٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

(کۆچى سەرکردەیەک ... شۆڕشى مەزنێک ... درێژەدان بە خەباتێک) .... عرفان عەزیز عەزیز

سەرچاوە: KDP.info
لە یادى کۆچى دوایى بارزانیى نەمردا چەند پەیڤێک لەبارەى شۆڕشەوە بیرى هەموو ئەو کەسانە دەهێنینەوە کە دەیانەوێت پاکتاوى گەلى کورد بکەن، چونکە جیا لەوەى شۆڕشى ئەیلوول هەنگاوێکى مەزن و وەرچەرخانێکى مێژوویى، لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین وێستگەیەکى گرنگ بوو بۆ هۆشیارکردنەوەى گەلى کورد لە دەست زوڵم و ستەم، چونکە کاتێک دەست بە شۆڕشى ئەیلوول کرا تەواوى دەوڵەتە زلهێزەکان و دراوسێکان ڕێککەوتبوون لەسەر پاکتاوکردن و لەناوبردنى گەلى کورد و دابەشکردنى خاکەکەى، بەڵام ئەو کاتەى کڵپەى شۆڕش هەڵدەگیرسێت و دژى چەوسانەوەى گەلێک بەرهەڵستى دوژمن دەکرێت لەلایەک دەبێت ئامانج و ستراتیژیەتى شەڕ دابڕێژرێت لەلایەکى دیکە دەبێت سەرکردەیەک هەبێت بۆ بەئامانجگەیاندنى ستراتیژەکە؛ بە خۆشحاڵییەوە ئەوەى لە ڕابردووى شۆڕشى ئەیلوولى مەزنى کۆڵیبێتەوە، باش دەزانێت بە حیکمەت و لێهاتووىی مستەفا بارزانى توانرا سەرجەم ئەو قۆناغانە تێپەڕێنرێت کە وەکو بۆمبێک دانرابوو بۆ لەناوبردنى گەلى کورد.
 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەگەر شۆڕشى گەلان لەناو چەند شارێک یان وڵاتێک بێت ئەوا بە جیاوازتر لەوانە شۆڕشى ئەیلوول بە ڕابەرایەتیى مستەفا بارزانى هاوکار و هاوسەنگەر بووە بۆ درێژەدان بەو خەباتەى کە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە لەسەر دەستى قازى محەممەد ئاوا کرا. واتە سنوورى دەستکردى وڵاتان دەبڕێت و دەبێتە پردى گەیاندنى گیانى ڕزگاربوون لە دەست ستەم. لە کاتێکدا بەردەوامىدان بەو شۆڕشە بەرەو ئامانجێک بووە کە لە سەرەتاوە گەلى کورد ئاواتى بووە، دواتر بەجێهێشتنى وڵاتێک و بەردەوامىدان لە شوێنێکى دیکە تەواو ئاستەمە، بەڵام تێگەیشتنمان لەو ڕاستییەى کە شۆڕشى ئەیلوول هەڵقوڵاوى ئازارى گەلێکە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئاستەمەکان شتێکى دەستکرد بوون لەبەردەم شۆڕش. لەهەمان کاتدا یەکێک لەو شتانەى کە شانازییە بۆ سەروەرىی گەلەکەمان و سەرکردەى شۆڕشى کورد مستەفا بارزانى ئەوەیە کە دژایەتىکردنى لەلایەن وڵاتانى جیهانەوە نابێتە هۆکارێک بۆ چۆک دادان و تەسلیمبوون تا دواجار ڕێگاى ئاوى ئاراس دەبڕێت و دەچێتە وڵاتێکى غەریب و گەورەى جیهان ئەویش یەکێتیى سۆڤیێتە. ئەگەر بە بیرکردنەوەیەکى فراوانەوە بیر لەو شۆڕشە بکرێتەوە، ئەوە بڕینى 3 دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەى ڕژێمە یەک بە دواى یەکەکانى عێراق هەر بە گێڕانەوەیەکى مێژوویى خۆشە.
بۆیە لێرەوە لە یادى کۆچى دوایى بارزانیى نەمر هەزاران سڵاو لە گیانى پاکى ئەو سەرکردە شۆڕشگێڕە لە کاتێکدا دەبێت ئێمەى نەوەى ئێستا بەردەوام بین لەسەر ڕێنمایى و ڕێنوێنیەکانى بارزانى لەبارەى خۆشەویستیمان بۆ نیشتیمان و خاکى پیرۆزى کوردستان، بە جۆرێک هیچ کاتێک بیرمان نەچێت ئەوەى لە ڕابردوودا کرا بە کەمى نەزانین و ڕێزى لێبگرین، بۆئەوەى نەوە لە دواى نەوە شانازى پێوە بکەین.
مێژووى شۆرشى گەلان شتێکمان پێدەڵێت بەوەى مەرج نییە هەموو شۆڕشێک سەرکەوتوو بێت یان مەرج نییە هەموو شۆڕشێک ئامانجى خۆى بێنێتەدى لە کاتێکدا ئەگەر سەرکردەیەک سەرکردایەتى نەکات و ستراتیژیەتێکى تۆکمەى نەبێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە کە ئەوەى پێشبینى دەکرا بۆ شۆڕشى ئەیلوول هاتە دى، کە دواجار توانى ببێتە خاوەنى درێژترین ماوەى شۆڕش و دەستکەوتەکانیشى ئەوەى ئێستا دەیبینین کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان هیى خەڵکى کوردستانە و لە مێژووى خۆیدا کورد دەبێتە خاوەن پەرلەمانى خۆى لە ساڵى 1992 کە سەرجەمیان مایەى شانازین بۆ گەلى کورد، لە کاتێکدا هێشتا قۆناغى دیکەى گرنگمان لەبەردەمدا ماوە کە پەیوەندى بە ئایندەى هەرێمى کوردستانەوە هەیە، وەکو پرسى فیدرالى و دواتر دروستبوونى دەوڵەتى کوردى کە ئاواتى هەموو گەلى کوردستانە و دەبێت ئامانجى هەموومان بەرەو ئەو ئاراستە بێت کە چۆن کاتى خۆى بەبێ جیاوازیى سەرجەم خەڵکى کوردستان بەشدارى کرد لە شۆرشى ئەیلوول، ئاواش بەبێ جیاوازى ڕەنگەکان و ئایدیا جیاوازەکان بەشدار بین بۆ بنیادنانى دەوڵەتێک کە ئاواتى هەموومانە.

هەواڵی پەیوەندیدار