٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئیدریس بارزانی ئەو سەركردەیەی مێژوو لە یادی ناكات

سەرچاوە: KDP.info

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

بەشی2...

ئیدریس مستەفا بارزانی ئەو سەركردەو سیاسەتوانە كارامەیەیە كە مێژوو شانازی پێ دەكات و خاوەن خەباتنامەیەكی زێڕینە لە پێناو كوردو كوردستاندا. شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی پەروەردەی قوتابخانەی رێبازی باوكی نەتەوەیی كورد بارزانیی نەمر بوو، كە هەموو ژیانی خۆی لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و بۆ سەرفرازی میللەتێكەی تەرخان كردبوو. ئەمڕۆو ئایندەش وەك سیمبوڵێكی نێو قوتابخانەی كوردایەتی بە سیفات و ئەدگارە باڵاو نمونەییەكانی رۆشنایی دەبەخشێتە هزرو روانینەكانی نەوەكانمان. كاكە ئیدریس كەسایەتی و سەركردەیەك بوو كە هەرگیز مێژوو لە بیری ناكات و رۆڵە بە وەفاو دڵسۆزەكانی بە فەخرەوە یادی دەكەنەوەو رێز لە خەبات و تێكۆشانی دەگرن.

--- لە ساڵی 1985 لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی نەتەوەیی هێزە شۆڕشگێڕەكانی عەرەبدا بەشدار دەبێت كە لە لیبیا بەستراوە.

--- لە 17/11/1986 كۆبوونەوەیەك لە گەڵ جەلال تاڵەبانی دا ئەنجام دەدەن بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی و دروست كردنی هاوكاری پێویست لە نێوانیاندا.

--- لە 24/12/1986 لە كۆنگرەی پشتەوانی گەلی ئێراق كە لە تاران بەستراوە بەشدار دەبێت، بوێرانە دەنگ و داوای كێشەی گەلی كورد و شۆڕش و مافەڕەواكانی بەرزدەكاتەوە.

ژیان و شۆڕش لە لای ئیدریس بارزانی بە یەكەوە بەندبووە

دوای نسكۆی 1975 بە رێنمایی بارزانیی نەمر رۆڵی پێشەنگ و گاریگەری لە رەتكردنەوەی ئەو واقیععە تفت و تاڵەدا بینیوە. هەستی بە بەرپرسیارێتێكی مێژوویی گرنگ كردووەو زانیویەتی گەل و شۆڕش لە حاڵی خەتەرناكدان و دەبێ هەموو هەوڵ و توانایەك بە گەڕ بخرێ. سەرەڕای هەلومەرجی سەخت و دژواری ئەو كات و كۆسپ و هەڕەشەكان و فشارەكانی لە ئارادبوونە، بەڵام كاك ئیدریسی بارزانی بەرامبەر رووداوو كارەساتەكان بێ ئومێد نەبووە. ماندوونەناس و ورە بەرزە بووە، وەك سەركردەیەكی بە توانا تێگەیشتووە زۆر كۆسپ و تەگەرە لە رێگەدان بۆ گەیشتن بە داواو ئامانجی گەلی كوردو درێژەپێدانی شۆڕش كە پێویستیان بە قوربانیدانی زۆر هەیە و دەبێ هەموو لایەك بەرگە بگرن و رووبەرڕووی ببنەوە و بیرو ورەی خەڵكی و پێشمەرگە بە حەتمییەتی سەركەوتن و هەڵسانەوە پتەو بكرێت و، چالاكییە سیاسی و دیبلۆماسی و لەشكرییەكان دەبوژینێتەوە، پەناهەندەكان نیشتەجێ و تەیار دەكاتەوە و جۆرە دۆخێكی گونجاویان بۆ دابین دەكات و یارمەتی و كۆمەكیان پێ دەبەخشێ و ئەم كارە بە سەرچاوی هەڵسانەوە و بەرزكردنەوەی گڕی شۆڕش لێكداوەتەوە، بەگشتی لە ناوخۆ و لە دەرەوە جموجۆڵێكی رێكخستن و عەسكەری و دیبلۆماسی دەنێتەوە، وەكو كلیلی شۆڕش توانیەتی سەرەتایەكی نۆی لەو واقیعە سەخت و تاڵەدا بهێنێتە ئاراو تەعدای هەرچی ناخۆشی و گرفت و هەڕەشە و فشارێك بكات و گیانێگی تازە بخاتەوە بەر شادەمارەكانی شۆڕش و پارتی.

كاك ئیدریس و سەرۆك مسعود بارزانی سەلماندیان كورد نامرێت و شۆڕش بەردەوامە

 كاك ئیدریس بارزانی لە گەڵ سەرۆك مسعود بارزانی دا براو هەڤاڵێكی زۆر بەڕێز و خۆشەویستی یەكتر بوونە، لە تێكۆشاندا هاوكارو هاوپشتی قایمی یەكتر و دوو هاوسەنگەرو دوو هێزی مەعنەویی و كۆڵەگەی پڕ توانا و هێزی رێبازی كوردایەتی و شۆڕشی كوردستان بوونە، كاك ئیدریس بارزانی وەك چیایەك هەمیشە پشتی سەرۆك مسعود بارزانی بووە و هیچ شت و كەسێ نەیتوانیوە كار لە برایەتی نێوانیان بكات . دوای پیلانە شۆمەكەی جەزائیرو سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی 26 ی گوڵانی نیشتمانی پێشكەوتنخواز كە ناحەزانی نەتەوەی كورد هەوڵیان داوە بە بەردەوامی پێكۆڵی بكەن و جارێكی دیكە شۆڕشی كوردی سەرهەڵنەداتەوە، هەردووكیان وەكو سەركردەی كورد سەلماندیان كورد نامرێت و شۆڕش بەردەوامە و سەركەوتن نزیكە. لەو سەردەمەی بڕوا بە سەركەوتن لە بار چووبوو رژێمی سەدامی خوێنمژ رۆژ بە رۆژ بە هێزتر دەبوو، لە بەرامبەردا كاك ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی هەوڵی كۆكردنەوە و یەكخستنی هێزی كوردییان دەدا و مێژووی نوێی كوردیان لە كۆتاییەكانی سەدەی بیستەم بە سەركەوتن تۆمار كرد و دوژمنی كورد و مافەكانی مرۆڤ تووشی شكەستی یەك لە دوای یەك دەهاتن.

ئیدریس بارزانی لە گەڵ پێشمەرگە و جەماوەردا

كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد وەكو سیاسەتوانێكی بلیمەت بیری لە سەنگی كاریگەری جەماوەرێتی كردۆتەوە و باش دركی بە كاردانەوەكانی بوون یا خود نەبوونی ئەم لایەنە گرنگە كردووە. ئەو لە ناو هەموو چین و توێژو كەرتەكانی كۆمەڵدا تەئسیری سەرنج راكێش و پەیوەندی گەرم و گوڕی سازداوە. پیاوێكی میهربان و هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازاری خەڵكی بوو، پەناگەی هەژاران و لێقەومان بوو، رۆژانە خەڵكی دەبینی و لە هەموو چین و توێژەكان سەردانیان دەكردن و یارمەتی مەعنەوی و مادی دەدان، هانی قوتابیان و لاوانی دەدا دوای تەواوكردنی خوێندن بڕۆنە دەرەوە بخوێنن و بگەڕێنەوە خزمەتی وڵاتەكەیان بكەن و زۆر لاوی كورد رەوانەی دەرەوە كرد، كە گەڕانەوە مرۆڤی لێهاتوویان لێ دەرچوو، هەروەها داوای دەكرد كە ژێرخانی ئابووری وڵات لە دوای ئازادی بە هێز بكەن، وڵاتی ئێمە لە لایەنی ئابوری داگیركەر وێرانی كردوە پێویستی بە ئێوە هەیە. ئەو شوێنەی جەماوەری لێبوایە مەیدانی خەباتی كاك ئیدریس بارزانی بوو، داخوازی رۆژانەیانی ئەوەی لە توانادابوایە جێبەجێ دەكردو دەچوو ناو جەماوەرو جەماوەر دەهاتە لای و ئەركی بە جەماوەر دەسپاردو مرۆڤ لە مەجلیسی كاك ئیدریس بارزانی تێر نەدەبوو، پێشمەرگەیەك دەگێڕێتەوە، هەندێ جار مرۆڤ لە سەركارێك زۆر تووڕە دەبوو، كە دەچووی لای كاك ئیدریس بە شێوەیەك لە گەڵ مرۆڤ دەدوا، مرۆڤ كاری خۆی لە بیر دەچووە، كاتێ مرۆڤ لای ئەو دەردەچوو بە خۆشحاڵی دەردەچوو، پاشان مرۆڤ دەیزانی كاری خۆی لە بیر كردووە. ئیدریس بارزانی هەمیشە هاودەردو خەمخۆری خێزان و منداڵانی شەهیدان بووە بە رادەیەك كە كەسوكاری شەهیدان زۆر سەبوورییان پێ هاتووە، چونكە هەوڵیداوە گیروگرفتەكانیان بۆ چارەسەر بكات و بە چاوی باوكێكی دڵسۆز سەیری منداڵانی شەهیدان كردووە و هەركات و لە هەر بۆنەیەكدا بەسەریكردوونەتەوە، هەوڵی داوە لە نزیكەوە لە كێشەی جەماوەر بكۆڵێتەوەو زۆر تێكەڵیی دەكردن. هەردەم دووپاتی كردۆتەوە كە دەبێت مرۆڤ پیاوی عەمەل بێت نەك قسە. ئیدریس بارزانی بە سەر بەرزیەوە خۆی لە ناو شۆڕشگێرو پێشمەرگەدا جیا نەكردۆتەوەو بە سادەیی ژیاوە و هەر شەوە لە بن ئەشكەوت و بن بەردێك بە بێ جیاوازی هەڵیكردووە. هەربۆیەشە بە تایبەتی پێشمەرگە زۆر خۆشیان ویستووە و گوێڕایەڵی بوونە و فەرمانەكانیان جێبەجێ كردووە. هەر بەرەیەكی شەڕیش كاك ئیدریس بارزانی فەرماندەیی بكردبایە بێگومان سەركەوتنی بەدەست دەهێنا، چونكە شەڕوان و پارتیزانێكی زۆر شارەزا بوو وەكو دیوارێكی پۆڵایین لە پشتی پێشمەرگە راوەستا بوو. ئیدریس بارزانی كارەكانی بە بەرنامە بوون، لە نەبوون هەبوون و لە بێ ئومێدی ئومێدی دروست دەكرد، هیچ كاتێك لە مەیدانی خەبات ماندوونەدەبوو. كاك ئیدریس بارزانی لە مەیدانی خەبات زۆر لە دۆست و هەڤاڵانی خۆی دەناسی و پەیوەندی و هەڤاڵبەندی بەدیدەهات، زۆرن لەوانەی كە دەڵێن لە زۆزك و هندرێن ناسیاویمان لە گەڵ كاك ئیدریس بارزانی پەیدا كرد، یانی هەر لەوێ پرسیار بۆ مرۆڤ دروست دەبێ كاك ئیدریس لەوێ كوردایەتی دەكردو وەكو پێشمەرگەی مەیدان بوو رێنمایی و سەركردایەتی دەكردن. بە چەشنێكی دڵسۆزانە كارەكانی بەرهەم دار بوون بۆ شۆڕش و هاندانی خەڵك بۆ ناو مەیدانی خەبات.

 

كاك ئیدریس و ژیانی پارتایەتی

 كاك ئیدریس بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە، لە كاری حیزبایەتی بە دیسپلین بووە، بۆیە پیشتوانی لە كادیرو پێگەیاندنی كادیر دەكرد و دەیزانی قورسایی كاری پارتی زیاتر لە سەر ملی كادیرە بۆیە خۆی لە كادیر نزیك دەكردەوە و هاوڕێیەتی لە گەڵدا دەكردن و لە كاردا گەرمی دەكردن و لە زۆر كۆڕو كۆبوونەوە و كۆنفراس بەشداری كردوە و دەیفەرموو: حیزب بۆ ئێمە ئامانج نییە، بەڵكو رێگایەكە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئەو بە جوانی لە كاری سیاسەت خۆی پێگەیاند بوو، كاك ئیدریس بارزانی باش لە حیزبایەتی تێگەیشتبوو دەیزانی حیزب دەبێتە ناوەندی دروستكردنی بڕیار وەرگرتنی بڕیار و كاركردن بەو بڕیارە، كارەكان و هەڵوێستەكان دروستكەری كادر بوون بە ناوەڕۆكێكی نەك تەنیا بە ناو، لە كۆنفراسێكی لقی 8ی پارتی لە كەرەج فەرمووی: ئێوە هەوڵی زۆری ئەندامان نەدەن، هەوڵی پەروەردە كردن بدەن كە ببنە باشترین خەباتكاری گەل و وڵات و پشوودرێژانە كار و بەرنامەی حیزباتی پێڕەو بكرێت. كاك ئیدرس بارزانی دەیزانی سەركەوتن مسۆگەرە و پارتەكەی كە بە پارتی بارزانیش ناو دەبرێت كەلەپورێكی لەبن نەهاتووە.

تیبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4493) رۆژنامەی خەبات(30/1/2014) بڵاوبوویتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار