دیالۆگ،، تا سەر ئێسك

كەنعان بەهادین
هێزی كورد بەردەوام لەوەدا بوونی هەبووە، كە باوەڕو حەزی بە دیالۆگ هەبووە، لە هەر هەموو قۆناغەكانی مێژووی رزگاریخوازی كوردان مێژووی دیالۆگ مێژووێكی پرشنگدارە، مێژووی شەڕیش ڕوونە كاتێك كورد پەنای بۆ دەبات كە هیچ چارەسەری تری بەدەستەوە نەماوە .
ئەوەی ئەمڕۆ كورد پێوەی گەیشتووە، دەرەنجامی ئەو هەموو دیالۆگ و دانیشتن و گفتوگۆیانە بووە كە لە مێژوو هەموویان تۆماركراون، ئەمڕۆش سەركردایەتی سیاسی كورد پەرە بە هەمان نەهج و رێڕەو دەدات كە پێشتر كاری لەسەر كراوە .
هەندێ گفتوگۆ هەن بۆ بەرژەوەندی دووژمنانە، بەڵام كورد بەهۆی نەڕشتنی خوێن و دروست بوونی ئاشوب دەچێتە ژێر بارییەوە، بۆ نموونە ئەو گەڕەی گفتوگۆی نێوان كورد بە سەركردایەتی نێچیرڤان بارزانی و حكومەتەكەی نوری ئەلمالیكی، بریتین لە شەڕ فرۆشتنی سیاسیانە بە هەرێمی كوردستان، كە هۆكاری ئەم شەڕ فرۆشتانانە زۆرن، لەوانە ئیرەیی حكومەتی عێراق بەو هەنگاو و پێشڤەچوونانەی هەرێم لە بواری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی .
هەروەها باوەڕی كورد وایە تەنها گفتوگۆ بكات لەگەڵ حكومەتەكەی مالیكی، تاوەكو ئەو خەون و پڕۆژە گەورانەی نەتەوەی كورد بە ئیستیفزازێك و جۆرێك لە شەرفرۆشتن بەبا نەڕوات .
ئەم خۆڕاگرییەی نێچیرڤان بارزانی لەبەرامبەر خەون و مەرامەكانی نوری مالیكی مێژووین و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێ، بەتایبەت جەخت كردنەوەی نێچیرڤان بارزانی لە ماف و ئیمتیازاتی تاكی كورد و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی بۆ داهاتوو .
ئەگەر سەیری ئێراقی پاش ویلایەتی دووەمی نوری مالیكی بكەین، هەست بەوە دەكەین كە مالیكی چۆكی بە زۆرێك لە سیاسی و پیاوی دەوڵەت داوە و وایانی لێكردووە كە ڕاكەن و ئێراق جێبێڵن، لەوانە هاشمی و عەلاوی و ئەمڕۆش موقتەدا سەدڕیش هاتە ڕیزی ئەوانەو وازی لە ئیشی سیاسی هێنا، هۆكارەكەشی تەنها بۆ كارە ئیستیفزازییەكانی مالیكی بووە، وای لە عێراق كرد تەنها خۆی تاكڕەو و دەسەڵاتدار بێت، كورد لەم بوارە ئەسپی خۆی باش تاوداوەو بەغدای بۆ مالیكی چۆڵ نەكردووە و تا سەر ئێسكیش گفتوگۆی لەگەڵ دەكات .




