٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

فازڵ میرانی: چه‌كی هێزی ئاسمانی عێراق به‌رده‌وام له‌ دژی كورد و عێراقییه‌كان به‌كار هێنراوه‌

سەرچاوە: Hewler

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی:دانا وەهبی

 

سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی لە بەرنامەی سحوور سیاسی كە لە كەناڵی ئاسمانیی ئەلبەغدادیەـەوە پێشكەش دەكرێت، وەڵامی چەند پرسیارێكی پێوەست بە هەرێمی كوردستان، دەوڵەتی كوردی، پڕچەككردنی سوپای عێراق، كێشەكانی هەرێم و بەغدا، پرسی گرێبەستە نەوتییەكان، لادانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و چەند مەسەلەیەكی دیكەی دایەوە. ئەمەیش بەشێك لە پرسیار و وەڵامەكانی چاوپێكەوتنەكەیە.

* پڕۆسەی سیاسی بەرەو كوێ دەچێت؟
_ پێویستە وەك عێراقییەك بێهیوا نەبین. ڕاكردن لە كێشەكان چارە نییە و بشڵێین قەیران نییە هەر چارە نییە. بەشێكی ئەزمەكان پاشماوەی ڕژێمی پێشوون. دەبێ ڕاستگۆ بین كە دە ساڵە نەمانتوانیوە بناغەی دەوڵەتێكی باش دابنێین و لە دەستی دەرەكی بیپارێزین. بڕیارێكی عێراقییانەی سەربەخۆ تا ئێستا غائیبە و لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیشدا بە هەمان شێوە بوو.

* هەڵوێستی پارتی بۆ نووسراوی چاكسازیی شیعەكان چییە؟
_ پێش باسكردن لەوە، خوێندنەوەیەكی هەڵە هەیە كە مەسەلەكە تەنیا پێوەندی بە كورد و بەغداوە هەیە، یان پێوەندی بە پارتی و بەغداوە هەیە، یاخود بە سەرۆكی هەرێم و نووری مالیكیـیەوە هەیە. ئەمە خوێندنەوەیەكی هەڵەیە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا دەڕوات. خوێندنەوەم بۆ كارنامەی چاكسازی ئەوەیە كە تەنیا داڕشتنێكەوە و نەچووەتە ناو وردەكارییەكانەوە. نازانێت چی و چۆن كێشەكان چارە دەكات. دەبوو چاكسازیی لە دەستوور و نەهێشتنی تاكڕۆیی و سوپادا بكردایە. هەروەها مەسەلەی خزمەتگوزاری و ئاساییش دەبێ دابین بكرێت.

* هاوپەیمانیی كوردستانی یەكێتی و پارتی بۆچوونتان لە كارنامەی چاكسازیدا وەك یەكە؟
_ لە كۆتاییدا دەبێ بۆچوونمان یەك بێت. ئێمە و یەكێتی ڕێككەوتنی ستراتیژیمان هەیە، بۆیە لە بانگهێشت و كارنامەی چاكسازیدا بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام لە هێڵە ستراتیژییەكاندا وەك یەكین. تا ئێستا جیاوازی لە نێوانماندا نییە، وەلێ بۆچوونی جیاواز لە شێوازی بانگهێشت و لێسەندنەوەی متمانەدا هەیە. هەموو حزبێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

* بۆچوونی هەرێم لە بارەی سوپای عێراقەوە چییە؟
_ ئەگەر ئەو سوپایە زیانمان پێ نەگەیەنێت، سوپای ئێمەیشە. بەڵام ئەگەر جیاوازی نەبێت لەگەڵ بۆچوونە شۆڤێنییەكانی پێشتردا و كورد ڕەت بكاتەوە، ئەوە ئێمە ڕەتی دەكەینەوە. لە ئێستادا سوپا دوورە لە هاوپەیمانەتی و هاوسەنگییەوە. پێویستە سوپا لە چوارچێوەی تەوافوقی هەموو لایەكدا پێك بهێنرێت و بۆ سەر هیچ لایەك هەڕەشە نەبێت.

* باسی پڕچەككردن و مەترسییەكانیمان كرد. كەواتە بۆچی بووەتە جێگەی مشتومڕی لایەنەكان و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان؟
_ ئێمە ڕەخنەمان لە كڕینی فڕۆكەی ئێف 16 گرت، چونكە ئێمە سوپایەكمان دەوێت كە لەسەر بنەمای پڕۆژەیەكی نیشتمانی و بە هاوسەنگی و بە تەوافوقی پێشتر پێك بهێنرێت، چونكە عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە. نابێ سوپا تەنیا هیی نەتەوەیەك و حزبێك و ئایینێك و تایفە و تەنیا كەسێك بێت؛ ئەمە ئەوەیە كە ئێمە لە بارەی سوپاوە مكوڕین لەسەری. ئەمڕۆ ئەوەی خەڵكی سووریا پێوەی دەناڵێنێت بە دەست ئەم شێوازی سوپایەوەیە كە عێراقیش دەیەوێت دروستی بكات و نموونەیەكی زیندووە، هەر بۆیە ئێمەیش ناكۆكین لەگەڵ پێكهێنانی ئەم جۆرە سوپایەدا. ئەگەر ئەركی ئەم سوپایە پاراستنی سنوورەكانی عێراق و بەرژەوەندیی هەمووان بوو، لەسەر بنەمای نیشتمانی و بە تەوافوق بوو، ئەوا هاریكاری دەكەین بۆ دامەزراندنی ئەگەر بێت و ئەركەكەی پاراستنی عێراق بێت.

* بەڕێز مەسعوود بارزانی گووتبووی سوپای عێراق لە سنووری هەرێمدا بڵاو بووەتەوە و مەترسیدارن. ئەمە ڕاستە؟
_ ئەوە واقیعە و سوپای عێراق لە كەركووك و دیالە و شوێنی دیكەیش بڵاو بووەتەوە.

* كەواتە هەمان ترس و بەرنامەی نیزامی پێشوو هەر ماوە و هیچ نەگۆڕاوە؟
_ سەرۆك بارزانی مەبەستی ئەوە بووە كە ئەوەی دەمانترسێنێت، ئەو عەقڵییەتەیە كە لەگەڵ عەقڵییەتی پێشتری عێراقدا یەك دەگرێتەوە نەك هەر بە تەنیا سوپا. ئێمە لە ماڵی خۆمانەوە داوای گۆڕینی ئەم عەقڵییەتە و داوای مامەڵەكردنی سەركردەكانی عێراق دەكەین بە جۆرێكی دیكە لەگەڵ ڕۆڵەكانی عێراقدا مامەڵە بكەن.

* نووری مالیكی گوتبووی كە پڕچەككردنی سوپا سیاسەتێكی ئیتیحادییە و كەس بۆی نییە ڕەخنەی لێ بگرێت، چونكە دەستوورییشە؟
_ ئەگەر هەر فیرقەیەكی سوپای عێراق وەكوو یەك پڕچەك بكرێن، ئەوە ڕەخنەمان نابێت، بەڵام فیرقەكانی كورد لە سوپای عێراقدا بە چەكی سووك پڕچەك كراون و ئەوانی دیكە چەكی قورس. ئەمەیە كە ئێمە ناكۆكین لەگەڵیدا و جیاوازی لە نێوان فیرقەكانی كورد و ئەوەی سوپای عێراقدا جێگەی ناكۆكییە.

* واتە بۆچوونی مالیكی و هەڵوێستەكانی ڕوون نییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ هاوپەیمانە كۆنەكانی و ئۆپۆیسیۆنی كۆن و بەشدارانی حكوومەت و هاوپەیمانیی كوردستانیش؟
_ هەڵوێست و ڕەفتاری سەرۆكوەزیران ڕوون نییە لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا و هەروەها ئەمە وای كردووە بۆچوونەكانیش ڕوون نەبن. ئێمە تا ئێستایش لە چوارچێوەی كار و كاردانەوەداین. ئەگەر كار بگۆڕێت، ئەوە كاردانەوەیش دەگۆڕێت.
* كەواتە ڕەخنەی ئێوە لە پڕچەككردن چییە؟
_ ئێمە لە مەرجەكانی بەكارهێنانی ئەو چەكانە ڕەخنەمان هەیە. عێراق ئێستا بووەتە بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی چەكی چەند وڵاتێك كە گوێ بە مەرجەكانی بەكارهێنانی نادەن.

* بۆچی پێداگری لە نەكڕینی فڕۆكەی ئێف 16 دەكەن؟
_ هێزی ئاسمانیی عێراقی پێشتر لە كوێی دیكە بەكار هاتووە بێجگە لە هەرێم؟
* لە باشوور و هۆڕەكان و چەند شوێنێكی دیكە.

_ ئەوە وەڵامەكەتە، كەواتە چەكی هێزی ئاسمانیی عێراق تەنیا لە دژی عێراقییەكان بەكار هاتووە بێجگە لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق _ ئێران. ئەوەی گرفتی ئێمەیه‌ كە لە حەفتا و پێنج ساڵی ڕابردوودا هێز لە دژی عێراقییەكان بەكار هاتووە. ئێمە دژی پڕچەككردنێكین كە مەرجی لەگەڵدا نەبێت. دژی پڕچەككردنی ئەو عەقڵییەتانەین كە سوپا و هێز لە دژی ڕۆڵەكانی وڵاتەكەیان بەكار دەهێنن.
* كێشە هەڵواسراوەكانی ماددەی 140 و پڕچەككردن و گرێبەستە نەوتییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چۆن چارە دەكرێن؟
_ بە بوونی نییەت و گفتوگۆكردن و پابەندبوون بە دەستوورەوە. هەورەها پێداچوونەوە بە مەحكەمەی ئیتیحادی.

* ئێوە بە ئاواتەوەن دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەنن؟
_ دەوڵەت وەكوو ئامانج و وەكوو گونجانی بارودۆخ شتێكی دیكەیە. هیچ كوردێك نییە خەون بە دەوڵەتی كوردییەوە نەبینێت. بۆچی عەرەب 23 دەوڵەتی هەیە؟ سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم بەرپرسە لە هەڵسەنگاندنی قۆناغەكە و هۆكارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان كە بە بێ ئەوە دەوڵەتی كوردی ناتوانێت خۆی ڕابگەیەنێت.

* بارودۆخی هەرێم چۆن دەبینیت؟
_ بە بۆچونی من بە بەراورد بە ڕابردوو بارودۆخمان باشە، بەڵام بە بەراورد بە داخوازیی خەڵك و سەركردایەتیی كورد، پێویستمان بە هەوڵی زیاتر و چاكسازیی سیاسی و ئیداری و حكوومی هەیە. تا ئێستایش سەر بە عێراقین و هەر بارودۆخێك لە عێراق كاریگرەی لەسەر ئێمەیش دەبێت.

* هەڵوێستتان لە بارەی پارتیی كرێكارانی كوردستان پەكەكەـوە چۆنە؟
_ ئەوان شۆڕشێكیان لە وڵاتێكدا هەڵگیرساندووە كە جیاوازە لە عێراق. لەگەڵ ئەواندا براین، بەڵام شەریك نین. لەگەڵ هەموو كورددا براین، بەڵام هەریەكە و لەگەڵ حكوومەتەكانیاندا شەریكن. دەست لە كاروباری ئەوانی دیكە وەرنادەین، بەڵام داوا لەوانیش دەكەین دەست لە كاروباری ئێمە وەرنەدەن.

* بۆچوونتان لە بارەی كوردەكانی سووریاوە چۆنە؟
_ ئەوان بەشێكن لە گەلی سووریای ڕاپەڕیو. ئێمە لەگەڵ گەلەكەمانداین لە هەر كوێیەك بن، بەڵام هاوشانی گەلەكەمان شەڕ ناكەین لەگەڵ حاكمەكانیاندا.
* ئێستا پێشمەرگەتان لە سووریا هەیە؟
_ نەخێر. سووریا پێویستی بە پێشمەرگە نییە و هەموو گەلی سووریا بە كورد و عەرەب و ئەوانی دیكە ئێستا چەكدارن و لە سوپا جیا بوونەتەوە. حەقی ئێمە نییە پێشمەرگە بنێرین بۆ وڵاتێكی دیكە بە تایبەتیش سووریا كە دراوسێمانە.
* به‌ڕێزمەسعوود بارزانی گوتبووی كە مەشق بە كوردەكانی سووریا دەكەین بۆ پاراستنی ناوچەكانیان؟
_ دەبێ لێدوانەكە بە وردی لێك بدرێتەوە. مەشق بە كوردی سووریا دەكەین ئەگەر بۆشایی ئەمنیی دروست بوو دوای كشانەوەی حكوومەتی سووریا لەو ناوچەیە، ئەمەیش بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار