٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بارزانى هێمای بەرخودانى نەتەوەیەک... عایشان عەلى

سەرچاوە: KDP.info
یەکێک لەو شتانەى کە هندستان شانازى پێوە دەکات، بەرخودانى سەرکردەیەکى ڕۆحییانە بە ناوى "غاندنى". شۆرشى غاندنى ڕاستە بە شۆڕشى "torelans" ناسراوە یان بە لێبوردەیى ڕێگاى گرتووەتە بەر، بەڵام سەرئەنجام لە دژى زوڵم و ستەمێک بووە کە دواتر ڕووبەڕووى بووەتەوە، بۆیە نەوە دواى نەوە شانازى بەوەوە دەکەن مێژووى ی کەسایەتییەکى وەک غاندنى خوڵقاندووە. ئەى ئەگەر سەرکردەیەک هەم شۆڕشگێڕ و هەم لێبوردە بێت، دەبێت چ ناوێکى لێبنرێت؟ چ پێناسەیەکى بە باڵادا بدرێت؟
 بێ گومان مستەفا بارزانى سەرکردەى شۆڕشى ئەیلوولى مەزن، بەپێى بەڵگە مێژووییەکان یەکێکە لەو سەرکردانەى کە لەپێناوى بە دەستهێنانى مافەکانى گەلى کورد خەباتى کردووە، هەموو تەمەنى ژیانى خۆى لەپێناوى ڕزگارکردنى گەلى کوردستان تەواو کردووە، بۆیە بۆ ئێمەى کورد شانازییە کە سەرکردەیەکمان هەبێت هەم لێبوردە بێت و هەم شۆڕشگێڕ.
 "کریس کۆچێرا" نووسەر و فۆتۆگرافەرى جیهانى لەبارەى بارزانییەوە دەڵێت: "یەکەم جارە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست شۆڕشێک وەک شۆڕشى ئەیلوول درێژە بە خەباتى خۆى بدات بە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکانى ناوچەکە." واتە قسەکانى کۆچێرا ئەوە دەردەخات کە ئەوەى بارزانى کردی بۆ ڕزگارکردنى گەلى کورد لە زوڵم و ستەم، ئێستا ڕەنج و بەرخودانەکەى لە ئاسۆى گەلەکەیدا دەبینرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بارزانى جیا لەوەى سەرکردەى شۆڕشگێڕى گەلى کورد بووە، لەهەمان کاتدا کەسێکى بە ئەمەک و بە وەفا بووە بۆ هاورێ و هاوسەنگەرەکانى؛ چونکە ئەو ئەمانەتەى پێشەوا قازى داى بە دەستى بارزانی، تا ئەو ڕۆژەى لە ژیاندا بوو، نەیهێشت ئەمانەتى دەستى هاوڕێ شۆڕشگێڕەکەى دانەوێنرێت.
 هەموومان ئەوە باش دەزانین مێژووى دروستبوونى دەوڵەتى عێراق چۆن بووە، دواتر حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانى عێراق چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە، هەر جارە و بە بیانوویەک، بە ناوى ڕێککەوتن دێن بانگەوازیى ئاشتیت لەگەڵ دەکەن و جارێکش بە پێچەوانەى بانگەشەکان دێن پیلانت لە دژ دادەنێن، بەڵێنت پێ دەدەن و بەڵنەکانیان دەشکێنن، بەڵام ئەوە ڕۆحى لێبوردەیى بارزانى بووە کە نەیهێشتووە هیچ کاتێک موئامەرە خوێناوییەکان لەسەر خەڵکى کوردستان تاقى بکرێنەوە، هەر لە ڕێککەوتنامەى شومى جەزائیر و پیلانە ژێر بەژێرەکان بۆ لەناوبردنى کورد، دواجار کاتێک هیچ ڕێگایەک بۆ ڕێگرىکردن لە شۆڕش نامێنێت، ئەو کاتە پەنا بۆ تیرۆرکردنی دەبرێت وەک ئەوەى لەلاى دوژمنان و ناحەزان وابێت تیرۆری جەستەیى سەرکردەیەک بە ماناى کۆتایىیهاتنى ڕۆحى شۆڕشە، بەڵام دواجار نیەتى پاکى سەرکردەیەک و ئاهوناڵەى گەلێکى ستەملێکراو، سەرکەوتوو بوو بەسەر ستەمێکدا کە نەیهێشت بە ئاواتى خۆى بگات.
یەکێکى دیکە لە ڕوانگەکانى شۆڕشى ئەیلوولى مەزن و لەدایکبوونى شۆڕشگێڕێک، قۆناغى دواى خۆیەتى، ئێمەیش لە قوتابخانەى سەربەرز و شۆڕشگێڕیى بارزانىی نەمرەوە فێر بووین لەبەر دەم هیچ ستەمکارێک سەر دانەنەوێنین و مافى کەس نەخۆین و لە کەسیش قبووڵ نەکەین مافمان بخوات، دەست بۆ کەس درێژ نەکەین و دەستدرێژییش لە کەس قبووڵ نەکەین. لەهەمان کاتدا گرنگترین وانە کە فێرى بووین کوردایەتییە لە پێش خۆشەویستى بۆ گیانى خۆمان، چونکە بەخشتنى گیانێک بۆ نیشتیمان گەورەترین ئامانجە کە ئێمەیش ڕۆحى بارزانى پێ شادتر بکەین.
لە یادى کۆچی دوایی بارزانیى نەمر هەزارن سڵاو بۆ گیانى پاکى و سەرجەم هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانى. بەڵێن دووبارە دەکەینەوە لە بەرخودانى بێ کۆتایمان بۆ بەدەستهێنانى ئامانجەکانمان لە ڕێگاى ئەو خەباتەى لە قوتابخانەى بارزانییەوە فێرى بووین.

هەواڵی پەیوەندیدار