٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئیدریس بارزانی ئەو سەركردەیەی مێژوو لە یادی ناكات

سەرچاوە: KDP.info

 بەشی3...

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

ئیدریس مستەفا بارزانی ئەو سەركردەو سیاسەتوانە كارامەیەیە كە مێژوو شانازی پێ دەكات و خاوەن خەباتنامەیەكی زێڕینە لە پێناو كوردو كوردستاندا. شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی پەروەردەی قوتابخانەی رێبازی باوكی نەتەوەیی كورد بارزانیی نەمر بوو، كە هەموو ژیانی خۆی لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و بۆ سەرفرازی میللەتێكەی تەرخان كردبوو. ئەمڕۆو ئایندەش وەك سیمبوڵێكی نێو قوتابخانەی كوردایەتی بە سیفات و ئەدگارە باڵاو نمونەییەكانی رۆشنایی دەبەخشێتە هزرو روانینەكانی نەوەكانمان. كاكە ئیدریس كەسایەتی و سەركردەیەك بوو كە هەرگیز مێژوو لە بیری ناكات و رۆڵە بە وەفاو دڵسۆزەكانی بە فەخرەوە یادی دەكەنەوەو رێز لە خەبات و تێكۆشانی دەگرن.

كاكە ئیدریس پیاوی تەنگانە و ئەركە قورسەكان و پێشخستنی بوارەكانی پارتایەتی بووە، هەمیشە لە ناو پارتی دا رەمزی یەكگرتن و پەروەردە و نموونەی چاوەلێكەری خەڵك بووە، كاك ئیدریس بارزانی زۆر ژیانی پارتایەتیی خۆش دەویست و دەیفەرموو: هیچ میللەتێك بێ رێكخستنێكی بە هێز سەر ناكەوێت. هەروەها هاندەری كاری پارتایەتی بوو، دەیگوت: لە ناو ریزی پێشمەرگە رێكخراوی پارتایەتی دامەزرێنن و من پارتی بە حیزبی مەلا مستەفا دەزانم و كوڕی مەلامستەفام هەر كوردێك كوڕی مەلا مستەفایە و هەمیشە هەوڵ دەدەم لە پێناو بە هێزكردنی ئەم پارتە. كاك ئیدریس بارزانی دەیگوت: بارزانیی نەمر فێری كردین كە هەمیشە خۆمان بە خزمەتكاری گەل بزانین و بە هیچ سەركەوتنێك لە خۆبایی نەبین. هەر بۆیەش ئەوەمان بەلاوە گرنگ نییە كە رۆڵی ئێمە چ ناوێكی لێ دەنرێت، بەڵكو ئەوەمان بەسە كە بتوانین ئەمانەتی گەلی كوردو بەرگری لە مافەكانی تا دواهەناسە و دواتینی هێزو توانامان هەڵبگرین. بۆیە كاك ئیدریس بارزانی لە ناو پارتی و دەرەوەی پارتیش دژی ستەم بووەو لە گەڵ دادوەری بووە، نابێ مافی ئەندامی پارتی كە خۆی ماندو كردووەو قوربانیی داوە بێتە خواردن و لە ژیانی خۆیشی سەرەڕای نەبوونی ئیمكانیات ماندووبوونی كادر و ئەندامانی پارتی لە پێش چاو بووە.

كاك ئیدریس بارزانی رۆشنبیرێكی بە كردەوە

كاك ئیدریس بۆ خۆی هەردەم لە گەڵ خوێندەوە و نووسیندا هاوڕێ بوونەو لە داڕشتن دا توانای زۆری هەبووە. بە هەر سێ زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی خوێندویەتیەوە و نووسیویەتی، لە نووسین دا كارامە بووە و خەتێكی خۆش و داڕشتنی نایابی هەبووە و بایەخی بە بوارەكانی نەتەوایەتی و ئایین و ئەدەب و مێژوو داوە، زۆربەی شیعرەكانی ئەحمەد خانی و مەلای جەزیری و وەفایی لە بەر بوونە. كاك نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێ: شەوانە تا دەرنگ دەیخوێندەوە، دەینووسی. هەردەم كتێبی پێ بوو متووی كتێب خوێندنەوە بوو. تەنانەت لە ناو ئۆتۆمبێلیشدا دەیخوێندەوە. وەك لە بیرم بێ دوا كتێب یادی مەردان بوو كە دەیخوێندەوە. وێڕای ماندووبون و ئەركی قورسی خەبات خوالێخۆشبوو لایەنی پەروەردەكردن و پێگەیاندنی ئێمەشی فەراموش نەدەكرد. لە ساڵانی هەشتادا ئێمەی خستە بەردەست شەهید فەتاح ئاغا و پێی گوت: دەرسیان بدەو فێریان بكە كە چۆن كتێب بخوێننەوەو چ بخوێننەوە، تۆ مێژووی كورد و كوردستان و بزوتنەوەی كوردیان پێ بڵێ، منیش فێری خوێندنەوەی كتێبی ئاینییان دەكەم. بۆ ئێمە بە كچ و كوڕەوە یەكەمین و هێژاترین مامۆستا بوو. من هەمیشە لە گەڵیدا بووم، بەر لەوەی ماڵئاوایی بكا بە هەق وەكو دوو دۆستمان لێ هاتبوو، شەوانە بەیەكەوە كتێبمان دەخوێندەوەو گفتوگۆمان دەكرد.

ئیدریس بارزانی پیاوی رۆژانی سەرسەخت بوو

كاك ئیدریس لە نێو سەختیەكان بوو، لە بەرامبەر گرفتەكان چیایەكی خۆڕاگر بوو، بە هەزاران كەس رویان لە ماڵ و بارەگای كاك ئیدریس بارزانی دەكرد بۆ چارەسەری كێشەكانیان و هەمیشە لە كاتی دابەشكردنی كاردا دەیگوت كام كار لە هەموو زەحمەتترە بۆ من بە جێی بێڵن. لە رۆژانی تەنگانەش، شانی خۆی لە ژێر باری مسئولیەت خاڵی نەدەكرد، بۆیە ئەوانەی لە نزیكەوە ئەم مرۆڤە مەزنەیان دیبێ، هەموو ژیانی كاك ئیدریس وانەو پەند بووە بۆیان لە هەموو بوارەكاندا، پێشڕەو بووە لە خەباتی بێ وچان بەرەو ئازادی بۆ خاك و وڵات، ئیدریس بارزانی هەموو وانە خۆڕاگریەكانی لە قوتابخانەی بارزانیی نەمر فێر ببوو، دووربین و خاوەن ورەیەكی بەرزی شۆڕشگێڕانە بوو، ورەی خەڵكیشی بەرز دەكرد. كاك ئیدریسی سەركردە یەكێك لە لایەنە لە پێشەكانی تێكۆشانی یەكگرتنی نیشتمانی و تەبایی نێوان حزب و لایەنەكانە كوردستانی و ئێراقییەكان بوو، لەو پێناوەدا هەمیشە لە هەوڵ و كۆششدا بووە، بە رادەیەك كە بووەتە رەمزێك لە مەسەلەی یەكگرتوویی و هاوپەیمانێتی و برایەتی و تەبایی دا. ئەو باوەڕە بەرزانەی زۆر دەسكەوتی گرنگی لێوە بەرهەم هاتووە نموونەی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە ساڵی 1986، كاك ئیدریسی سەركردە بناغەدانەری ئەو دەسكەوتە مێژووییە دەژمێردرێت و زۆر كەس و لایەن و سەرچاوە جەخت لە سەر ئەوە دەكەن كە ئەو ئەندازیار و نەخشەكێشی دروست بوونی بەرەی كوردستانییە، كە بە دەسكەوتێكی مێژوویی و بەرهەمدار و بە یەكێك لە هۆكارەكانی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و ئەم دەرئەنجامە مێژووییەی لێی كەوتەوە، دادەنرێت. بەراستی كاك ئیدریس ئەقڵی بەڕێوەبردنی شۆڕش و كوردایەتی بوو، پشت و پەنای بارزانیی نەمرو سەرۆك مسعود بارزانی بوو، سەرۆك مسعود بارزانی لە كاتی كۆچی دوایی كاك ئیدریس فەرمووی : ئیدریس پشت و پەنای من بوو، یانی ئەقڵێك بوو لەگەڵ قۆناغەكانی شۆڕش، پلانی دادەڕشت و رێگەنیشاندەرو مامۆستا بوو، لە كارەكانی هەرگیز بێ ئومێدی باڵی بە سەر كاك ئیدریس نەدەكێشا، بۆیە دەتوانین بڵێین بە تەنیایی حیزبێك و میللەتێك و ئەقلێكی گەورە و دیدێكی دوور بین هەموو دوورییەكانی دەبینی.

 

43 ساڵی تەواوی تەمەنی هەر زەحمەت و ناخۆشی و ئاوارەیی و تەقلای ئیرادەتمەندانە و مملانێ بووە لەگەڵ بارودۆخەكانی ڕۆژگاردا و هەر لە بەرگری و نەسرەوتن دا بووە لە پێناو ئازادی و سەربەستی گەل و نیشتمانەكەیدا و لە پێناو برایەتی و ئاشتی و هاوپشتی شۆرشِگێڕانی كوردستان و ئێراق كە لە رێگەی ئەو ئیرادەو ئامانجەدا هەموو ژیانی بە خەبات و تێكۆشان بە خشیوە و چەندان ئاكامی گرنگی مێژووییان هەبووە. كەچی ئەم كەسایەتیە ژیر و سیاسەتمەدارە سەر راست و شۆڕشگێڕە هەڵكەوتووە و زوو مەرگ لە گەل و نیشتمانەكەی دوور دەخاتەوە كە بون و مانەوەی ئەو پێویستییەكی مێژوویی و نیشتمانی گرنگ دەبێ بە تایبەتی لەو هەلومەرجە هەستەوەرو ئاڵۆزەی ئەو كات كە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان تێیدا بووە. لە كاتژمێر6،5ی سەر لە بەیانی رۆژی 31/1/1987 لە ناحیەی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ماڵئاوایی دەكات و رۆحی بەرەو بە هەشتی نەمری و سەرفرازی هەڵدەكشێ. دوای ڕاپەڕینی بە هاری 1991 سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی پیرۆزی هەردوو نەمران بارزانیی نەمرو كاك ئیدرسی هەمیشە زیندوو دەدا و لە ماوەی 6/10/1993 تا 8/10/1993 بە رێورەسمێكی شایان و مێژوویی تەرمی نەمران دەگوازرێتەوە خاكی ئازادی كوردستان و لە گوندی بارزان زێدی رەسەنی خۆیان و مەڵبەندی كوردایەتی و بەرخودان بۆ دواجار بە خاكی پیرۆزی كوردستان دەسپێردرێن. ئیدریسی جوانەمەرگ كەسایەتییەكی لێهاتوو بوو، خەباتكارێكی دڵسۆزو ماندوونەناس بۆ گەل و نیشتمانەكەی، هەموو كات لە یادی ئەم سەركردە جوامێرە سەری رێزو نەوازش بۆ گۆڕو خەباتی بێ وەچانی دادەنوێنین و پەیمان دووبارە دەكەینەوە هەمیشە رێبواری رێبازەكەی بین كە رێبازی بارزانییە. نەتەوەكەشی بە شانازی و سەربەرزیەوە تۆمارە زێڕینەكانی كەسایەتی و خەباتی كاك ئیدریس بارزانی نەوە بە نەوە بە زیندوویی لە ناو دڵدا هەڵدەگرێ.

 ئیدریس بارزانی یەكێكە لەو سەركردە مەزنانەی كورد كە هەردەم لە ئاسمانی كوردستان دا بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە و زۆر لە شاعیرەكانی كوردستان بە شیعر و هۆنراوەكانی كەسایەتی ئیدریس بارزانی بەرجەستە دەكەن. مامۆستا هێدی شاعیر دەڵێ:

ئیدریس دەریای دڵ بە پەرۆش  وەرە ڕاز هەڵگری خامۆش

وەرە گەنجی زانست بە پیر  گەنجینەی پڕ لە هەست و بیر

ئیدریس پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ قەدەم ئاسنی قەڵەم زێڕ

شاعیری كورد هەژار مۆكریانی لە هۆنراوەیەكی خۆی دا بەم شێوەیە باسی كاك ئیدریس بارزانی دەكات:

ئیدریس دڵسۆزی هەژاران  مایەی خۆشی و گەشەی بارزان

زراو تۆقێنی كورد كوژان  چقڵی گلێنەی خوێنمژان

سەرچاوە:

كتێبی ئیدریس بارزانی ئەو سەركردە مێژوو لە یادی ناكات، نووسینی سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی، چاپخانەی رۆشنبیری 2012.

تیبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4494) رۆژنامەی خەبات(2-2-2014) بڵاوبوویتەوە.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار