كوردو داعش

كەنعان بەهادین
داعش بیرێكی تازەی نێو ڕەوتی ئیسلامییەكانە، ئەو بۆچوونە تازەیە زۆرێك لە ئیسلامییەكان پێوەی سەرقاڵن، بەتایبەت حزبە ئیسلامییەكان و رەوتەكانی تری ئیسلامی كە زۆربەیان رەتی دەكەنەوەو هەندێكیش لە ژێرەوە لەگەڵیدان بۆ سیاسەتنواندن پاڵپشتی راستەوخۆی داعش ناكەن .
ڤیدیۆی ئەو كۆمەڵە گەنجە كوردە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاو بۆوە كە چوونەتە ڕیز سوپای داعش، لەو ڤیدیۆیە هانی خەڵكی كورد دەدەن كە ئایا چی دەكەن لە ماڵەوەو بۆ ناێین بۆ جیهاد!! ئەو گەنجانە لە وێنە ڤیدیۆییەكە لادێیەكی ڕۆژئاوایان بەقسەی خۆیان (پاك كردۆتەوە)،كە دوژمنانی ئیسلام، هەروەك گەنجەكە لە چوارچێوەی ڤیدیۆكە رایگەیاند .
من لێرە باسی ئەوە ناكەم داعش چییەو كێ تەمویلی دەكات، بەڵام باس لەوە دەكەم ئایا ئەو گەنجە كوردانە چی دەكەن لە ڕیزی داعش !!؟ ئایا چ بیردۆزێكی نوێیە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام كە ماڵ و حاڵی خۆت بەجێبێڵی و لە وڵاتێك كە پڕە لە مەشبوهاتی سیاسی و فیكری و تایفی، بچیت لەوێ فێری كردەی خۆكوژی بیت .
گەنجەكەی كە لە ڤیدیۆكە دەردەكەوێت، بە ئاشكرا باس لەوە دەكات كە گەیشتن بۆ ئێرە ئاسانە !! كاتێك كەسێك دەگات بۆ ئێرە هەموو شتی پێدەدرێت .
لێرەوە پێشنیارێك دەخەمە بەردەستی حكومەتی هەرێم و لایەنە ئەمنییەكان، لەم حاڵی حازرە كاتێ گەنجێك كوردستان جێدێڵێ بەتایبەت سەفەر بەرەوە توركیا دەكات، حەقە لێپێچینەوەی تووندی لەگەڵ بكرێ، بەتایبەت ئەو ناوچانەش كە گەنجی تێدا زۆر رۆیشتووە، ئەمانە وەك خۆكوژ بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە .
ئەمە واقیع حاڵێكە دەبێت باس بكرێت و هەروەها پێویستیشە چارەسەری گونجاوی بۆ بكرێت و لەلایەن لێژنەی فەتوای هەرێمی كوردستان و ئەو كەسایەتیە ئاینییە قسە رۆیشتوانەی هەرێم كۆبوونەوەیەكی ئیعلامی رێك بخرێت و تێیدا واجب نەبوونی ئەم ڕۆیشتنەی گەنجان ڕوون بكەنەوە، لێرەوە رۆڵی مامۆستایانی ئاینیش كاریگەری باشی دەبێت، لەچوارچێوەی وتارەكانیان ئەمە بخەنە روو كە چوون بۆ ریز داعش چ فەتوایەكی پێویستە .
پێویستە چۆنییەتی دروست بوون و ئامانجی داعش بۆ خەڵكی كوردستان روون بێتەوە كە تەنها یارییەكی ئیقلیمی تایفییە، پەیوەندی بە ئاینی پاكی ئیسلامەوە نییە .




