٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

راپەڕینە شكۆدارەكەی 1991، ڕەتكردنەوەی زوڵم و زۆرداریی دوژمنانی كوردستان... رێبوار حەمەلاو شوانی

سەرچاوە: KDP.info

دوای دەیان ساڵ خەبات و بەرخۆدانی گەلی كوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە زەوتكراوەكان و رزگاركردنی خاكەكەی لەژێر چەنگی داگیركەران و هەروەها رەتكردنەوەی زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوەی میللەتی كورد، ئەنفاڵ و كیمیاباران و هەوڵی گۆرینی ناسنامە و جوگرافیای كوردستان و بەكارهێنانی سەروەت و سامانی كوردستان لە دژی خۆی، خەڵكی سەرفرازی كوردستان لە 5ی ئاداری 1991 و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ یەكەمین رۆژی راپەرین و یەكەمین كڵپەی راپەرین لە شاری رانییەوە دەستی پێ كرد.

 لەو رۆژەدا خەڵك و جەماوەر بە پشتیوانیی پێشمەرگەی كوردستان شاری رانیە و دەوروبەریان رزگار كرد و تەواوی داموودەزگا داپڵۆسێنەر و مۆڵگا سەربازگەكانی رژیمی بەعسی فاشییان تێك و پێك دا و لەوێوە هەڵمەتی جەماوەر و پێشمەرگە شار و شارۆچكە و ناوچەكانی تری كوردستانی گرتووە، راپەڕینی پیرۆزی ئاداری 91 بە یەكێك لە بوێرە دیرۆكی و كاریگەرەكانی مێژوی كورد لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا دادەنرێت.

راپەرینی ساڵی 1991 متمانە و تامی سەركەوتنی بۆ ناخی مرۆڤی كورد گەڕاندەوە، پاش ئەوەی لە ئەنجامی جینۆسایدكردنی كورد لە هێرشی ئەنفالەكان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و زۆر جێگای تری كوردستان لە كۆتایی دەیەی هەشتاكاندا بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان كەوتبووە قۆناغێكی نوچدانەوە، بەڵام راپەڕین وزە و گیانی بەخشییەوە بە خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان، ئەمە جگە لەوەی دۆزی رەوای گەلەكەمانی بردەوە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، راپەرینی جەماوەر و پێشمەرگە بۆ جیهانی سەلماندەوە كە گەلی كوردستان دەست لە ئامانج و ماف و دۆزی رەوای هەڵناگرێت.

 هەر دەمێك باسی راپەڕین دەكەین سەرەتا دەبێت باسی ئەو ئامادەكاریانە بكەین كە لە پێش راپەرینی گەلی كوردستان لە باشووری كوردستان دا لە ئەنجامی ئەو زوڵم و ستەمكارییە گەورەیەی كە رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی ئێراق لە بەرامبەر رۆڵەكانی گەلەكەمان ئەنجامیان دابوو بەرپابوو، چونكە رەوشی گەلی كوردستان بە شێوەیەك تێكچوبوو نەك هەر بە تەنها لە ڕووی سیاسییەوە بەڵكو لە ڕووی كۆمەڵایەتی – ئابووری – فەرهەنگی – سایكولوژی ..هتد.

راپەرینی رۆڵەكانی گەلی كوردستان لە باشووری كوردستان هاوكات بوو لەگەڵ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان لە شاخ، چونكە بەرەی كوردستانی لە ساڵی 1986 پێكهێنرا و گشت پارتە سیاسییەكانی ئەوكات چوونە ناو بەرەیەك، ئەم بەرەیەش هەروا لە خۆڕا درووست نەبوو بوو، بەڵكو بە هەوڵ و ماندووبوونێكی یەكجار لە رادەبەدەری سەركردەی هەمیشە زیندوو كاكە ئیدریس بارزانی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی بە ئەنجام گەیشت، بەمەش پارتە سیاسییەكان توانیان بەم یەك هەڵوێستی و تەباییەوە كاریگەرییەكی پۆزەتیڤ بكەنە سەر رۆڵەكانی گەلەكەمان لە باشووری كوردستان و دەنگدانەوەیەكی باشی لێ بكەوێتەوە.

 راپەرینی گەلی كوردستان ئەوەی سەلماند كە یەكڕیزی و تەبایی رۆڵەكانی میللەتێك هەمیشە دەتوانێت دەستكەوتی گەورە بینێتە ئاراوە و بەڵگەش بۆ ئەم راستییە ئەوەیە كە لە ئاكامی سەركەوتنی راپەرینی گەلی راپەرینی خەڵكی كوردستان سەلماندی كە تامەزروی ئازادی و دیموكراسییە ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت دەتوانێت لە سایەی ئازادیدا مومارەسەی دەسەڵاتی سیاسی بكات، وەك هەر میللەتێكی تری خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ.

خەڵكی كوردستان لە راپەرینە مێژووییەكەی ساڵی 1991 هاوشانی برا پێشمەرگە قارەمانەكان، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە سەرۆك بارزانی هاوشانی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی كوردستان بەشداری شەڕی كۆڕێی كرد و سەرپەرشتی میحوەری شەڕەكەی كرد لە دژی دڕندانەترین سوپای رژێمی بەعسی فاشی كە لە ئەنجامدا سەركەوتنێكی گەورەی بۆ گشت گەلی كوردستانی لێكەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە رژێم ناچار بكرێت داوای گفتوگۆ لەگەڵ بەرەی كوردستانی بكات.

دەمەوێت بڵێم كە دوژمنان و ناحەزانی گەلی كوردستان چ لە رابردوو وچ لە ئێستادا هەوڵی ئەوەیان داوە كە میللەتی كورد لە ئامانجەكانیان دوور بكەنەوە بە هەر شێوازێك بێت بۆیە لە ئێستادا كە كوردستان لە رووی ئابووری و سیاسی و بوارەكانی تردا پێشكەوتنی بەرچاویی بە دەسهێناوە ئەوە وایكردووە كە چاویان پێی هەڵنەیەت و بەردەوام بە بەهانەی سەیروسەمەرە ببنە كۆسپ لە بەردەم ئەزموونی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە خۆراگری و بروای تەواویی خەڵكی كوردستان بە سەر مەرام و پیلانەكانی كوردستان زاڵ دەبین و دەگەینە بە لووتكەی سەركەوتن.

هەواڵی پەیوەندیدار