یادێك بۆ شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریری

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
كاروانی خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان زۆر سەركردە و پیاوی قارەمانی لێ هەڵكەوتووە كە مێژووی پرشنگداری پارتیمان لەم روویەوە زۆر دەوڵەمەندە و تێكۆشەرانێكی قارەمان و بەرچاوی لە پێناو ئامانجە ڕەواكانی گەلی كوردستانی پێشكەشی گەلی كوردی كردووەو گیانی خۆیان كردۆتە قۆچی قوربانی ئەم رێبازە پیرۆزە. شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریری ئەستێرەیەكی گەشی ئەم رێبازە راستەقینەیە كە هەر لە سەرەتای لاوێیەوە سۆز و خۆشەویستی نواندووە بۆ گەلەكەی و تا دوا ساتەكانی تەمەنی بەردەوام لە خەبات و خزمەت دابووە، كە بە داخێكی زۆرەوە دەستی رەشی شەمشەمە كوێرەكانی تاریكایی شەو گەیشتە خوێنی پیرۆزی ئەم پیاوە شۆڕشگێڕە و لە 18ی شوباتی 2001 گەیشتە كاروانی هەرگیز نەمران. بۆ یادكردنەوەی ئەم رۆژە گرنگ و پیرۆزە بە پێویستمان زانی بە چەند دێرێك یادی بكەینەوە.
شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریری لە ساڵی 1937 لە شارۆچكەی هەریر مەڵبەندی شۆڕە سوارانی سۆران لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی هەر لەو شارۆچكەیەدا تەواو كردووە و خوێندنی ناوەندی لە شەقڵاوە بە سەركەوتوویی تەواو كردووە و خوێندنی ئامادەییشی لە هەولێرە تەواو كردووە و پاشان لە دەورەیەكی پەروەردەییدا بۆتە مامۆستای سەرەتایی و لە ساڵانی 1960-1961 دا لی ناوچەكانی بلێ و بارزان و باڵەكیان و سۆران بووەتە مامۆستا، لە ساڵی 1963 پەیوەندی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە كردووە، لەو مێژوویەشەوە تا رۆژی شەهید بوونی بە دەیان پلەی حزبی و حكومی پێ سپێردراوە، كە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی و شارزایی و هۆشیاری خۆی، كە توانیویەتی جێگای خۆی لە دڵی سەركردایەتی شۆڕش و دەروونی جەماوەردا بكاتەوە. لەو پێودانگەشەوە بە دەیان بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە لەوانە ئەندامی لقی7 و بەرپرسیاریەتی لێژنەی ناوچەی باڵەك و قایمقامی قەزای چۆمان و دواتر لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتیماندا كرا بە ئەندامی یەدەكی كۆمیتەی ناوەندی و پاشان بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، هەروەها لە هەردوو كۆنگرەی 11و12ی پارتیمان بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژیردراوە، لە ساڵی 1992شدا لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستاندا شەرەفی ئەندامیەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی فراكسیۆنی زەردی پێدراوە، لە سێیەم كابینەی حكومەتی هەرێمیشدا پۆستی وەزیری هەرێم و پارێزگای هەولێر و دواتر بەرپرسیارێتی لقی2ی پارتیمان پێ سپێردراوە بۆ ماوەیەكیش بەرپرسی مەكتەبی ناوندی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی كوردستان بووە، جگە لەوەی كە خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری چەند گۆڤارێك و ئەندامی كارای رۆژنامەنووسان و مامۆستای وەرزشوانانی هەولێر بووە، هەروەك جەنابی سەرۆكی كوردستان بەڕێز مسعود بارزانی لە رێوەرسمی بەخاك سپاردنی تەرمی شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریری كە لە 20-2-2001 لە شارۆچكەی هەریر بەڕێوەچوو فەرمووی: لەو كات كە من فرەنسۆ هەریریم ناسیوە لە ساڵی63ەوە نەمدی یەك رۆژیش بیروباوەڕی لاواز ببێ یان ئیمانی بلەقێ بەرامبەر بە هەر رووداوێك چەند گەورە بووبێ، كاك فرەنسۆ نمونە وەفا و دڵسۆز بوو لەبەر ئەوە هەتا دوژمنەكانیشی نەیانتوانیوە رێزی لێ نەگرن لە بەر ئەو وەفاییەی، ئەوانی فرەنسۆیان شەهید كردووە راستە زیانێكی گەورەیان لە پارتی و بزاڤی رزگاریخوازی كورد داوە و راستە هەدەفێكی پڕبەهایان هەڵبژارد و قوڕیان بەسەر دەبێ فرەنسۆ خۆی دەیزانی شەهید دەبێ، چەندین جاربە منی گوت: من شەهید دەبم. بۆ تێكۆشەرێكی وەك فرەنسۆش هەر شەهادەتەو شەهادەتیشی لێ پیرۆز بێ، چونكە پارتی راهاتووە لەگەڵ قوربانی بدات، ئەوەی سەركەوتن بپارێزێ دیسان هەردەبێ قوربانی بدات، پارتی لە تیرۆر نەترساوەو ناشترسێ، پارتی بە لە دەستدانی قارەمانێك و چەندین قارەمان ناوەستێ. رێبازی پارتی رێبازی بارزانییە، رێبازێكی بەردەوامە. هەروەها لە پەیامی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی شەهید بوونی فرەنسۆ هەریری هاتووە: بە شەهیدبوونی ئەم مرۆڤە راستگۆیە ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە كەسێك دەكەین كە بە سەربڵندییەوە پەیمان و سۆزی خۆی بەجێهێناوەو ئەو بەو بەڵێنە پیرۆزەوە سەری ناوەتەوە كە دەیان ساڵە بە بارزانی و پارتی و گەلی كوردستان داوە.
شەهید فرەنسۆ پیاوی جوامێری رۆژانی تەنگانە بوو لە پلەو قۆناغە سەخت و دژوارەكان و هەوراز و نشێوی، شۆڕشی ئەیلوول و پاش نسكۆی شۆڕشی 1975و شۆڕشی گوڵانیش دا هەمیشە یەكێك بووە لە ستوونە پتەوەكانی موقاوەمەت و پشوودرێژی و كوڵنەدان. پەیوەندی ئەو تەنیا حزبی و سیاسی نەبووە، بەڵكو لە قوڵایی روحەوە هەست و بیرو ئامانجی ئاوێتەی عیشق بە بارزانی بووە كە چرا رێگەی بووە بۆ خۆشەویستی كوردستان و خەڵكی كوردستان بە كورد و ئاشووری، بە توركمان و كلدانی، بە موسڵمان و مەسیحی و گشت رۆڵەكانیانەوە. ئەو بە ئایین مەسیحی بووە، بەرێباز ئازادیخواز بارزانی بووە، بە حزبایەتی پارتی بووە، بە حزبایەتی پارتی بووە، بەنەتەوە ئاشووری بووە، بەتێكۆشانی نیشتمانی كوردستان بووە، ئەو چاك لە خۆی تێدەگەیشت و دڵسۆزانە خزمەتی مافی رەوایەی بۆ قایل بوو چونكە دڵنیا بوو كە كاك فرەنسۆ دەسەڵات و تێگەیشتنی خۆی لەو چوارچێوەیەدا بۆ بەرژەوەندی حەق و راستی بەكار دێنێ، جێگەی بڕواو متمانەی سەركردایەتی و جەماوەریش بوو، لە لایەكی تری پەیامەكەی بەڕێز سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانی هاتووە: فرەنسۆ لەو كەسانە بوو كە لە مەیدانی خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا سەنگەرێكی تایبەتی بۆ خۆی دانابوو زۆر جار بە تایبەتی رۆژانی سەخت و تەنگانە چاوەڕوان نەبوو خەڵكی تر دەستووری پێبدات، بەڵكو بە خۆی هەڵوێستی وەردەگرت و هەنگاوی دەناو دروستیش دەردەچوو، شەهید فرەنسۆ هەریری ئەو رۆڵە هۆشیارە بووە كە هەمیشە هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی بڵاوكردۆتەوە لە تەك گیانی وەرزشیدا كە بوارێكی پڕ شانازی دیكەی ژیانی ئەو بووە لە سەردەمی لاوێتییەوە تا شەهید بوونی، هەر وەكو وەرزشكار بووە هاندەری گیانی وەرزشیش بووە، تازەترین كۆمەڵگا و گۆڕەپانی وەرزشی هەولێری دامەزراند، نامەوێ لەوە زیاتر لە سەری بڕۆم چونكە بە كورتی فرەنسۆ یەكێكە لەوانە كە زۆر كەم كەس لەوانە هەیە كە بە درێژایی ژیانی لەوەتی بە خزمەتی مستەفا بارزانی گەیشتووە هەمیشە نزیكی بارەگای بارزانیی نەمر و پارتی بووە، بە دەگمەن دوور كەوتۆتەوەو جیا لە پلە و مەوقعی زۆر زۆر كەم پشووی وەرگرتووە، هەر چەند بڵێم قەت ناتوانم قووڵایی عیشق و وەفاداری ئەو بۆ بارزانیی نەمر و رێبازەكەی بڵێمەوە تەنیا ئەوەندە دەڵێم: كە گیانی پاكی دڵنسا بێ، كە ئەو رێبازە چەشپاوە و بەردەوامە.
هەر لە بیرەوەرییەكی تاڵ و شیرین كە لە بارەی شەهید سەركردە فرەنسۆ هەریری دا كە بەڕێز مامۆستا محەمەد مەلا قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەڵێت: مرۆڤێكی شۆڕشگێڕ بووەو بڕوای بە پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی هەبووەو هەمیشە هەڵوێستەكانی بەرامبەر رووداو و دوژمن و نەیاران روون و ئاشكرا بوو، واتە هەڵوێستی گومان و نادیاری تێدا نەبوو و بەرامبەر بە دوژمنانیش هەڵوێستی راست و رەق بووە، بۆیە دوژمنان لە لایەك حسابیان بۆ دەكرد و لایەكی دیكەوەش بە توندی لە دژی بوون، لە كاتی شۆڕشی ئەیلوودا هەردەم لە دوای نیوەڕۆیان گەر رۆیشتبوونایە بارەگای بارزانی ئەوا شەهید فرەنسۆ لەوێ لە بەر دەرگای بارزانی وەستا بوو، بەراستی فرەنسۆ و بارەگای بارزانی دوو شتی پێكەوە بەسترا بوون و ئەم پەیوەندییە رۆژ بەرۆژ لە گەشەكردن و بەهێزیدا بوو، تا بارزانیی نەمر مابوو لە گەڵ ئەودا بوو، دوای كۆچی دوایی بارزانیی نەمریش پەیوەندی لە گەڵ كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو و كاك مسعود دابوو، كاك ئیدریس زۆر رێزی دەگرت و بایەخی پێ دەدا، شەهید فرەنسۆ خۆی مرۆڤێكی رۆشنبیر بوو و دەستی نووسینیشی باش بوو، لە رۆژنامەی برایەتی و خەبات و سەفین زۆر شوێنی دیكەش شتی دەنووسی، هەروەها دیدار و چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنیشی هەبوو زۆر بە توانا بوو لەم بوارەدا لە شوِرشی ئەیلوول لە كاتێكدا كە بەرنامەی ئاشووری لە ئێزگەی دەنگی كوردستان داندرا، شەهید فرەنسۆ دەوەری ئەساسی هەبوو لە دامەزراندنی، هەروەها ماوەیەك خۆی بەرنامەكەی پێشكەش دەكرد، پەیوەندی لە گەڵ نووسەران و رۆشنبیران زۆر بە هێز و دۆستانە بوو، بە تایبەتی لە گەڵ مامۆستا هەژار موكریانی و هێمن و هێدی و عەبدولخالق مەعروف و دەیانی تر پەیوەندی زۆر خۆش بوو، بەراستی كاك فرەنسۆ كادیرێكی هەمەكارە بوو، كادیری عەسكەری و كادیری سیاسی و كادیری رێكخراوەیی و كادیری ئیداری رۆژانی سەخت بوو و سەرسەختانە لە گەڵ سەركردایەتی پارتی راوەستا و لایەن خەڵكەوە حسابی بۆ دەكرا.
لە بارەیی شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریردا بەڕێز د.عەبدوڵڵائاگرین دەڵێت: ئەو بە پەرۆشەوە عاشقی راستگۆیی بوو، دەروێشێكی بێ عەل و غەشی بیروڕا وهەڵوێستی بارزانی بوو، تا گیانی پاكی لە قەفەزی سینەی دەرچوو، ئەو رێبازەی پەرست و بەموو لێی لانەدا، عەقڵێكی كۆمپیۆتەری هەبوو، ئاسوی بیری فراوان و سەردەمیانە بوو، فرەنسۆ بۆ كورد و ئاشووری، كوڕی رۆژانی رەش و تەنگانە بوو، كێوێكی سەرسەختی ورە بەرزی دەنواند، لێزمە تاوە بارانێكی بە خوڕ و رووبارێكی تیژی تێكۆشان بوو، فرەنسۆ لە كاتی هەڵوێست نواندندا دڵی چیای دەهەژاند و لە كاتی پێویستیشدا شیرازەی هێز و توانای لەشكری ناحەزانی تێكدەشكاند و شپرەزی دەكردن.
بەڕێز محەمەد ئەحمەد مستەفا لە وتارێكێدا لە بارەی شەهید فرەنسۆ هەریری دەڵێت: شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریری بە رۆحیەتەكەوە كاری دەكرد، كە هەردەم خۆی بە بەرپرسی بزاڤی نەتەوەیی ومەسەلەی كوردستان وچارەنووسی پارتەكەی دەزانی، هەر بۆیەش لە هەموو یادو بۆنە حزبی و جەماوەریەكاندا، ئامادەگی هەبوو، لە تێكرای چالاكیە حزبی و جەماوەرییەكاندا لە خۆپیشاندان و كۆڕ و كۆبوونەوە و سمیناری سیاسی و رۆشنبیری و ئیعلامی و كۆمەڵایەتی. یەكێكی دیكە لە خەسڵەتە هەرە گەورەكانی شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریری ئەوە بوو كە ماندووبوونی نەدەزانی و هەموو كارێكی بە ئەركی خۆی دەزانی و هەرچی بە قازانجی میللەت و نیشتمانەكەی بوو، بەبێ منەت تەداخولی تێدا دەكرد و تێیدا دەبوو بە ئەندامێكی ئیجابی و كاریگەر. فرەنسۆ هەریری بەوە ناسراو بوو كە بەردەوام لە بەرچاوان بوو لە هەموو بوارەكاندا ئامادەیی ئەم پیاوە هەبوو، شەو رۆژ لای وەك یەك بوون.
تەوازعی ئەم پیاوە مەزنە كە خاوەنی ئەم مێژووە درێژە بوو لە خەبات و قوربانیدان بەڕادەیەك بوو كە ناتوانرێ وەسفی بكرێ. هەر هاووڵاتییەك خۆی بە دۆستێكی نزیكی ئەو دەزانی و ئەویش خۆی بە دۆستی نزیكی هەموویان دەزانی، بۆیە لە ماڵ و شوێنەكانی كاركردن، بەردەوام لە گەڵ خەڵك دەژیا و لە خەمی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانیان بوو، هەموو ئەو خەسڵەتە مومەییەزو رەوشتە بەرز و ماندوونەناسە و دڵسۆزییەی كاك فرەنسۆ بوو، كە كورد و ئاشووری و توركمان و ئیزیدی و سەرجەم چین و كۆمەڵگای كوردستان فرەنسۆیان بەهی خۆیان دەزانی و لە مەراسیمی بە خاكسپاردنیشی لە 20-2-2001 ئەوەیان ئیسپات كرد كە میللەت چەندە پەرۆشی فرەنسۆ هەریری بوون، خەڵكی سەر بە هەر چین و توێژێك بن دەڵێن فرەنسۆ هەریری هەموو دەم بە كردەوە هەوڵی دەدا ئەوە ئیسپات بكات كە پارتی و رێبازی بارزانیی نەمر بۆ هەموو كەسە، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و چینایەتی. تاوانی تیرۆركردنی مامۆستا فرەنسۆ هەریری تاوانێك بوو دژی ئاشتی و برایەتی، غەدرێك بوو لە كاروانی پێشخستنی ژیانی شارستانیانەی ئەم گەلە، كوێرانە لە خاچدانی دەنگێكی هەقبێژ و راستی پەروەر و هزرێكی رۆشن و چاكە كار و گیانێكی پڕ لە جۆش و خرۆشی خزمەتكردنی جەماوەر بوو، هەروەك كاكە فەوزی كوڕی شەهید فرەنسۆ گوتی: لیرە بەدواوە قۆناغێكی دیكە لە ژیانی ئەم پیاوە گەوەرەیە دەستی پێ دەكات، بەمەش قەت ناتوانین بڵێین فرەنسۆ هەریری مرد، ئەمەش حەقیقەتێكە كە مرۆڤی مەزن قەت نامرێ، هەزاران سڵاو وەفاداری بۆ گیانی پاك و بەرزە فڕی شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریری و سەروەری شەهیدان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان.
سەرچاوە: یادێك بۆ شەهیدی سەركردە فرەنسۆ هەریری، نووسینی سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی،كتێبی بوونیاتنەرانی ئەمڕۆی كوردستان چاپی 2010.
تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی (4506)ی رۆژنامەی خەبات لە (18-2-2014) بڵاووبوویتەوە.




