆڵی و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە لە کاتێکدا زۆر جار هەبووە کورد لەگەڵ شیعە توانیویەتی حکوومەت دروست بکات، بەڵام بارزانی ئەوەی قبووڵ نەکردووە. 

ئامادەکردنی کارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار