دڵەكان بەرەو ڕۆحی شەوكەت شێخ یەزدین

كەنعان بەهادین
لەو ساتەوەی خوای گەورەو باڵا دەست كەسێكی خۆش بوێت وا دەكات ئەو كەسە بخاتە نێو دڵی ئینسانەكانیش لەسەر ڕووی زەوی، جاڕی فریشتەكان دەدات و فەرمانیان پێ دەكات و دەفەرموێ: بڕۆن لەسەر زەوی ئیلهامی خۆشەویستی فڵانە كەسم بۆ بڵاو بكەنەوە ..چونكە من خۆشم دەوێت ..
شەوكەت شێخ یەزدین، پیاوێك تەنها كارو كردەوەی لێ دەگێڕنەوە، وێنەكانی تەنها لەنێو پڕۆژەو ئاوەدانییەوە دەبینرێ، دەستكراوەو دڵكراوەیی لێ باس دەكەن .
ئەوەی بینیوێتی و ناسیوێتی، زۆر وورد باس لە جوامێری و گەورەیی شەوكەت دەكەن، ئەوەی نەشیبینیوە خۆشی دەوێت .
شەوكەت شێخ یەزیدینیش خۆشەویستی خوایە، چونكە پلەی شەهیدی بە نسیب بوو و پاشان بوو بە شەكری دووونیا .
شەوكەت، فەرمانی خوای بەجێهێنا و كەوتە بەر ئاوەدانی خاك، چونكە دەیزانی ئەركی ئینسان وەك نوێنەری خوا لەسەر زەوی ئاوەدانی و لەنێوبردنی دووبەرەكی بوو .
شەوكەت شێخ یەزدین، ڕووخسارێكی پڕ لە بەرائەت و مرۆڤدۆستی هەڵگرتبوو، هەموو ئەوانەی خۆش دەویست كە كورد بوون و لەپێناو ئەو نیشتیمانەدا لە هەوڵ و تەقلادان .
شەوكەت كەم هەنگاوی نا، بەڵام گەورە گەورە جێ پێییەكانی هێشتەوە، پاش شەهید بوونی، هەستكرا كەسیتر نییە ئەو هەنگاوە گەورانە بەردەوامی پێبكات و ببێتەوە بە شەوكەتێكی تر .
ئەوانەی زوو مردنی سەربەرزانە هەڵدەبژێرن، مرۆڤی گەورەن، چونكە هەست بەوە دەكەن ئەوان پەیژەی زۆر بەرز سەركەوتوون، حەز بەوە دەكەن ئەوانەی خوارەوەش وەك ئەوان بەرز بنەوە بۆ مەردی و مرۆڤدۆستی .
شەهید شەوكەت رووخساری ڕووناكی بوو، دەستی چرا بوو، بینینەكانی تیشكی هەتاو بوون، بۆیە هێزی تاریكی كوێرببوو لە ئاست ئەو ڕەونەقەی شەهید شەوكەت .
شەهید شەوكەت بەرزە پرد بوو، ئاوەدانی ماڵی هەژاران بوو، باڵەخانەو ڕووخساری جوانی شار بوو، دەستی گەرمی پڕ لە ڕەحمەت و بەزەیی بوو .
شەوكەت شێخ یەزدین، شەهیدی فیردەوسولئەعلایە، بەبەرگی بە خوێنەوە، ئێستا لەمەحشەرەو سەرپشككراوە تا لەبەهەشت بحەسێتەوە .
ڕۆحیشی بەرزەفڕ لەئاست ئەو هەنگاوە ئاوەدانیەی كوردستان بەرز بەرز دەفڕێ و ئارام ئارام لە جوانبوون و ڕووناك بوونی شار دەڕوانێ .
شەهید شەوكەت، پێشڕەوی نوێژی شەهیدانی یەكی شوباتەو هەموو لە دوایەوە ئامینی دووعاكانی ئاوەدانی دەبێژنەوە .
شەهیدی سەربەرز بە ئارامییەوە سەری نایەوە، چونكە تێ گەیشت كاروانەكە ئیتر ناوەستێ و كورد كەوتە سەرپێ .




