كوردەكان دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ وەرنادەن، بەڵام لەگەڵ دابینكردنی مافەكانی كوردانی سووریا و ئێران و توركیادان

*هانز سویودا
لە دوای ڕووخانی رژێمی سەددام بە ماوەیەكی كورت، هێڵی ئاسمانیی نەمسایی گەشتە راستەوخۆكانی بۆ شاری هەولێر دەست پێ كرد،كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە و شارێكی ئارامە. كوردستان لە زۆر رووەوە وەك وڵاتێكی سەربەخۆ وایە، بەڵام بە فەرمی بەشێكە لە عێراق و لە چاوەڕوانیدایە بۆ شێوازی پەیوەندییەكان و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، بەتایبەتی داهاتی نەوت و كێشەی ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی هەرێمدا نین.
كورد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن مێژوویەكی درێژ و بە ئازارن، بەتایبەتی ئەو ساتانەی ڕووبەرروی هێرشی گازی ژەهراوی بوونەوە لە لایەن رژێمی سەددام حوسێن، ئەمەش بوو بە هۆكاری دامەزراندنی ناوچەی دژەفرین كە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە پشتگیری لێ كرا، ئەمەش بە كردار سەرەتایەك بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردیی سەربەخۆ، ئەم بریاری دژەفڕینە ئەگەرچی دژی سەروەریی عێراق بوو، بەڵام بریارێكی بوێرانە و رەوا بوو بۆ پاراستنی گیانی هەزاران هاووڵاتی.
لە دواسەردانێكی كورت بۆ كوردستان، ئەوەم بۆ دەركەوت كە كوردەكانی عێراق زۆر سوودیان لە بەكاراكردنی و خۆماڵیكردنی كارەكانیان كردووە، سەرەرای ئەوەی گاز و نەوتی خۆیان هەناردە ناكەن و نەگەیشتوونە رێككەوتنامە لەگەڵ حكوومەتی ناوەند، لەگەڵ ئەوەشدا بوژاندنەوە و ئاوەدانی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، هەولێر و كوردستان بوونەتە شوێنی كۆبوونەوەی وەبەرهێنەرانی وڵاتانی ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو و توركیا و بووەتە شوێنی جێگیری هەزاران كۆمپانیا.
هەروەك ئاماژەم پێكرد كۆمەڵێك پرسیار لە ئارادان سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كە روون نین و زۆریش لە كۆمپانیاكان چاوەڕوانی ئاكامی ئەو پەیوەندییانەن بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان، بەڵام هێوری و ئارامی و بوونی ئاسایش هۆكاری بوونی كۆمەڵێك لە كۆمپانیایانەیە.
لە دیدارێکمدا لەگەڵ ڕاوێژكاری ئەنجوومەىی ئاسایشی پاراستنی هەرێم، كە جێگای بایەخ و سەرنج و هۆكاری ئارامی و ئاسایشە و كەسانێكی سیڤل و پۆلیس و سەرباز كاریان بۆ رەخساوە لەو بوارە، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگە لەو بوارە كار دەكەن، لە هەمان كات هەست دەكەی كە لە وڵاتێكی ئاوەدان دەژیێ، نەك لە وڵاتێكی پۆلسی و دیاردەی تەقینەوە كە رۆژانە لە عێراق روو دەدەن؛ كوردەكان توانییان سەركەوتنێكی مەزن وەدەست بهێنن.
لە گفتۆگۆكانمدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، پرسیارم سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەوان و كوردەكان لە ناوچەكانی تردا كرد، لە سەرجەم وەڵامدانەوەكاندا ئەوەم بۆ دەركەوت كە ئەوان دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ وەرنادەن، بەڵام لەگەڵ دابینكردنی مافەكانی كوردانی سووریا و ئیران و توركیادان، سەبارەت بە كوردەكانی سووریا رەخنەیان لە پەیەدە هەیە بە هۆی رەفتاری هەڵە و نزیكبوونەوە لە سەرۆك ئەسەد و و بوونەتە هۆكاری ئاڵۆزیی پەیوەندیی ریزەكانی نێوان كوردەكانی سووریا.
سەبارەت بە توركیا نزیكبوونەوە و پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەردوو لا لە ئارادایە بەتایبەتی لە دوای كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیران، رەجەب ئەردۆدگان و سەرۆك بارزانی لە هەولێر و دیاربەكر و، هەوڵەكانی ئەردۆگان بۆ چارەسەریی كێشەی كورد لە توركیا، بە بۆچوونی من ئەمە لە دوای هەڵبژاردن ئاكامەكانی روونتر دەبێت، ئەمەش ئارەزوی ئەردۆگانە كە چاوی لە كورسیی سەرۆكایەتییە.
پەیوەندی نێوان كوردستان و توركیا قازانجی هەردوولای لێ دەكەوێتەوە، چالاكیی وەبەرهێنانی كۆمپانیا توركیاییەكان و هەروەها كۆتاییهێنان بە بۆریی نەوت بۆ بەنداوی جیهان هێمای پەیوەندیی پتەوەی ئابووری نێوان هەردوو دوژمنی دوێنێیە.
تێگەیشتنی ئەو راستییە روونە كە كوردستانی ئەمرۆ دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ وەرنادات، چونكە ئەوان دەیانەوێت وەك ئامرازێكی هێوری و چارەسەر سەیریان بكرێت، نەك هۆكاری كێشە و گرفت بن، وڵاتانی دراوسێ وەك هەڵۆ دەڕواننە چالاكییەكانی حكوومەتی نیشتمانیی هەرێم، لە دیدار و چاوپێكەوتنمان لەگەڵ هەردوو پارتی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر پاراستنی ئاسایشی هەرێم و هێوری و ئاوەدانی كۆكن و لە ئەولەویەتی كارەكانیانە.
*(هانز سوبودا) سەرۆكی فراكسیۆنی سۆشیالدیموكراتەكانە لە پەرلەمانی ئەورووپا و ئەم وتارەی پاش سەردانێكی بۆ كوردستان دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەل جەنابی سەرۆك بارزانی و رێزدار مەسروور بارزانی و بەرێز هیمن هەورامی و چەندین بەرپرسی سیاسی و حكوومی لە كوردستان نووسیووە.
وەرگێڕان/ مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەیپ.د.ك




