سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئەوروپا و ئەمەریكا و بەهێزبوونی پێگەی كوردستان

رێبوار حەمەلاو شوانی
دوای ساڵانێكی زۆر شەڕ وماڵ وێرانی وكیمیاباران وئەنفاڵ و داگیركردن و دابەشكردنی كوردستان، ماوەی چەند سالێكە كە هەرێمی كوردستان لە رووی پێگەی سیاسی و پێشكەوتنی ئابوورییەوە توانیوێتی پێشكەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، بۆیە ئێستا لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە و جیهانەوە وەك وڵاتێكی سەربەخۆ مامەلەی لەگەڵ دەكرێت و هەروەها لەگەڵ چەندین وڵاتیش پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی بەهێزی هەیە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو تا بە ئەمرٍۆ، بە هەوڵ و تێكۆشانی گشت وهێزولایەنە سیاسییەكانی كورستان و خۆرٍاگری خەڵكی كوردستان و تێكۆشانی سەرۆك بارزانی هەنگاویی زۆری بەرەو پێشەوە ناوەوە، ئەم هەوڵ و تێكۆشانە لە بوارەكانی سیاسیی و ئابووری و دیپلۆماسی وایكردووە كە وڵاتانی ناوچەكەو جیهان بە چاوێكی پر متمانە و ئومێدەوە سەیری و مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن .
بە برٍوای من بەشداریكردنی سەرۆكی وڵاتانی زڵهێز و پێشكەوتوو لە كۆربەندی ئابووری جیهان، رەنگە بە شتێكی ئاسایی لە میدیاكانی جیهان گرنگی و ئاماژەی پێبدەرێت، بەڵام بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێمێك كە تا ئێستا لە ناوەندە نێو دەوڵەتییەكان بە شێوەیەكی فەرمی دانی پێدانراوە، خۆی لە خۆیدا گرنگی و بابەخی خۆی هەیە، چوونكە ئەوان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەو پێشكەوتنە ئابووری و سەقامگیرییانەی كە لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان فەراهەم كراوە و هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە دەیانە ساڵە بە فەرمی حكوومەتن و لە لایەكی دیكەوە بۆیان روون بۆتەوە كە هەرێمی كوردستان لە هەموو روویكەوە جیاوازی هەیە لە بەشەكانی دیكەی عێراق و خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی.
گەشت و سەردانی سەرۆك و بەرپرسانی باڵای زۆرێك لە وڵاتان بۆ ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ خودان بڕیاری سەنگینن و كاریگەری شوێن پەنجەیان سەردانی ئەمجارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، وەك جارەكانی دیكە، زیاتر وردبوونەوەیە لە كێشەی نەتەوەیی كورد و ناساندنی دۆز ە مافی گەلی كوردستانە كە دەیانە ساڵە بە هۆی زوڵم و ستەمی رژێمە یەك لە دوای یەكەكان نەیتوانیووە بە ببێتە خاوەن بریار و ئیرادەی خۆی، بەتایبەت لەم كاتەجا كە حكوومەتی بەغدا هاوشێوەی ساڵانی رٍابردوو هەمان سیناریۆ دووبارە دەكاتەوە كە سیاسەتی خۆشاردنەوە لە راستییەكان و گێچەڵكردن و شەرٍفرۆشتن و نەدانی مافە یاساییەكانی كورد دەدزێتەوە.
هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی و گرنگییەكی زۆری بۆ وڵاتانی ئەوروپا سیاسیەتی دەرەوەی ئەمریكا هەیە، بە شێوەیەك كە بەلای وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریكا زۆر گرنگە كە سەر لەنوێ لە رۆژهەێڵاتی ناوەراست هاوسەنگی نێودەوڵەتی نوێی رێكبخەنەوە. ئەو گۆڕانكاریەش، جگە لە بوونی سامانی سروشتی بەتایبەت نەوت، هاوكات سەرچاوەیی گرنگی جیۆسیاسی ـ ئابووری ناوچەكە وەرگرتووە.
بۆیە بانگهێشتكردنی سەرۆك بارزانی وەكوو هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپایی و كۆربەندی ئابووۆی جیهانی داڤۆس، خۆی لە خۆیدا پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەكی بەهێز و ماناداری بۆ وڵاتە زلهێزەكان نیشان دەدات . بە تایبەت كە ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لەسەر نەخشەی وزەی جیهاندایە و هەرێمیش هەنگاوەكانی كرانەوەی ئابووری و ئاسانكاری و پشتگیریی كەرتی تایبەتی دەست پێكردووە و سەرنجی وڵاتانی ناوچەكەو پیشەسازی ئابووریی جیهان بەلای خۆیدا رادەكێشێت.
لە لایەكی دیكەوە بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی ناوچەكە دەردەخات، بە هۆی ئەو هەوڵانەی ئەو بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوەكان لە هەرێمی كوردستان و دابینكردنی ئاسایشێكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە.
بۆیە بانگهێشتكردنی سەرۆك بارزانی لە دەرەوەی كارە فەرمییەكان و وەكوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بایەخێكی ئابووری و وزەی كوردستان بۆ سیاسەتی ئابووریی جیهان دەگەیەنێت. هەروەها بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان پیشان دەدات.




