كوردستان لە تاقیگەی مێژوودا

زكــرى مـووسـا
ئەو دەنگانەی لەنێوخۆی كوردستاندا دەبیسرێن و كار بۆ لاوازكردنی ورەی خەڵك دەكەن و تەڕەفگیری زیدڕۆییەكانی مالیكین، مایەی شەرمەزارین و مێژوو فەرامۆشی ناكات. لەم قەیرانەدا هەرێمی كوردستان لەسەر حەقە، بۆیە پێویستە گشت لایەنە سیاسییەكان و ڕۆشنبیران و كۆمەڵانی خەڵك لەو چركەساتە مێژووییەدا لە یەكڕیزدابن و گەفوگوڕی بەغدا و نائومێدیی ژمارەیەك نووسەر و سیاسیی نێوخۆ كار نەكاتە سەر ئیرادەیان. ئەوەمان لەیاد بێت كە:
1-ئێمە و عێراق دوو نەتەوەی جیاواز، دوو جیۆگرافیا، و دوو كولتوور و دوو مێژوو و، دوو ئیرادەی جیاوازین. سەد ساڵە داگیركاران هەموو شێوازێكیان بۆ تواندنەوەمان بە كار هێناوە، بەڵام نەیانتوانیوە. حكوومەتی بەغدا كار لەسەر ئەوە دەكات عێراق بە یەك نەتەوە و پێكهاتە بزانێت.
2- دۆزەكەمان ڕەوایە و دەبێ پێداگیر بین و ئیرادەمان تەسلیمی نەیار نەكەین.دەبێ هێڵی سوور بەسەر ئەو خوێندنەوە هەڵەیەی نەیاراندا بكێشین كە ئینسانی كورد شكۆی خۆی لەبەرانبەر ماددەدا دەبەخشێت. پێویستە ئەوهمان بۆ هەزم بكرێت كە كەمینە و دەستوپێبەستراو نین و نەتەوەین. ئەوەیان ئەو کۆسپه سەختەیە كە هێشتا ژمارەیەك سیاسی و ڕۆشنبیری كوردی نەیانتوانیوە بازی بەسەردا بدەن.
3-بڕوامان بەخۆ هەبێ و لەوە دڵنیا بین كە لەم چەند ساڵەدا هەنگاوی زۆر مەزنمان هاوێشتووە. حكوومەتی عێراقی زۆر باش دەزانێ كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە چەند هەنگاوێك لەپێشەوەی ئەوانە، بۆیە دەیەوێت شكۆی بشكێنێت و بیگەڕێنێتەوە نێو پڕۆژە فاشیلەكەی عێراق.
4- هۆكارێكی گەورەی بەهێزیی هەرێم سەركەوتوویی سیاسەتی نەوتی بووە. دەبێ لەوە دڵنیا بین ئەگەر تۆسقاڵێك سیاسەتی نەوتیی هەرێم زیانی بۆ كوردستان هەبا، ئەوە بەمشێوەیە لە لایەن بەغداوە دژایەتی نەدەكرا.
5- بە پێچەوانەی سەدەی بیستەم ئێستا داگیركار و نەیارانی كوردستان لە هەڵوێستێكی لاوازدان و ئەوە پێگەی كوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو هەڵكشانە.
6-ئەگەر بە هۆی قەیرانی سیاسییەوە كێشەی ئابووری بەرۆكمان بگرێ، دەبێ لەوە دڵنیا بین كە كاتییە و كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە و ڕووی لە پێشكەوتن و بووژانەوەیە و بۆ دواوە ناگەڕێتەوە.
7-لەبەرانبەر ئەو دڕندەییەی لە دژی كورد كراوە، دەوڵەت و كیانی سەربەخۆ كەمترین وەڵامە بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و نەهامەتییەكانی گەلەكەمان.
لەم ڕێگەیەدا نابێ ئهژنۆمان بلەرزێت و گوێ بۆ نەغمەی نائومێدی و خۆبەكەمزانین شل بكەین. ئێمە لەسەر حەقین و، نەك تەنیا دەوڵەتی عێراق بەڵكو هەموو جیهان قەرزاری كوردستانە.
*له ڕۆژنامهی ههولێر وهرگیراوه




