٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

"مەسەلە شكاندنی شكۆ و هەیبەتی كورد و كوردستانە"... رێبوار حەمەلاو شوانی

سەرچاوە: KDP.info

سەرۆك بارزانی: "ئەم مەسەلەیە نە مەسەلەی نەوتە نە بودجەیە، بەڵكو زۆر لەوە گەورەترە، مەسەلە شكاندنی شكۆ و هەیبەتی كورد و كوردستانە. "

ئەو وتارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا ئاراستەی حكومەتی بەغدا كرا كە دەسەڵاتدارانی بەغدا وەك بڵێی لە بیریان چوو بێتەوە كە میللەتی كورد بە درێژایی دەیان ساڵە لە پێناو بە دەستهێنانی خاك و مافەكانی و شكۆ و سرفرازی تێكۆشاوە و قوربانی داوە و وەك ئەوەی بڵێی كە ئەوان بیانهەوێت گشت خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە " مووچە" دا بچووك بكەنەوە، وا بزانن كە كێشەی كورد و بەغدا لە سەر مووچەیە، جارێ دەبێت باش بزانن تا ئەو كاتەی كە كورد بریاری چارە نووسی خۆی دەدات پێوستە حكوومەتی بەغدا بە تایبەت مالیكی و شارستانییەكان هاوشێوەی هاووڵاتیانی دیكەی عێراق مووچەی هاووڵاتیانی كوردستانیش خەرج بكەن،ئەوان هیچ خێر بە خەڵكی كوردستان ناكەن .

هەرێمی كوردستان لە بەر ئەوەی لە منەت و كێشەی حكوومەتی ناوەند دەربچێت بیری لەوە كردەوە تا هەرێمی كوردستان خۆی لە رێگەی فروشتنی نەوت بە پێی ئەو دەستوورەی كە 80 لە سەدای خەڵكی عێراق دەنگیان لە سەر داوە بەشە بوودجەی خۆی بە دەست بهێنێت،ئەوەش مافێكی رەوای گەلی كوردستانە .

لەلایەكی دیكەوە ئەو پێشكەوتنانەی كە هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە رووی ئابووری و سیاسییەوە بە دەستیهێناوە بەرپرسانی حكومەتی ناوەندی تووشی شۆك كردۆتەوە،چونكە ئەوان سەرەرای ئەو بودجە زەبەلاحەی كە لە بەردەستیانە نەیانتوانیووە وڵاتەكەیان بەرەو پێشەوە ببەن .

دەسەڵاتدانی بەغدا لە بیریان چۆوە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 سەركردایەتی سیاسی كوردستان، شەخسی سەرۆك بارزانی رۆڵێكی ئەكتیڤ و كاریگەریان لە بونیاتنانەوەەی عێراقی نوێی گێرا و تا ئێستاش ئەوەی لە توانییان دا بوو خستیان گەرٍ تا بە بەشداری گشت لایەنە سیاسییەكان دەسەڵاتێكی دوور لە دیكتاتۆری و تاكرٍەویی لە عێراق فەرمانرەوایی بكات، بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە جیاتی چارەسەركردنی قەیرانە كان هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زیاتر دەسەڵات و پەراوێز خستی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی ناو پرۆسەی سیاسی عێراقیان دا .

بارودۆخی ئێراق رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو ئاقارێكی نادیار دەڕوات، بە تایبەتی لە رووی ئەمنی، ئیداری و یاساییەوە. گرژی و ئاڵۆزكردنی بارودۆخی هەنووكەیی ئێراق یەكێكە لە ئارمانجە هەرە سەرەكییەكانی دەوڵەتانی هەرێمی بە تایبەتی ئەوانەی كە لە دژی بنەما سەرەكییەكانی دەسەڵاتی یاسا و دیموكراسییەتن و هەوڵ دەدەن دەسەڵاتێكی تاكەكەسی وەكو دەسەڵاتێكی هەمەلایەنە بە سەر ئیرادەی كۆمەڵگەدا بسەپێنن. مالیكی هەموو هەوڵەكانی خستۆتە گەرٍ تا عێراق بەرەو دیكتاتۆری بگەرێنێتەوە و بە تەنیا بیر لە جێبەجێی كردنی پیلان و مەرٍامەكانی دەكاتەوە و پەرلەمان و لایەنەكانی تر لای گرنگ نین ئەوەی لای ئەو گرنگە بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتێكی تاكرٍەوییە كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا مەترسییە بە بۆ سەر ئایندەی عێراق.

گەلی كوردستان ماوەی سەددەیەكە لە پێناو رزگاربوون لە زۆڵم و زۆری داگیركەرانەی كە خاك و مافەكانی دەیان قوربانی بەخشیووە، گشت رژێمە یەك لە دوای یەكەكانیش بە هەر كامیان بە شێوازێكی جینۆسایدی گەلی كوردیان كردووە و كیمیاییان لە دژی بەكارهێناوە و ئەنفالیان كردووە و هەزاران گوندیان وێرانكردووە و لە ئێستاشدا و دەسەڵاتی بەغدا و مالیكی بە نیازن ئیرادە و خەبات و گەورەیی كوردستان لە رێگەی جینۆسایدی ئابووری لە دژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنن بە خەیاڵی خاویان بەڵكو لەو رێگە قێزەوەنەوە بتوانن میللەتی كورد لە گەیشتن بە ئامانجەكانیان سارد بكەنەوە .

 

ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان رابردوو هەموو سەروت و دارایی وڵاتیان لە پێناو كرٍینی چەك و تەقەمەنی و بەكارهێنانی بۆ سەركوتكردنی شۆڕشەكانی كورد بە درێژایی مێژوو، لە پەلامارەكانیشی بۆ وڵاتانی دراوسێ هەر درێغی نەكردووە، بەڵام هیچ ئەنجامی لێنەكەوتەوە، مالیكی و ئەوانەی ئێستا لە بەغدا دژایەتی گەلی كوردستان دەكەن، پێوستە باش بزانن كە خەڵكی كوردستان لە پێناو گەیشتن بە مافەكانی پاشگەز نابێتەوە و دانانی ئابلۆقەی ئابووری و برٍینی بەشە بوودجەی مووچەی خەڵكی كورستان زیاتر ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزتر دەكات بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی چونكە خەباتی گەلی كوردستان لە پێناو مووچە نەبووە كە ئێوە بە خەیالی خۆتان كێشە رەواكانی گەلی كوردستان بچووك بكەنەوە بەڵكو لە پێناو سەروەری و سەرفرزای كورد وكوردستان بووە و لە پێناو گەرٍاندنەوەی بست بە بستی خاكی كوردستان بووە .

سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە و داكۆكیكارێكی راستەقینەی مافەكانی گەلی كوردستان گشت هەوڵەكانی چ لە سەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی خستۆتە گەر تا گەلی كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە كورد خاوەن خاك و ناسنامەو سەرفرازی خۆی بێت .بۆیە لە سەر گشت پارت ولایەنەسیاسییەكانی كوردستان پێوستە لە پێناو بە گشتن بە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان بە ئیرادەیەكی پۆلایین رووبەرووی هەرەشە ومەترسی دوژمنان ببنەوە، و پشتیوانی لە هەڵوێستەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكە ن، بەدڵنیانییەوە گەلی كوردستان وەك هەموو جاران سەركەوتوو و سەرفراز دەبێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار