ئیدریس بارزانی ئەو سەركردەیەی مێژوو لە یادی ناكات

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
بەشی یەكەم
ئیدریس مستەفا بارزانی ئەو سەركردەو سیاسەتوانە كارامەیەیە كە مێژوو شانازی پێ دەكات و خاوەن خەباتنامەیەكی زێڕینە لە پێناو كوردو كوردستاندا. شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی پەروەردەی قوتابخانەی رێبازی باوكی نەتەوەیی كورد بارزانیی نەمر بوو، كە هەموو ژیانی خۆی لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و بۆ سەرفرازی میللەتێكەی تەرخان كردبوو. ئەمڕۆو ئایندەش وەك سیمبوڵێكی نێو قوتابخانەی كوردایەتی بە سیفات و ئەدگارە باڵاو نمونەییەكانی رۆشنایی دەبەخشێتە هزرو روانینەكانی نەوەكانمان. كاكە ئیدریس كەسایەتی و سەركردەیەك بوو كە هەرگیز مێژوو لە بیری ناكات و رۆڵە بە وەفاو دڵسۆزەكانی بە فەخرەوە یادی دەكەنەوەو رێز لە خەبات و تێكۆشانی دەگرن.
ئیدریس مستەفا محەمەد عەبدولسەلام بارزانیی لە ساڵی 1944 لە گوندی (بارزان) كە مەڵبەندی خواپەرستی و كوردایەتی و بەرخودان لە دایك بووە، كوڕی رابەری مەزنی كورد مستەفا بارزانیی نەمرە، لە نێو هەلومەرجی شۆڕشی بارزان 1943-1945 و بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو كات و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهابادو رووداوەكانی دوای جوانەمەرگ كردنی ئەو كۆمارەو هەروەها سەروبەندی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەست پێشخەری و سەركردایەتی بارزانیی نەمر، هاتۆتە دونیا. هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە تێكەڵ بەو بارودۆخە دەبێت و رەوتی ژیانی دەست پێ دەكات.
ساڵی 1947 بارزانیی نەمر لە گەڵ 500 لە هەڤاڵانی، كە لە رێڕەوێكی مێژوویی دا توانیویانە داستانێكی گەورە لە مێژوودا تۆمار بكەن و خۆیان بگەیەننە یەكێتی سۆڤیەتی جاران، كاك ئیدریس بارزانی ئەو كات تەمەنی 4 ساڵان دەبێت، لەگەڵ خانەوادەكانی بنەماڵەكەیاندا دووچاری مشەختی و دەربەدرەیی دەكرێن و بەدەست بەسەری بۆ خواررووی ئێراق دوور دەخرێنەوە لە لایەن رژێمی ئەو كاتی ئێراقەوە، بۆ ماوەی 11 ساڵ تووشی ژیانێكی پڕ ئەستەم دەبن لە شارەكانی بەسرا و موسڵ و بەغدا، لەو ماوەیەدا كاك ئیدریس بارزانی لە وادەی خۆیدا دەخرێتە بەر خوێندن و لە گەڵ ئازارو زەحمەتییەكانی ژیانی ئاوارەییدا درێژە بە خوێندن دەدات، تا گەڕانەوە سەر بەرزانەكەی بارزانیی نەمر بۆ ئێراق و كوردستان لە پاش شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958ی ئێراق كە ئەو كات كاك ئیدریس بارزانی لە بەغداد خەریكی خوێندن دەبێت و دوای ئەو دابڕانە زۆرە بە دیداری بارزانیی باوك و رابەر شاد دەبێت و دواتر دەگەڕێنەوە ئامێزی زێدی باو باپیران لە خاكی كوردستان.
لە ساڵی 1961 كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەرپا دەبێت بە رابەرایەتی بارزانیی نەمرو پارتی دیموكراتی كوردستان كاك ئیدریس بارزانیی وەكو پێشمەرگەیەكی ئەو شۆڕشە مەزنە دەچێتە ئامێزی سەنگەرەكانەوەو لێرەوە قۆناغی دووەم لە رەوتی ژیان و تێكۆشانی دەست پێ دەكات، كە هەر لە سەرەتاوە وەك كەسێكی دیار لە نێو شۆڕشی ئەیلوول دا بە دەردەكەوێ، بەهۆی لێهاتوویی و ئەو توانادارییەی هەیبووە هەر زوو لە نێو شۆڕش و پارتی دا ئەركێكی زۆری بۆ دێننە ئاراو ئەویش بوێرانە دەچێتە پێش و ڕۆڵ و جێگەیەكی بەرچاوی دەبێت. بارزانیی نەمر وەك باوك و مامۆستا و سەركردە گرنگی پێدەدا و هەوڵی پێگەیاندنی دەدات بۆ ئەوسا و ئایندەی شۆڕش و پارتی.
لە مانگی یەكی 1961 فەرماندەی سەربازی رژێم لە مێرگەسۆر داوای دیتنی كردووە ئەویش لە گەڵی دا دانیشتووە، لەو كارەدا نیازی خراپیان بەرامبەر كاك ئیدریس هەبووە و ویستویانە بیگرن، بەڵام بە ئازایی و هۆشی خۆی لە دەستیان رزگاری بووە.
لە ساڵی 1964 بارزانیی نەمر بۆ ڕاپەڕاندن و هاوكاری كردنی لە ئیش و كاری پێشمەرگە و ئیدارەی عەسكەری لە ناوچەی بارزانەوە دەیباتە لای خۆی، كە ئەو سەردەمە بارزانیی نەمر لە ناوچەی رانیە و دەورووبەری بووە، و لەوێ لێپرسراویەتی ئیداری و پێشمەرگایەتی پێ دەسپێرێت.
لە مانگی پێنجی 1966 راستەوخۆ سەرپەرشتی داستانی بە ناو بانگ و سەركەوتووی چیای هندرێن دەكات، كە لە رووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ تانك و تۆپ و تەیارە و هێڕشی سەربازی رژێمی ئەو كاتی ئێراقدا مقاوەمەت و سەركەوتنێكی مەزن تۆمار دەكرێت بە سەرپەرشتی كاك ئیدریس بارزانی كە هەموو پێداویستییەكی مەعنەوی بۆئەو سەر كەوتنە دابین كردووەو لە سەنگەرەكانی مەیدانی داستانەكانەدا وەكو پێشمەرگە و وەكو سەركردەیەكی پڕ توانا و ورە بەخش دەوری سەرەكی گێڕاوە.
--- لە 1/5/1967 دەكرێتە سەرۆكی دەستەی كارمەندانی بارەگای بارزانی نەمر.
لە ساڵانی 1969- 1970 لە رووداوەكانی ئەو كات و پێشهاتەكاندا چ لە ناو شۆڕش و چ لە وتووێژ لە گەڵ رژێمدا ڕۆڵی یەكجار گرنگ دەگێڕی. لە بە دەست هێنانی رێكەوتننامەی مێژووییەكەی 11ی ئاداری 1970 دا دەورێكی پێشەنگی دەبێت و بە عەقڵ و گیانێكی ژیرانەوە و دیبلۆماسییانەی كاریگەر هەڵسوكەوت دەكات.
--- لە 11ی ئاداری 1970 لە كاتی خوێندنەوە و راگەیاندنی رێككەوتنی 11ی ئادار لە بەغدا لە گەڵ وەفدی شۆڕشدا ئامادە دەبێت.
دوای ئەو رێكەوتننامە مێژووییە لە كاتێكدا وەكو نوێنەری شۆڕش سەر قاڵی كاروبارەكانی پەیوەندی نێوان شۆڕش و حكومەتی بەغدا دەبێت، دەكەوێتە بەر پیلانێكی ناحەزان و تەقەی لێدەكرێت، بەڵام بە پیشتوانی خوا لەو پیلانە دەرباز دەبێت.
--- لە كۆنگرەی 8 ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 1970 بەستراوە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژیردرێ و دواتر دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتكاری مەكتەبی عەسكەری.
--- لە 15/11/1970 ئامادەی كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی دەبێت بە سەرپەرشتی سەرۆك مسعود بارزانیی كە لەگەڵ گۆرگیس مەلیك چەكۆ ئەنجامی دەدەن دەربارەی چارەسەر كردنی گرفتەكانی ئاشورییەكان.
--- لە 8/3/1974 بە نوێنەراتی شۆڕش دەچێتە بەغدا بۆ وتووێژ لەگەڵ حكومەتدا كە لە رێكەوتنامەی 11ی ئادار حكومەتی بەغدا پاشگەز بوو بووەوە، تا هەوڵ بدرێ چارەسەرێكی گونجاو بدۆزرێتەوەو شەڕ لە نێوان شۆڕش و حكومەتدا بەرپا نەبێتەوە.
--- بەڵام بە هۆی ئەو پیلانە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەی لە ئارادا بووە وتووێژەكان بە ئەنجامی باش نەگەیشتووە و شەڕ لە ساڵی 1974 دەست پێ دەكاتەوە، دواتر لە نێوان حكومەتەكانی ئێران و ئێراقدا لە جەزائیر رێكەوتنامەیەك سەبارەت بە لە باربردنی شۆڕشی ئەیلوول مۆر دەكەن و لە ساڵی 1975 بۆ ماوەیەكی كورت شۆڕشی چەكداری دەوەستێ. لە بەرامبەر ئەو واقیعەی تاڵەدا وەكو سەركردەیەكی بە ئەزموون بە رێنمایی بارزانیی نەمر سەرٍەرای هەڕەشە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتییەكان و گرفتە ناو خۆییەكانی كە دروست ببوون لە ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا كاك ئیدریس بارزانیی بە تواناداری و ئیرادەی بەرزی دەكەوێتە هەوڵ و ململانێ لەگەڵ هەلومەرجەكەدا و مێرخاسانە شان دەداتە بە ئەركی رێكخستنەوە و جۆشدانی شۆڕش و زیندە بە چاڵكردی پیلان و گرفتەكان و دەتوانێ هاوشانی سەرۆك مسعود بارزانی وەك سەركردەیەكی قارەمان درێژە بە شۆڕش بدات.
لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتمانی پێشكەوتنخوازدا كە لە گوڵانی 1976 بەر پا بووە، ڕۆڵ و كاریگەری ئیدریس بارزانی بە رادەیەكە كە هەوڵ و كۆششی بێ وێنەی ئەو بە داینەمۆو ناوەندێكی مەعنەوی و سەرەكی و كارا تۆمار بووە لە بەرامبەر ئەو دۆخ و گۆڕانانەی ئەو كاتەدا.
-- لە 19/6/1976 دەبێتە سەرپەرشتكاری ئاوارەكانی دوای نسكۆی 1975 لە ئێران.
--- لە دامەزراندنی (سەركردایەتی كاتی) ڕۆڵی گرنگی دەبێت و لە ماوەی ساڵانی 1976-1979 وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو سەركردایەتییە كاتی یە لە بە هێزكردنی ریزەكانی پارتی و شۆڕش و بە تایبەتی كاروبارە سەربازی و دیبلۆماسییەكان لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەورێكی مێژوویی دەگێڕێت.
--- لە كۆنگرەی 9ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 1979 بەستراوە، بە ئەندامی كومێتەی ناوەندی و پاشان بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژیردرێ، دواتر دەبێتە سەرپەرشتكاری مەكتەبی عەسكەری و پاشان لێپرسراوێتی بەشی پەیوەندی گشتی لە ئەستۆ دەگرێت.
--- لە مانگی 2ی 1979 بە سەرۆكایەتی وەفدی پارتی، سەردانی ئیمام خومەینی دەكات لە پاش روخانی حكومەتی شای ئێران و سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، دەتوانێ پەیوەندییەكی دیبلۆماسی سەركەوتووانە لە گەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو شۆڕشەدا رێك بخات. هەر لەو ساڵانەدا بۆ كاری دیبلۆماسی سەردانی سوریا و لیبیا و سەركردەكانی فەلەستین و چەند وڵاتێكی ئەوروپی دەكات.
--- لە ئاداری 1979 پاش بە خاك سپاردنی تەرمی بارزانیی نەمر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان وتارێك لە بەردەم 300 هەزار هاوڵاتی كورد پێشكەش دەكات بۆ بەشداری كردن لە ناشتنی تەرمی بارزانیی نەمر ئامادە ببوون.
--- لە 28/11/1980 هۆكارو سەركردەیەكی دیار دەبێت لە دامەزراندنی بەرەی جود: پارتی، شیوعی، پاسۆك، سۆشیالیست، كە ئێراقی بەرەیەكی دیكەیان پێك هێناوە بە ناوی شۆڕشی ئێراقی ئەو دەسكەوتە لە واقیعدا كاری بەرەیی دەوڵەمەندتر كردووە لە ئاستی ئێراقدا. لێرەوە وەك هەمیشە ئیدریس بارزانی رۆژ بە رۆژ بە گوڕ و تینتر خەریكی خزمەت و بەرژەوندییەكانی رەوتی شۆڕش و خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. هەرچی زیاتر هەوڵ و كۆشش دەكات تا سەركەوتنی شۆرش و پارتی و یەكڕیزی هێزە سیاسی و شۆرشِگێڕە كوردستانییەكان و هاوپەیمانی لایەنە ئێراقییەكان و هاوسۆزی لایەنە دەركییەكان پتەو و بەتینتر بكات.
تیبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4492) رۆژنامەی خەبات(29/1/2014) بڵاوبوویتەوە.




