منداڵەکانی دۆزەخ
غازی حەسەن
لە ماوەی پتر لە سێ ساڵی رابردوودا رۆژانە دەزگاکانی هەواڵ باسیان لە کوشتار و خوێن ڕشتن و هێرشەکانی سوپای سوریا و کاردانەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار دژی رژێمی بەشار ئەسەد کردووە و ژمارەی قوربانییەکانیش رۆژانە لە زیادبوون دابووە. پار باسی کوژرانی پتر لە سەد هەزار کەس دەکرا، ئێستە ژمارە گەورەکانی قوربانییەکانی ئەو شەڕە خوێناوییە باس ناکرێت. لە میسر تەنیا چەند کەسێک کوژرا و موبارەک لە ژێر فشار شەقام وازی هێناو خستیانە زیندان و دادگایی دەکرێت. موحەمەد مورسیش هەر وای کرد، ئێستە لە زیندان دادگایی دەکرێت.. لیبیا دوای روخانی معەمەر قەزافی دەرکەوت چ دۆزەخێکە.. لە تونسدا تەنیا بە خۆ سوتاندنی کەسێک، ئیدری سەرەتای تەقینەوە لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەستی پێکرد.
کەچی لە سوریا کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بە خوێنێکی سارد، وەکو ئەوەی لە هۆلیۆد بن و فیلمێکی نوێی جەنگ دەربهێنن، بە شێوەیەکی ئاسایی قسە دەکەن و دەڵێن با شەڕ رابگرین و لەرێگەی فشاری دیبلۆماسی و دانیشتنەکانی جنێڤ -٢ ەوە کۆتایی بە کارەساتەکانی ئەم دۆزەخە بهێنرێت کە لەسوریا دروست بووە. هەر بە قسە خۆشە باسی ئەو حالەتە ترسناکانە بکرێت کە دژی مرۆڤ و مافەکانیان روودەدات. بەراستی کە بە وردی بیری لێدەکەیتەوە و وەکو مرۆڤێکی خودان ویژادان دیقەتی لێدەدەیت رێک و رەوان سوریا لە دۆزەخێک دەچێت، کە پاسەوانەکانی ئەم دۆزەخەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، کە لە سەدەی بیست و یەکدا وێنەی نەبووبێت. مەگەر هەر تەنیا رژێمی بەعسی لە ناوبراوی عێراق کە هاو فکر و ئایدیۆلۆژیای بەعسی سوریایە لە کوردستانی باشوردا دۆزەخێکی راستەقینەی لەمە گەورەتر و ترسناکتری دژی هاووڵاتی سڤیلی کورد لە ناوەراستی هەشتاکان لە رێگەی کیمیابارانکردنی هەلەبجە و هەندێک شوێنی دیکە و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دروست کردبێت و ١٨٢ هەزار ژن و منداڵ و پیاوی پەککەوتەو گەنجی کوردی لە دۆزەخەکانی بیاباندا بێ سەروشێن کردبێت. ئەمە لەرووی سیاسی و ئایدۆلۆژیا و سایکۆلۆژی هەردوو دەسەڵاتی عەرەبی و بەعسیزمەوە هەمان رێکخەر و فکرە لە عێراق دوێنێ و سوریای ئێستە دۆزەخ سازدەکات.
| کەچی لە سوریا کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بە خوێنێکی سارد، وەکو ئەوەی لە هۆلیۆد بن و فیلمێکی نوێی جەنگ دەربهێنن، بە شێوەیەکی ئاسایی قسە دەکەن و دەڵێن با شەڕ رابگرین و لەرێگەی فشاری دیبلۆماسی و دانیشتنەکانی جنێڤ -٢ ەوە کۆتایی بە کارەساتەکانی ئەم دۆزەخە بهێنرێت کە لەسوریا دروست بووە |
ئا دەی ئێوە ئەی گەورە هەڵسوڕێنەرانی دونیا و مرۆڤایەتی تەنیا بۆ ساتێک بیری لێبکەنەوە، مەبەستم جۆن کێری و لافرۆڤی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و روسیایە، بەڵێ تەنیا یەک سات، بزانن بان کی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چۆن باسی چارەنووسی منداڵی بێ تاوان لە سوریا دەکات ( پتر لە دە هەزار منداڵ لە ماوەی شەڕدا کوژراون، سەرباری ئەوانەی بێ سەروشنن و بزرن.. هەروەها منداڵ لە سوریا هەڕەشی سێکسی لێدەکرێت). لە راپۆرتێکدا کە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەکراوە لە پەرەگرافێکدا هاتووە ( منداڵ لە سوریا سەرباری ئەوەی لە لایەن سوپا و میلیشاکانی سەر بە رژێم و هەروها هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنرێن و ئازار دەدرێن هاتووە : منداڵ لە سوریا رووبەرووی ئازاردانی بە کێبل دار و ئاسن دەبنەوە، یاخود لێدانی کارەبا لەناویاندا لێدانی کارەبا لەناو گەڵیان، یا نینۆک دەرهێنان دەست و پێیان، هەروەها توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی و هەڕەشە لێکردنیان، یاخود هەڕەشەی سێکسی وەهمی و نەهێشتنی خەوتن و زیندانی بەتەنیا و ئازاردانی کەسوکاری قوربانییەکان لە بەرچاویان....)
| تاکو ئێستەش ئیراەیەکی نێودەوڵەتی یەکلاکەرەوە لە ئارایە نییه سنور بۆ تاوان دژی منداڵەکانی دۆزەخ دابنێت |
ئەمە دۆزەخێکە، دۆزەخێکی گەورە و راستەقینە، بەڵام هێشتا نە دەوڵەتە گەورە و زلهێزەکان دەیانەوێت دان بە دۆزەخی سوریا بنێن کە دەسەڵاتی سوریا دژی منداڵان و ئافرەت و کەسانی سڤیل دروستی کردووە. نە تاکو ئێستەش ئیراەیەکی نێودەوڵەتی یەکلاکەرەوە لە ئارایە سنور بۆ تاوان دژی منداڵەکانی دۆزەخ دابنێت. بێگومان ئەوەی رۆژانە گوێبیستی کارەسات و چیرۆکە ترسناکەکانی برسی کردنی مرۆڤ وەکو سزادانی سیاسی و جەنگ و ئازاردان و دەستدرێژی سێکسی و چیرۆکەکانی دیکەی زیندان و تۆڵەکردنەوە دەبیسترێن، دەبێت وەکو تاوانی جەنگ مامەلە لە گەڵ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بکرێت.. هەروەها هەندێک لە گروپە توندڕەوەکانیش دەیانەوێت منداڵ وەکو بەشێک لە هێزی سەربازی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆزەخەکەی رژێمی سوریا بەکاربهێنن، دۆزەخێکی بچووکتریان بۆ منداڵ دروست کردووە.
| ئەگەر فیلمەکانی هۆلیۆد منداڵی نەریت توندو تیژ دروست بکەن، ئەوە منداڵەکانی دۆزەخی سوریا، سەد قات پتر نەریتی توندتیژیان پێوەدیار دەبێت.. ئەو کاتە رێگرتن لە توندتیژی قورس و بێ هیوا دەبێت |
ئەوەی جێگەی پرسیارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چ پێوەرێک لە سەردەمی (دیموکراسی و مافی مرۆڤ) وەڵامی ئەو توانکارییانە دژی منداڵانی سوریا دەدەنەوە، ئایا ئەو منداڵانەی لەم دۆزەخە رزگاریان دەبێت، چۆن و بە چ پێکهاتەیەکی دەروونی و رق و قینێکەوە سەیری دوارۆژی خۆیان و وڵاتەکەیان و ئینجا کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی بکەن.. کە من پێم وایە نەوەیەکی قین هەڵگرتوو لە دژی سیاسەتی نێودەوڵەتی دروست دەبێت، نەوەیەک کە لە دۆزەخ گەڕاونەتەوە، بەرەو رەهەندێکی پڕ لە توندوتیژی هەنگاو دەنێن، نەوەیەک کە بیر لە دروست کردنی دۆزەخێکی گەورەتر لەوەی ئێستە بکەنەوە لە پێناو تۆڵە کردنەوە لە دەسەڵات و هەرچی وابەستە و پێوەر و بنەما و دەوڵەتێکیش کە پەیوەندیان بە رژێم و دەوڵەتی ئێستەی سوریا هەیە. ئەمەش کاردانەوەی رووداوە بێ سنورەکانی ئیستە و تۆڵە کردنەوە لە داهاتوو دەبێت، چونکە توندوتیژی، توندوتیژی بەرهەم دێنێت.. ئەوەی گرینگە هەتا کەی لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی و راگرتنی بالانسی هێز لە نێوان هەندێک وڵاتی زلهێزی وەکو ئەمەریکا و روسیا و ئێران و تارادەیەکیش چین، رێگە بە خۆشکردنی ئاگری دۆزەخەکەی سوریا بدرێت کە بریتییە لە سوتاندن و ئازاردانی لاشە و رۆح و هیوای منداڵەکانی سوریا و بەردەوامی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و فراوان بوونی توندوتیژی؟ بۆیە ئێستە مرۆڤایەتی لەبەردەم بڕیارێکی ئەخلاقییە، بۆ ئەوەی ئەم دۆزەخە کۆتایی پێبهێنێت و تاوانکارانیش لە دادگا سزا بدات. چونکە بەراستی و بەکردەوە ئەوەی روودەدات دۆزەخێکی راستەقینە بۆ منداڵان لە سوریا دروست کراوە. ئەگەر فیلمەکانی هۆلیۆد منداڵی نەریت توندو تیژ دروست بکەن، ئەوە منداڵەکانی دۆزەخی سوریا، سەد قات پتر نەریتی توندتیژیان پێوەدیار دەبێت.. ئەو کاتە رێگرتن لە توندتیژی قورس و بێ هیوا دەبێت.




