نەوت و پەیوەندیی ستراتیژیی و هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی!

رێبوار حەمەلاو شوانی
دۆزینەوەی نەوت لە كوردستان هۆكارێكی زۆر گرنگ بوو بۆ گۆرانكاری سیاسیی و ئابوری وكۆمەڵایەتی و جوگرافیای كوردستان و بە زۆر ڵكاندنی كوردستان عێراقەوە كە خۆی لە خۆیدا مەبەستی سەرەكی تەنیا نەوت بووە، هەر بۆیە لەو كاتەوە تا بە ئەمرٍۆ و لە شۆرشە یەك لە دوای یەكەكانەوە كورد دەستی بە خەباتكردووە لە پێناو گەڕاندنەوەی بست بە بستی خاكی كوردستان لە دەست داگیركەران ورژێمە یەك لە دوای یەكەكان نەوتی كوردستانیان لە پێناو لە كیمیابارانكردن و ئەنفاڵ و وێرانكردن و سڕینەوەی ناسنامەی كورد بە كارهێناوە.
سەرەتای دروستبوونی هەر دەوڵەتێكیش پێوستی بە بوونی سامان هەیە كە ئەو ماددەیە چ لە ژێر زەویی بێت یا لە سەر زەویی، هەر بۆیە هەرێمی كوردستانیش بە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ئەو ماددە كانزاییانە هەژمار دەكرێت، هەرێمی كوردستان بە درێژایی مێژوو بە چەندین قۆناغی سەخت پر كێشە دا تێپەر بووە و لە ژێر هەڕەشە و گوشاری دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكانی عێراق و عێراقی و وڵاتانی دراوسێ بووە، بەڵام خەبات و بەرخوادانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوو و و هەروەها و هێزە سیاسیەكانی كوردستان توانرا كوردستان بگەێنرێتە كەناری ئارام و قۆناغەی ئێستا، لە ئێستادا بوارەكان و كەش وهەوای سیاسیی لە بواری و گونجاوە تا هەموو پێكهاتەكان كار بكەن و دەست لە ناو دەستی یەكتر كار بكرێت بۆ سەركەوتن بە سەر لووتكەی سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون.
نەوت بە ئامرازێكی زۆر ستراتیژی هەژمار دەكرێت كە كاریگەری زۆر ی دەبێت لە سەر داڕشتنی ستراتیژیەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهاندا . نەوتی هەرێمی كوردستان كاریگەری زۆر هەیە هەیە لەسەر گۆڕینی هاوسەنگی هێز، هاوسەنگی هێز لە نێوان بەغداو هەولێر، بەو مانایەی كە چیتر بەغدا بەتەنها نابێتە بنكەی داڕشتنی سیاسەتی نەوت. هەروەها نەوتی هەرێم كاریگەری دەبێت لەسەر بە ستراتیژیكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم لە ناوچەكە، لە پەیوەندی ئاسایەوە بۆ پەیوەندی ستراتیژی.
هەر بۆیە جوگرافیای هەرێمی كوردستان، لە هەموو رووێكەوە لەبار و گونجاوە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەمە جگە لەوەی ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی پێنج ملیۆن كەس دەبێت، وەك زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، كە ژمارەی دانیشتوانیان نزیكە لەوەی كوردستان، لە وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی جیهانن، هەرێمی كوردستانیش لە بارودۆخێكی باش دایە، بۆ ئەوەی هەوڵەكانی دەست پێ بكات و كار لەسەر دەوڵەتی كوردی بكات، هەروەها نەتەوەی كورد خاوەن كولتورو شوێنەواری مێژووی تایبەت بە خۆیەتی، لەم رووەوە لە وڵاتە هەر دەوڵەمەندەكانی جیهانە، لەرووی داهاتی سروشتییش خاوەنی داهاتێكی زۆری نەوت و گازی سروشتییە.
هەر بۆیە پەیرەوكردنی سیاسەتێكی ژیرانە لە هەمبەر نەوتی هەرێمی كوردستان بە هۆكارێكی كاریگەری پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان هەژمار دەكرێت و لە هەمانكاتیشدا كورد چ لە روودی دیپلۆماسی و ئابووری لە لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بەرەو سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون دەبات.
هەروەها سەركەوتنی سیاسەتی نەوتی هەرێم دەبێتە هۆی مسۆگەربوونی ئایندە هەرێمی كوردستان و و دەتوانێت لە كاتی پێویستەكاندا وەكو كارتی گوشار بۆ ناوەندە دەولییە سیاسی و ئابوورییە جیهانییەكان بەكاری بهێنێت . هەر بۆیە هەموو ئەو بابەتانە هانمان دەدات تا بە دیدێكی قووڵتر مامەلە لەگەڵ سیاسەتە نەوتییەكان بكەین و پاڵپشتی بین، چونكە یەكێك لە سەرەكیترین كۆڵەگەكانی كیانی نەتەوەیی نەوتی كوردستانە. گرنگیی سامانی نەوت تەنیا بەهێزتربوونی سەروەریی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵكوو جگە لەوەی یارمەتیی بووژانەوەی ئابووری و باشتربوونی گوزەرانی خەڵك دەدات هۆكارێكی بایەخداریشە بۆ گەشەی دیموكراسی و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپابوونی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی.




