مالیكی و وەبەرهێنان بە خوێنی عێراقییەكان*

ئەیاد ئەلدلێمی
نووری مالیكی لە ناكاو و بەبێ هۆشدارییەكی پیشوەختە، ئاشكرای كرد كە خۆی خاوەنی خوێنە و ئەو سیفەتی سەرۆكی دەستەڵاتی جێبەجێكاری و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە و وەزیری بەرگری، ناوخۆ و هەورەها سەرۆكی دەزگای هەواڵگرییشە، پێویستە ئەو ئەركەیشی بۆ بەرگریكردن لە عێراقییەكان بەجێ بێنێت.
هەستانەوەی مالیكی لە كاتێكی درەنگ و پاش رووداوی كوشتنی رۆژنامەنووس (محەممەد بدێوی شەمەری) بوو كە لە لایەن ئەفسەرێكی فەوجی بەرگریی پاسەوانی سەرۆككۆمار، جەلال تاڵەبانییەوە كوژرا.
ئەم جارەیان مالیكی وەها ڕاپەڕی، كە پێشتر بەو شێوەیە ڕانەپەڕیووە، خۆی چووە شوێنی ڕووداوەكە و بە شێوەیەكی ئاشكرا هاتە دەنگ كە خۆی خاوەنی خوێنە لە ڕووداوی كوشتنی بدێویدا، وەها خۆی نماییش كرد كە بەرپرسیارەتییەكی گەورەی لە ئەستۆیە و، ئەمەش وای كرد مالیكی لووتبەرزانە هەست بە بەرپرسیارەتی بكات، لەبیریشی چووبوو كە دەبووایە گوتبای: لە كردەی كوشتندا، دەبێت بە شێوەیەكی راستەخۆ دادگا كاری خۆی بكات، نەك وەك هەڵسوكەتی سەرۆك عەشیرەتێك رەفتار بكات، كە یەكێك لە كەسانی عەشیرەتەكەی لە بیابانێك كوژرابێت.
بێ گومان ئێمە ناتوانین داوا لە مالیكی بكەین تا بڵێت دادگا بریاری خۆی بدات، چونكە پێش هەموو كەس خۆی باشتر دەزانێت كە دادگا لە وڵاتەكەی ئەودا بێجگە لە رێگەیەك بۆ بەدەستخستنی دەستكەوتی سیاسی شتێكی دی نییە. ئەگەرچی ئەو باش دەزانێت كە كیشەی كوشتنی بدێوی لەم كاتە هەسیارەدا و لە كاتی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان، كە لە سەر دەستی ئەفسەرێكی كورد بووە، دەكرێت سوودی بۆ مالیكی هەبێت و شەقامی شیعە مەزهەب بە لای خۆیدا راكیشێت، بە تایبەتی كە بابەتەكە لە لای ژمارەیەك كەناڵی راگەیاندن كە سەر بە مالیكین، بووەتە مەسەلەیەكی تائیفی و نەژادی.
دیارە كە هەر كارێكی كوشتن یان ڕشتنی خوێنی كەسێكی عێراقی، دەبێت بە هەموو شێوەیەك سەركۆنە بكرێت، هەروەها پێویستە هەموو عێراقییەك هەست بەوە بكات كە خوێنی زۆر بە قیمەتە لەسەر دەوڵەتی سەرۆكوەزیران، ئەمە بەبیَ ڕەچاوگرتنی مەزهەب و نەژاد و تایفە و ئایین، نەك ئەوەی كە خوێنی لایەنگرانی حیزبی دەعوە كە مالیكی سەرۆكایەتی دەكات تۆخ بێ و خوێنی عێراقییەكانیش كاڵ و بێ تام، وەك ئەوەی سەرۆكی حكوومەت دەیبینێت.
بەڵێ ئەوە مافی ڕۆڵەكانی فەلـلوجەیە لە مالیكی بپرسن، ئەرێ بۆچی خوێنی ئێمە لە لای تۆ و هێزەكانت هەرزانە، بەلام خوێنی شەمەری گرانبەهایە؟
هەورەها مافی ڕۆڵەكانی رومادییە هەمان پرسیار لە مالیكی بكەن، هەروەها مافی ڕۆڵەكانی بەسرە و دیالە و بەغدایشە و حەقیانە هەمان پرسیار ئاراستەی مالیكی بكەن، كە بۆچی خوێنی ئێمە هەرزانە. هەروەها مالیكی تۆیش بەشداریت لە ڕشتنی خوێن كردووە و هێزەكانت ڕەوانە دەكەی و چاوپۆشیش لە میلیشیاكانی مردن دەكەی كە دەمانكوژن، كەچی تۆ بەرگرییەكی بەهێز لە شەمەری دەكەی، تەنیا لەبەری ئەوەی ناوبراو سەر بە مەزهەب و حیزبی خۆتە و لە دەزگایەكی راگەیاندن كاری كردووە كە پشتگیریی لە تۆ دەكات.
هەورەها مافی هەموو عێراقییەكی خوێنڕژاوە پرسیار لە مالیكی بكات، كە ئایا كێ لە خوێنی من بەرپرسە و كێ برگری لە خوێنی من دەكات؟
پاساو نادەینە كوشتنی كەسێك، هەموو كارێكی توندوتیژییش رەت دەكەینەوە، بەڵام بە جیاواز مامەڵەكردنی عێراقییەك لەگەڵ عێراقییەكی دی ڕەت دەكەینەوە.
پاساو بۆ توندوتیژی و هەلگرتنی چەك بە ڕووی هیچ عێراقییەك ناهێنینەوە، بەلام پرسیار دەكەین كە بۆچی سوپایەك بەو ژمارە و هەموو چەك و تەقەمەنییەوە، بە جۆرەها موشەك بۆ هاووڵاتیانی سڤیل بە ئامانج دەگرێ و بە ەفرمانی دەوڵەتی سەرۆكوەزیرانیشە؟
بۆچی مالیكی چاوپۆشی لە میلیشیاكانی دەكات كە بە شەو و ڕۆژ كاریان كوشتنە، بە تایبەت ئەو قەسەبخانەیەی كە بەم دواییە لە ناوچەی "بۆهرز"ـی سەربە پارێزگای دیالە روویدا، كەچی بۆ سەركۆنەكردنی كوشتنی شەمەری وەها بەپەلە ڕادەكات؟
پێویستە بپرسین، كوژراو ئەگەر لە حیزب و مەزهەبەكەی مالیكی نەبووایە و بكوژەكەیش لە مەزهەب و حیزبی مالیكی بووایە، ئایا گوێمان لە دەنگی مالیكی و دەستگا راگەیاندنە پۆخڵەكەی دەبوو؟
وەڵاممان ناوێت، چونكه بە ئاسانی دەزانین عێراقی ئەمڕۆ عێراقی میلیشیا و شەقاوەكانی مردن و كوشتن و تاوانە و كە تێكڕا یان زۆربەیشیان لە ناو نووسینگەی سەرۆكوەزیران و نووسینگەكانی نزیك خۆیەوە بەڕێوە دەبرێن.
لەمەشیاندا وەڵاممان ناوێت، چونكه ڕاستیی كوشتنی شەمەری تاڵە، رەنگە عێراق بە ئەم دۆخە نالەبارەیەوە بەرگەی نەگرێت، چونكه هەندێ كەس ڕوونكردنەوەی نامۆیان دا لە نێوان شەمەری و فەوجی پاسەوانی سەرۆككۆمار.
ڕەحمەتی خوا لە شەمەری و گشت قوربانیانی عێراق، لەنێو دەماری لەشی هەمووانیشدا خوێنی سوور هەیە؛ ئەو سیاسەتە كارەساتبارەی كە مالیكییش پێڕۆی دەكات، كە جیاوازی لە نێوان عێراقییەك و ئەوی دی دەكات، وەبەرهێنانە بە خوێنی عێراقییەكان بۆ هەلبژاردنی داهاتوو.
*ئەم وتارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ڕۆژنامەی "ئەلعەرەب" كە ڕۆژانەیەكی سیاسیی سەربەخۆیە بڵاو بووەتەوە




