2كوڕی هەڤاڵی بارزانیی نەمر لە دوای 53 ساڵ گەڕان بە دوای باوك و خزم و كەسوكاریان بە كوردستانی دایك شاد دەبێتەوە

(خورشیدهەمیرە و رەمەزان هەمیرە) 2كوڕی هەڤاڵی بارزانیی نەمر
لە دوای 53 ساڵ گەڕان بە دوای باوك و خزم و كەسوكاریان بە كوردستانی دایك شاد دەبێتەوە
سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
لاپەڕەكانی كاروانی شۆرش و رێبازی كوردایەتی پڕن لە داستان و بیروەری قۆناغەكانی تێكۆشان و خۆڕاگری، كە مێژووی 12 ساڵەی ئاوارەیی بارزانیی نەمرو هەڤاڵانی لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران بەشێك لەو بەهاو سەروەریانە لە خۆدەگرێ، لایەنێك لە بیروەرییەكانی ئەو رۆژانە ئەوەیە كە زۆربەی هەڤاڵان لەو غەریبیەدا ژیانی هاوسەریان پێكهێناوەو دوای گەڕانەوەش هەندێ لەو ئافرەتانەی بونەتە هاوسەری هەڤاڵانی بارزانیی نەمر لەوێ ماونەتەوەو ئێستا لە سایەی ئازادی كوردستان خۆیان یان مناڵەكانیان سەردانی خزم و ناسیاوەكانیان دەكەن. (خورشیدهەمیرە و رەمەزان هەمیرە) هەردوو برا بوون كە لەگەڵ دایكیان دەمێنیتەوەو باوكی ئەنفالكرەیان (هەمیرە قادر مامیسكی) باوكی پێشمەرگەی شۆڕشی دووەمی بارزان و بەرگری لە كوردستان لە مەهاباد و چوونی بۆ سۆڤیەت و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، لە 10/8/1983 لە كۆمەڵگای دیانا لەگەڵ كەسوكاری ئەنفال دەكرێت، ئەم دوو برایە بەڕێزە سەربوردەی خۆی دەگێڕێتەوە كە دوای( 53) ساڵ گەڕان بە دوای باوكی چۆن هاتووەتە كوردستان. هەردوو برایەكان كچەكانیان ئەلبینا و گوزەر لەگەڵیان هاتبوون، دوای چەند رۆژ هاتنەوە بۆ كوردستان چوومە ماڵی خۆشەوی عەلی باپیر كانیەلێنجی، سەردانی ئەو دو برایم كرد كە ئەو رۆژە بوو سەردانی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی یان كردەبوو، خۆم پێ ناسان و سڵاو و رێزی رۆژنامەی خەباتم پی راگەیاند، ئەویش وێڕای سوپاس كردین. بە پێویستمانزانی لە نزیكەوە ئەم دوو برایە بەڕێزە بناسین و ئاشنای خوێنەرانی ئازیزی بكەین . لە كاتی بەسەرهاتنیان چەندین وێنەی لای خۆی پاراستبوو كە زۆر سەبری پێ دەهات. كەوتینە پرسیاركردن و بە سوپاسەوە بەڕێز (ئیندا شەریف) كە قوتابی زانكۆیە لە روسیا پرسیارو وەڵامەكانی بۆ وەردەگێڕاینە سەر زمانی كوردی..
· لە سەرەتا داوامان لە (خورشید هەمیرە) كرد باسی ژیانی خۆی بكات؟
من خورشید هەمیرە قادر مامیسكی، لە ساڵی 1955 لە تاشكەند بووم، كوڕی هەڤاڵێكی بارزانیی نەمرم كە دوای ئەوە باوكمان لەگەڵ هەڤاڵانی هاتبوونە ئەو وڵاتەو دوای دابەش بوونیان بەسەر ناوچەكان و گوندەكانی دوورنشین لە ئوزبەگستان، خانەوادەی دایكی من كە ئەوەكات بە هۆی شەڕی نێوان ئەڵمانیا و روسیا بنەماڵەكەیان نەفی كرابوون و دایكم باوكی خۆی دەست داوە، دایكم 2خوشك و برایەكی هەبوو لە گەڵ دایكی من و خۆشكی دایكم بە تەنیا مابوون، وەك دایكم بۆمنی باس دەكرد، كەم ژیان و تەنها من مابوومەوەو تەمەنم 5 ساڵ بووە كە لە سۆڤیەت لە گەل دایك و باوك و هەڤاڵەكانی بارزانیی نەمر لە ساڵی 1959 گەڕاێنەوە كوردستان. (رەمەزان)ی برام لە ساڵی 1960 لە كوردستان لە دایكبوو، ئێمە چووینە گوندی مامیسكی سەر بە دەڤەری بارزان دوای ماوەیەك دیسان دایكم و برای بچوكم رەمەزان چووینە سۆڤیەتی جاران. چونكە شەڕ دەستی پێكردو دایكم غەریبی وەڵاتی كرد، ئێستاش نازانم دایكم بۆچی گەرایەوە وەڵاتی خۆی دوای یەك ساڵ لە كوردستان. ئێستاش باوەڕناكەم كە بەڕاستی لە كوردستان لەگەڵ كەسوكارم دا دەژیم.
· دواتر پرسیارم لێی كرد،دوایی گەرَانەوەتان بۆ سۆڤیەتی جاران،چیتان كرد؟ (خورشید هەمیرە) گوتی:
دوای گەڕانەوەمان بۆ سۆڤیەتی جاران، تەمەنم 6 ساڵ بوو، برایشم بچووك بوو، دایكم نەخۆش بوو و ئێمە لە گەڵ داپیرمان دایكی دایكمان ماینەوە و ژیانمان زۆر بە رەزالەت گوزەراند،چونكە دایكم زۆر نەخۆش بوو و هەروەها داپیرمان ئێمەی بە خێو دەكرد، پاشان ئێمە لە قوتابخانەی بی باب و دایك دەرسمان خوێند، لەبەر ئەوەی دایكم نەخۆش بوو و باوكیشمان نەبوو،حكومەت روسیا خوێندی ئێمەی لە ئەستۆی خۆی كرد، من برایەكەم خوێندمان لە زانكۆ تەواو كردو دوای ساڵانێك وەك مامۆستا خزمەتمان كرد بە وڵاتی روسیا پاشان خانەشین كراین، باوەڕ بكەن بۆئێمە زۆر نەخۆش بوو لە نەبووبی بی بابی، منیش پێم خۆش بوو كە باوكمان هەبێت لە گەڵمان دابێت كە بەڕاستی زۆر جێی سەرنجم بوو كە بزانم دوای من كێم؟ بۆ باوكم كوردە و دایكم رووسیە؟ بۆ دایكم گەڕایەوە؟ ژیان زۆر ناخۆش بوو، لە نەبوونی باوكم ئێمە زۆر ناخۆشیمان بینی و دایكم بە نەخۆشیەكەی لە گەڵ داپیرم من و برام رەمەزان زۆر بەرەزالەت گەورە كرد تاكو بخوێنم و ئیشمان دەكرد بۆ بژیوی ژیان، كە تەمەنم گەورە بوو رۆژ بە رۆژ سۆراخی باوكم لە دایكم دەكرد و پێم دەگوت: دایكە، باوكم بۆناهێتەوە و لە كۆییە بۆ ناهێتە لامان؟ تاكو دایكم هەموو بەسەرهاتی بۆ من گێڕایەوە و گوتی: باوكت لە گەڵ 500 مرۆڤی شۆڕشگێڕ لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی لە دوای كۆماری كوردستان لە مەهاباد هاتوونە وڵاتی سۆڤیەت، ئەوان 62 رۆژ بە پیادە و سەختی و بە ناو كەمینی دوژمنان لە رووباری ئاراس پەڕیونەتەوەو كە گەیشتونەتە سۆڤیەت و دابەش كران، ژیانیان زۆر ناخۆش بوو و لە تاشكەند كە بۆ ئیش هاتبوومە ئیرە وەزعی باوكی تۆ و هەڤاڵەكانی بارزانیی نەمر زۆر نەخۆش بوو ژیان بە زەحمەت بو ئێمە ئەوانمان ناناسی و لە گەڵمان لە ناو باخەكان ئیشیان دەكرد، ئێمە زۆر هاوكاری ئەوانمان كرد منیش باوكی تۆ كە مرۆڤێكی بەرەحم و مرۆڤ دوست و خۆشەویست بوو بۆیە بوینە خۆشەویستی یەكترو لە ساڵی 1953 بووینە هاوسەری، هەرچەندە ژیانی ئەوان 3 ساڵ زۆر ناخۆش بوو و ئەوان خۆپێشاندانیان كرد، مەلا مستەفا بارزانی رێبەری كوردەكان كە مرۆڤێكی گەورە و مەزنە هاتە ناویان، ئەوان لە سۆڤیەت بە ئازادیخوازو قارەمان و میللەت پەروەر ناسراو بوون. باوكی تۆ هەموو سەرهاتی خۆی بۆ من باس كرد، تۆ زۆر بچوك بووی باوكت تۆی زۆر خۆش دەویست هەموو جار تۆی لە باوەشی دەكردو بە خۆی ناوی تۆی دانا، ئەوە ماوەیەی كە پێكەوە بووین ژیانمان بە خۆشی و ناخۆشی گوزەراندو هەمووجار هەڤاڵانی بارزانی لەوێ پێكەوەو هاتووچۆیان دەكردو لەوێش خەبات دەكرد و باوكت بە رۆژ ئیشی دەكردو بەشەویش دەیخوێند،دوای گەڕانەوەی كوردستان لە گوندی باوكت مامێسكی ژیانمان بردە سەرو لەبەر وەزع نەخۆشی و غەریبی وەڵاتم من لە گەلأ تو برات رەمەزان گەڕاێنەوە روسیا..
تاكوگەورە بووین بەردەوام سۆراخی باوكم دەكرد، دەچوومە هەرجێگایەك چەند وێنەكی باوكم هەبوو كە زۆر سەبرم پێ دەهات و لە بەرامبەر ئەو وێنانە وا هزرم دەكرد كە لە لای ئەوانم؟ هەروەها دایكم چەندین جار مەكتوب دەنوسی بۆ باوكم بەڵام هیچ وەڵامی نەبوو، لە كوردستان شەر دەستی پێ كردەبوو و دایكم لە ساڵی 1974 كۆچی دوایی كرد و هیوایەتم بووم رۆژێك باوكی خۆم ببینم وەك ئەو وێنەیەی كە باوكم منی لە باوەش كردوە. من باوەڕم هەبوو رۆژێك هەردیت كەسوكارم بدوزمەوە
· لە درێژە قسەكانیدا (رەمەزان هەمیرە) باسی چۆنییەتی دۆزینەوەی خزم و كەسی لە كوردستان كردو گوتی:
سوپاستان دەكەین كە لە رێگای رۆژنامەی خەبات بەسەرهاتی ئێمە دەنوسی كە بەسەرهاتی ئێمە دەنووسی كەچۆن دوای 53 ساڵ بە خاكی كورستان شادبووینەوە، بەراستی ئێمەزۆر دەردەسەری وغەریبیمان كێشاوە، من هەر باوكی خۆم نەبینی و كاتێك دایكی خۆم لە دەست دا تەمەنم 14 ساڵانە بوو و داپیرم ئێمە خوشكی دایكم زۆر باسی رابردووی باوكی من دەكرد كە چەند مرۆڤێكی دڵسۆز بوو لە گەڵ رابەریان بارزانیی نەمر و هەڤاڵەكان لە پێناو وڵاتیان رێگای سەرسەختیان هەڵبژاردەبوو، هەتا گەورە بوونمان بەردەوام سۆراخی كەسوكارمان دەگەراین،
· هەروەها چاومان بە گوزەر كچی رەمەزان هەمیرە كەوت، گوتی:
خۆشحاڵم كە هاتمەوە كوردستان نیشتمانەكەم بەلی باب و مامی من هەموو رێگایەك چوون كە بتوانن كەسوكاریان بدوزنەوە و كاتێك منداڵ بووم باوكم هەمیشە بە ئێمە منداڵەكان بە سەرهاتی خۆی دەگەڕایەوە كە چەند غەریب و دوورن لە نیشتمانەكەیان كوردستان.ئێمەش ئاواتمان بوو كە كەسوكارمان بدوزینەوە بەراستی ئەوە ی ئەمڕۆی من بە چاوی خۆم بینی هەموو راستیە، هەروەك باوكم بۆتانی گێرایەوە لە ساڵی 2010 لە كوردستان تەلفون بۆ خانەوادەی ئێمە كرا و دوای احوالپرسی پاشان گوتیان ئێمە كەسوكاری ئێوەین لە كوردستان و هەروەها سەرهاتی خۆیان بۆ ئێمە باس كرد باوەڕ بكەن من زۆر خۆشحاڵ بووم كە ئاواتی باوكم ومام دەكاتە ئامانج،پورە سورم قسەی دەكرد، كە سەیرە دوای 53 سالأ كەسوكارم تەلفونیان كرد دوای ئەوەندە چاوەروانی، دوای تلفونم بۆ باوكم كرد لە سەر كار بوو پێم راگەیاند كە دوای ئەو هەموو ساڵە كەسوكارت پەیوەندیان بە ئێوە كردوو دەڵێن تۆ خوشكیت هەیە لە كوردستان كە پوری ئێمەیە وەك ئێوە لە 2 برای خۆی دەگەڕیت.
· پاشان رەمەزانی هەمیرە گوتی :
وەك كچەكەم گوزەر بۆتانی باس كرد دواتر چوومەلای برام خورشید پێم گوت: برا گیان ئێمە كەسوكارمان دوزیتەوە لە كوردستان وهەروەها خۆشكی ئێمە سورم لە كوردستان پەیوەندی بە ئێمە كردوووە كە ئێوە چۆن بە دوای ئێمە دەگەڕان، بە هەمان شێوەش لە دوای ئێوە دەگەڕان، ئێمە نەماندەزانی چ بكەین بە لامان زۆر سەیر بوو كە دەمانگوت ئەوە خەونە یان ئاواتە، لە لایەك زۆر خۆشحاڵ بووین و لای تری ناراحەت بوین كە باوكمان ئەنفال كرابوو لەساڵی 1983 لە هەریر، ئەوەمان دەگوت خوزگە دایك و داپیرمان لە ژیان ساغ دوای ئاگادار كردنەوە من باوەڕ نەدەكرد كە دوای 53 ساڵ كەسوكارمان بە دوای ئێمە دەگەڕان..
· دواتر چاوەمان بە (سورمە هەمیرە) كە بە دوزینەوەی براكانی خۆشحاڵ بوو، گوتی:
زیاتر لە 30 ساڵ دەبێت من لە دوای برایەكانم دەگەرم، چونكە باوكی پێشمەرگەم هەمیشە لە دوای گەڕانەوەی هاوسەر و كوڕەكانی زۆر دڵگەران بوو و زۆری پێ ناخۆش بوو كە بۆچی گەڕانەوە ئێستاش ئێمە نازانین، باوكم هەمیشە دەیگوت: خۆزگە جارێكی تر چاوم بە منداڵەكانم كەویت، بەراستی من زۆر سوراخی براكانم لە زۆر كەس كرد لەو ئافرەتە روسیەكان كە ببوونە خێزانی هەڤاڵەكانی بارزانیی نەمر كە بە سەردان دەچوونە روسیا، تاكو لە ساڵی 2010 سەردانی كۆنسۆلخانەی روسیام لە هەولێر كرد و ئەو ناو نیشان و وێنەكانم هەنارد تاكو بتوانم ئەوان بدوزمەوە، تاكو بە رێگای كاك ئیندا شەریف زۆرهاوكاریی منیان كرد، دواتر بەمشێوەیە برایەكانم بۆتانی باس كرد یەكترمان دۆزیەوە و دواتر من لە مانگی 4ی 2013 چوومە روسیا سەردانی كەسوكارم كرد و بەراستی زۆر خۆش بوو چونكە ئەو ئاواتی باوكم و برایەكەم بە جێ هێنا و هەورەها لە گەڵ برایەكانم خورشیدو رەمەزان لەویدا هەموو بەسەرهاتم بۆ ئەوان گێرایەوە كە چوون ئێوە بە دوای ئێمە دەگەڕان ئێمەش بە هەمان شێوە بە دوای ئێوە دەگەڕاین ئەو وێنانەی كە چەندەها ساڵ لای خۆم پاراستبوو لەگەڵ خۆم برد، ئەوانیش هەمان وێنەیان هەبوو، ئەوانیش بە گەرمی خێرهاتنی منیان كرد و بە ئەوانم گوت: باوك و برا و كەسوكارم ئەنفالكراون و خزم و كەسمان لە كوردستان هەیە، كوردستان ئێستا زۆر جیاوازی هەیە لە گەڵ ئەوكاتەی كە لە ساڵی 1960 گەرانەوە.
· (خورشید رەمەزان هەمیرە )گوتی:
ئێمە دڵخۆشەر بووین كە خوشكمان سورمە سەردانی ئێمە كردووە،رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ من و برام رەمەزان كە ئەوەی خەون و خەیاڵی بوو بە واقیع، زۆر دەگریان لە لایەك باوك و برایەكانمان ئەنفالكراوەو لە لایەك كەس و كارم هەیە و لە لایەك ئەوانیش لە دوای من دەگەڕان كە بەراستی كەسوكارم لە كوردستان زۆر بە وەفا و رەحم بوون، دوای گەڕانەوەی خوشكمان سورمە ئێمە بریارمان دا كە بچین بۆ كوردستان.
· دوایی لە ئاخەوتنەكانی بەردەوام بوو (خورشید هەمیرە) لە گەڵ برای خۆی(رەمەزان هەمیرە) كە دوای 53 ساڵ گەڕانەوە كوردستان؟ گوتی:
بەراستی من و برایەكەم بە هاوسەركەمان گوت دەچینە وڵاتی خۆمان كوردستان، هەرچەندە كەسوكارم زۆر هاوكاری و ئاسانكاریان بۆمن كردبوو و جێ خۆیەتی سوپاسی خوشكم سورمە و ئامۆزایەكانم بكەم كە زۆر هاوكارم بوون و زۆر شتیان بۆ من كردەوە لە رووی فیزا و پاسپۆرت،. كە هاتم بۆ كوردستان تا فرۆكەخانە هاوسەرو كچەكانم و نەوەكانم لەگەڵم بون، ئەوە بوو لە17/7/2013 دوای 53 ساڵ دابڕان و غوربەت لە دوورە وڵات لە فرۆكەخانەی هەولێر لە لای كەس و كارم و خوشك و ءئامۆزام بە گەرمی پێشوازیان لە ئێمە كرد، دوایی چووینە گوندی باوكم مامێسكی سەر بە دەڤەری بارزان لەویش كەسوكارم پێشوازیان لێم كرد بەراستی یادی ئەو رۆژكارە هاتم لە ساڵی 1960 كە گوندی باوكم زۆر گۆرا بوو لە رووی ئاودانی و ئاوەدانتر ببوو كە ئەو كات چووین وێران و هیچ ئاوەدانی نەبوو. هەروەها مام(مامەس مامیسیكی) هەڤاڵی بارزانیی نەمر بۆسۆڤیەت هەموو شتی بۆمن باس كرد كە بە منی راگەیاند باوكت چەندەها جار لە شۆڕشی ئەیلوول پەیوەندی دەكردو هەتامەكتوبی دەنارد بەڵام هیچ وەڵامی نەبوون و دوایی زانیم كە خەبات و ماندوو بوونی باوكم و رابەری كوردستان بارزانیی نەمرو هەڤاڵانی و خۆراگری پێشمەرگەكان و خوێنی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی كوردستان بە فیڕۆ نەچووە ئەو كوردستانە ئازادەی بەرهەم هێناوە. دواتر لە گەڵ خزم و كەسم چوومە سەر مەزاری بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندووە و سەر مەزاری ئەنفاڵكراوەكانی بارزانییەكان لە دەڤەری بارزان. پاشان لە لایەن جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی پێشوازی كراین زۆر كەیف خۆش بوو بە هاتنەوەی ئێمە و پاشان باسی رابردووی مێژووی باوكم و خەباتی بارزانیی نەمر و دەسكەوتەكانی ئەمرۆی بۆ ئێمە كرد ئەو شانازی بۆ ئێمە، بەراستی سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەرقراری و ئاشتی كوردستان خەبات دەكات و سەرۆكی ئاشتخوازە،هەروەها زۆر خۆشحاڵین كە جەنابی سەرۆك بارزانی كوری بارزانیی نەمر سەرۆكی كوردستانە و بە لێهاتوویی و دڵسۆزی ئەم دەسكەوتانە دەپارێزێت و پەرەیان دەدات..
· لە كۆتاییدا هەردوو برایەكان (خورشید و رەمەزان) گوتیان؟
دوای چەندەها ساڵ لە غوربەت كە گەڕاوینەتەوە كوردستان بۆ ئێمە وەك خەونێكەو لەو ماوەیەی هاتوویتەوە كوردستان سەردانی خزم و كەسوكارەكانم دەكەم و زۆر شوێنی كوردستان بەسەردەكەمەوە. زۆر سوپاسی تۆ دەكەم كە لە رێگای رۆژنامەی خەبات كە زمانحاڵی پارتیە هەمیشە ئێمەتان لە بیرە. هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
تیبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4489) رۆژنامەی خەبات(26-1-2014) بڵاوبوویتەوە.




