ئاییندەی حكوومەتی عێراق بەرەو ئاراستەیەكی نادیار

رێبوار حەمەلاو شوانی
دوای ساڵانێكی زۆر شەر وماڵ وێرانی بۆ گەڵانی عێراق لە لایەن رژێمە یەك لە دوای یەكەكان و بە تایبەت رژێمی بەعسی رووخاو و وێرانكردنی هەرزان گوند و كیمیاباران و ئەنفال و بەدبەختی وماڵ وێرانی و دیارە هەموو ئەوشتە تاڵ وناخۆشانە نەبۆتە پەند و وانە، كە لە جیاتی ئەوەی بیر لە هەرەشە و داگیركاری و كرینی چەك و فرۆكە بە مەبەستی چاوسوركردنەوە بكەنەوە، بیر لە نوێژەنكردنەوە بناغەی داتەپیوویی ئابووری و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ نەهێشتنی كێشە تایفیەكان بكەنەوە، رۆژ بە رۆژی ئایندە عێراق بەرەو ئاراستەیەكی نادیار دەبەن، ئەوەش وایكردووە كە خەڵكی عێراق تووشی نائۆمێدی بكاتەوە و لە رووی سیاسیی و سەقامگیری ئیفلیج ببێت.
لە دوای رووخانی سەدام لە ساڵی 2003 تا بە ئەمڕۆ بە هۆی نەرەخساندنی بواری ئاسایشی وڵات و نەبوونی سەقامگیرییەكی سیاسی و هاتنی لێشاویی تیرۆریستان بۆ عێراق و شەری تایفی سەدان هەزار كەسی بە هۆی كاری تەقینەوە و تیرۆرەوە گیانیان لەدەستداوە كە ئوباڵی هەموو ئەو رووادوانە بە ڕادەیەكی زۆر بە سەر حكوومەتی عێراقییە . سەرۆك وەزیرانی عێراق لە جیاتی هەوڵی سەقامگیری و ئاشتەوایی لایەنەكان زیاتر هۆكاری ناكۆكی و كێشە تایفییەكانە و جگە لە هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات هیچ خەمێكی دیكەی نییە.
حكومەتی ئێستای عێراق كە بەپێی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 پێوستە حكومەتێكی فیدرالی و دەسەڵاتەكانی سنورداربێت و بەپێی ئەو پرانسیپەی بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەدەستووری عێراق ئاماژەی پێكراوە، دەسەڵاتی حكومەتی فیدرالی سنوردار بێت و دەسەڵاتی هەرێمەكان فراوان بێت، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق نەك ئەم یاسایە پێشێلكردووە، بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەو هاوكێشە وەستاوەتەوە و دەستووری عێراقی پێشێلكردووە.
حكوومەتی عێراق لە جیاتی كار بكات بۆ زیاتر چەسپاندنی سیستەمی فیدرالی لە عێراقدا هەوڵی ئەوە دەدات تا جارێكی تر سیستەمی ناوەندی بگەرێنێتەوە بۆ عێراق و دەسەڵاتەكان لای خۆی كۆبكاتەوە. ئەم كارە تاكڕەوییانە حكوومەتی عێراقی وا دەكات كە شەڕ و ناكۆكی خۆیناویی لە نێوان سوونتە و شیعەكان دروست ببێت و رەنگە درەنگ یا زوو عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە و دابەشبوون براوت .
هەروەها لە جیاتی ئەوەی حكومەتی عێراق كار بۆ سەقامگیری و ئاشتی تایفی لە عێراق بكات، كاری پەراوێز خستن و سەركووتكردنی پێكهاتەكانی تر دەدات و لە هەمووشیان گرنگتر دیهەوێت هاوشێوەی رژێمەكانی پێشوورتر، هەموو سەرچاوە سروشتییەكان و نەوت بە مەبەستی هێشتنەوەی خۆی لە سەر كورسی دەسەڵات بەكار بهێنێت
لە لایەكی دیكەوە، لە ئێستای عێراقدا تەنیا یەك هەرێمی فیدرالی بوونی هەیە و ئەویش هەرێمی كوردستانە، كاتێك بە پێی دەستوور دەسەڵاتەكانی خۆی لە بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت و گاز پیادە دەكات و داوا دەكات سەرجەم داهاتی نەوت و گاز لەسەرانسەری عێراق كۆبكرێتەوە و بەسەر عێراقیەكاندا بە یەكسانی دابەشبكرێت، ئەوەش بە پێی دەستووری عێراقە كە ئاماژەی پێدراوە و جێبەجێی دەكرێت، بەڵام وا دیارە حكوومەتی عێراق نایهەوێت دان بە راستییەكان دا دابنێت لەمەش خراپتر لەبەر ئەوەی لەبەشە عەرەبیەكەی عێراق بە سوننە و شیعەوە، هیچ هەرێمێك بوونی نییە كە وەك هەرێمی كوردستان دەسەڵاتەكانی خۆی پیادە بكات، بۆیە هەوڵی حكومەتی مالیكی بۆ ئەوەیە خۆڵ بكاتە چاوی هاووڵاتیانی عێراق و بەوجۆرە پیشانی دەدات كە هەرێمی كوردستان بەم كارەی هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق هەڵدەگرێت.
دەبێت مالیكی و حكومەتەكەی لەوە تێبگات كە كورد شەریكە راستەقینەیە لە عێراق و كەس خێر بە كورد ناكات لە پێدانی مافەكان و دروستكردنی كێشە و ئاستەم و بڕینی بەشە بوودجە هەرێمی كوردستان و نەدانی پارەی پێشمەرگە ناتوانێت كورد لە مافەكانی خۆیی پاشكەست بكاتەوە و هەروەكو سەرۆك بارزانی هەموو جارێك جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە خەڵكی كوردستان لەسەر ئەو مافانەی كە لەدەستووردا ئاماژەی پێكراوە سازش ناكات، ئینجا ئەگەر بە ئاشتی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت ئەوە باشە و ئامادەش نەبن چارەسەری بكەن، ئەوە كورد پەنا بۆ بژاردە و رێگە چارەی دیكە دەبات.




