ئەحمەد حەسەن سولەیمان مێرگەسۆری: باوكم لە شەرێكی پاراستنی كۆماری كوردستاندا سەنگەری چۆڵ نەكرد تا تانكی دوژمن بەسەریدا چوو و پانی كردەوە

پێشمەرگەیەك باس لە رۆژانی سەختی خەبات و قوربانیدان دەكات
سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
پێشمەرگە واتە گیانفیدای، پێشمەرگە واتا رێگای سەرسەخت لە پێناو كوردایەتی، پێشمەرگە واتە ئەو شۆرشگێڕی كە مەرگی خۆی بۆ نەتەوەكەی تەرخان كردووەو ئامادەیە بە هەموو گیان بەرگری لە نیشتمانەكەی بكات، پێشمەرگە واتە گەیشتن بە ئامانجەكان و بەرگری كردن لە مافەكان،بۆیەشە ئەو مرۆڤە سەربەرزانەی كە لە رۆژە سەختەكانی ژیان و خەباتی گەلەكەماندا بوونە هەڵگری ئەم ئەرك و نازناوە پیرۆزەو بۆیە ئەوانەی خۆیان كردووەتە قوربانی لە پێناو خاك ومیللەت و گیانیان داوە نابی هەرگیز خەباتیان لەبیر بكەین و پێویستە ئەو مێژووە پرشنگدارە هەر بە سەربەرزی رابگرین. دیارە بەسەركردنەوەی ئەو پێشمەرگە ئازیزانە بەشێكە لە ئەداكردنی ئەو ئەركە،پێشمەرگەیەك بە عەشقەوە لەو رێبازەدا تێكۆشاوەو سەرجەم بەهاری تەمەنی لە ناو شۆرش و كاروانی خەباتی ئازادیخوازی نەتەوەكەیدا بردۆتە سەرو، ئەویش بەشدار بووی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و راپەڕین ( ئەحمەد حەسەن سولەیمان مێرگەسۆری)یە، كوڕی شەهیدی رێگای كوردایەتی (حەسەن سلێمان) ی تێكۆشەری رێگای كوردایەتیەو كەسێك قارەمان و لیهاتوو لە ناو بارزانییەكان و بەشدار بووی شۆڕشەكانی بارزان و پاراستنی كۆماری كوردستان كردووەو لە 17-3-7194 لە شەڕی قەلاتوكان لە نێوان شنۆی و نەغەدە دوای بەرگری كردنێكی زۆر لە شوێنی خۆی نەبزوت تا زنجیری تانك وەسەریان پەڕی و پانی كردنەوە خۆی فیدای كوردستان دەكات، كاتێك چوومە لای لە واجب گەڕابۆوەلە كەشكۆڵی یادو بیروەرییەكانیدا تیشك دەخەینە سەر رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی. كە چوینە خزمەتی زۆر بە گەرمی و خۆشحاڵیەوە پێشوازی لێمان كردو سوپاسی رۆژنامەی (خەبات)ی كرد بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە...
· لە سەرەتا داوامان لێكرد باسی ژیانی خۆی و بنەماڵەكەیمان بۆ بكات: مام (ئەحمەد حەسەن) گوتی:
من لەساڵی 1936 لە مێرگەسۆر لە خانەوادەیەكی كوردپەروەر و خەباتكار لە دایكبوومە، باوكی شەهیدم( حەسەن سولەیمان مێرگەسۆری) ئەویش یەكێك لە رۆڵەكانی ناو بارزانییەكان بووە، كە هەمیشە ئامادەی گیانفیدای بووە و بەشداری لە شۆڕشەكانی بارزان و داستانی ناو بانگی دۆڵاڤاژە ساڵی 1932 كردووە لە گەڵ بارزانیی نەمر و لە شكری بارزانییەكان و گەورەترین دەسكەوتیان بە دەستهێناوە و لەو شەڕە دا خاڵی من عەبدوڵڵا میرخان شەهید بووەو چەند شەهید و برینداری تر هەبووە و دواتر لە هەمان ساڵ ئاوارەی توركیا بوون و دیسان باوكم دەستی بە بزاڤ و شۆڕش كردوووە و لە گەڵ گەڕانەوەی سەربەرزانەی بارزانیی نەمر لە گەڵ هەڤاڵانی لە سلێمانی بۆ دەڤەری بارزان، باوكم یەكێك لەو تێكۆشەرانە بووە كە لە گەڵ خاڵم شەهیدی فەرماندە محەمەد ئەمین میرخان وچەندەها كەسوكاری ئێمە بەشداریان لە شۆڕشی دووەمی 1943-1945 كرد و لە چەندین داستان و دەست بەسەر پوڵیسخانەكان یەكێك بووە كە توانی بە حماسەیەكی كوردایەتی خەبات بكات و كەسێك بووە كە هەمیشە متمانەی بارزانیی نەمر بووە و باوكم رێگای بارزانیی نەمر كردەبوو سەرمەشقی كوردایەتی، تاكو دوای لە تەمەنی 9 ساڵی دا بووم كە لە گەڵ بنەماڵەكەم و لەشكری بارزانییەكان بە سەرۆكایەتی شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانیی نەمر لە ساڵی 1945 ئاوارەی رۆژهەڵاتی كوردستان بووین .
· دەتوانی باسی رۆڵی بارزانیی نەمر و لەشكری بارزانیەكان باوكی شەهید و برای شەهیدیت لە بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد بكەی؟ مام ( ئەحمەد حەسەن ) بە هەستێكی دڵفراوان گوتی:
بەراستی رۆڵی بارزانیی نەمر لە بەرگری كردن لە پاراستنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بە سەدان لاپەرە تەواو نابێت، ئەوان هەمووگیانی خۆیان دا كۆمارە كە، مێژووو شاهیدی ئەوا دەدات كە بارزانییەكان بە سەرۆكایەتی شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانیی نەمر چە رۆلێك و چ دەسكەوتیان بۆ مێژوو كوردستان تۆمار كردووە و هەروەها برای من(حاجی) شەهید بوو، دوژمن لە شەڕێكی پاراستنی كۆماری كوردستان بە تانك و عەسكەرێكی زۆر هێرش دێنێتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بارزانییەكان بەرگریان لە سەنگەرەكان كرد هەتا ئاخر نەفس شەڕیان كرد، ئەوە بوو كە باوكم لە گەڵ هاوسەنگەرانی لە شوێنی خۆیان نەبزوتن تا زنجیری تانك وەسەریان پەڕی و پانی كردنەوە، خۆی لە پێناو رێبازی بارزانیی نەمر فیدای كوردستان دەكات، كتێبی لە مەهابادی خوێناوییەوە هەتا لێوارەكانی ئاراس لە نوسینی نەجەف قولی پسیان كە شەهیدی سەركردە شەوكەت شێخ یەزدین كە كردوویەتی كوردی و تێدا باس ئەو شەڕە دەكات نوسەر دەڵێت: بە دێمەنێك سەرسارم بووم، كە یەكێك لە بارزانییەكان لە ناو سەنگەری دا بوو و نەیانهێشت كە تانكی دوژمن بچیتە، زیاتر لە 200 فیشەك لە تانكەی سەروان رەجبی دا، دواتر تانك بە سەریدا ڕۆیشت، سەروان رەجبی تێدا بوو دۆشكای 12 ملی و تۆپی 75 ملی لە سەربوو، باوكم ئەوانەی شكاند تاكو تانكی سەرەوان رەجبی بە تانك لە سەر باوكم بە زنجیرە چوو و پانی كردووە. هەر وەك لە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد نوسینی: سەرۆك مسعود بارزانی هاتوووە، كە تێدا باسی ئەو شەڕە دەكات و دەنوسی: پاش تیشكانە ئابڕووبەرەكەی سوپای ئێران و دەست چوونی تەواو لە یەك فەوجی تەواو لە شەڕی نەڵۆسدا، فەرماندەی هێزی تازە زۆری كۆكردەوەی، لە18ی مانگی ئازاردا پەرمارێكی توند و بەربڵاوی كردە سەر هەرسێ تەوەرەكانی شنۆ- نەغەدە، فڕۆكەكانیشی بە خەستی یارمەتی سەربازەكانی دەدا و تۆپ و تانكی بە مشەیی لەم پەلامارەدا خستەكار. پاش شەڕێكی قورس و سەخت ئێرانییەكان توانییان بارزانییەكان لە شوێنەكانیان هەڵكەنن و داگیر بكەن، چونكە بارزانییەكان فیشەكیان پێ نەمابو و برسێتیش پرزەی بڕیبوون كە نەتوانرا لە تانكێكیش بگاتە دەست شەڕكەرەكان، هەرچەندە ئەم سەركەوتنە لە سەر ئێرانییەكان بەگران كەوت كە نزیكەی 200 سەد كوژاویان لە كیس چوو بوو، بەڵام وەریانی باش بەرز كردەوە و ورەی بارزانییەكان هێنا خوارێ، چونكە هەندێك لە باشترین فەرماندەكانیان شەهید و بریندار بوون، لەوانە: سوڵتان مەرعاناغای بیرسیاڤی، عەلی عومەر بیرسیاڤی،سولەیمان فەقێ دیریشكی، حەسەن سولەیمان مێرگەسۆری، ئەحمەد عوسمان ئەسقیلی..ئەم دوانە لە شوێنی خۆیان نەبزوتن تا زنجیری تانك وەسەریان پەڕی و پانی كردنەوە.لە بریندارەكانیش غەزالی میرخان ژاژوكی،سولەیمان دینو و ئەحمەد موسا مێرگەسۆری بوون. بارزانییەكان كشانەوە گوندی گوندەوێڵە و دەوروپشتی شێخان و پوشاوا. دوای چەند ساڵ، رۆژێك سەردانی ئەو شوێنەم كرد كە شەریان كردە بوو لە خەڵكی ئەو دەڤەرم كە لای شنۆ و نەغەدە بوون پرسیارم كرد كە ئەو كات كە كێ ئەو شەڕی لە بیر ماوە و پاشان بە منیان گوت: مام عەوڵا دەزانی سەردانم كرد و پێم گوت: دەتوانی باس ئەو رووداوم بكەی، گوتی: بارزانییەكان بە حەقیقەت شەڕێكی زۆر قورسیان كرد و دوای شەڕە كە تانیك لە سەر جەنازەی بارزانیەك چوو و دوای شەڕەكە هاتن گوتیان ئەو بارزانیە پارچەكانی ئەو بارزانیە بە دوای سیارەی دەكەین بۆ نەغەدەی دەبین، ئێمەش بە ئەوانمان گوت: ئاخر خوا قبوڵ ناكات پارچەكان بە دوای سیارەی بخەن، دوای بەئێمەیان گوت: ها وا دیارە دەیناسن ئەو فەرماندەیە؟ گوتمان نەخیر نازانین كییە؟پاشان ڕازیمان كرد و بە ئێمەیان گوت دەبێ لەو شوێنە بیانشارینەوە بەراستی باوكم بە سەربەرزی لە گەڵ هاوسەنگەرانی شەهید بوو.
· دەتوانی باسی هەندێك لە بیرەورییەكانت لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بكەی و چەند جار بریندا بووی؟ بە هەستێكی غەمبار مام( ئەحمەد حەسەن ) گوتی:
هەر دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە ساڵی 1959 پەیوەندیم بە شۆڕش كرد و لە سەر رێبازی باوك و برای شەهیدم بۆ ئاواتەكانی بارزانیی نەمر كە سەربەخۆی كوردستانی ئازاد بوو، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشی كوردایەتی بوو بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر، شۆرشێك لە پێناو مافەكانی كوردستان، من سەربەرزم كە بوومە پێشمەرگەیەك كە بتوانم خزمەت بە رێبازی بارزانیی نەمر بكەم، بۆیە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەمیشە ئاواتی خەڵكی كوردستان بوو كە رۆژ بە رۆژ بهێنە رێزەكانی پارتی بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمر چونكە دەیانزانی رابەری ئەو شۆڕشە هەمیشە ئامادەی بەرخودان و كوردایەتیە بۆیە هەر لە زاخۆ تا خانەقین سەری هەڵدابوو،بەشداری دەیان داستانم كرد بگرە لە دەڤەری بادینان و بەشداری داستانی ناوبانگە زاوێتە بووم لەو شەڕە بریندار بووم و هەروەها بەشداریم لە شەڕی لۆلانام كرد لە گەڵ خاڵی فەرماندەم محەمەد ئەمین میرخان مێرگەسۆری خەباتم دەكرد كە سەركردەی كە قارەمانێكی ئازاو بە ناوبانگ و كەسێك نزیك و باوەرپێكراوی بارزانیی نەمر بوو بۆ كوردایەتی و لە ناوچەی هاودیان هەتاكو نەهێلێت دوژمن نەتوانی تا هێرش بهێنێە سەر مێرگەسۆر، ئەوە بوو خاڵم لە 7ی ئاداری 1962 لە ناو گوندی مریبا سەر بە ناوچەی شێخان لە شەرێكی قورس بە سەختی بریندار دەبێت و لە 8ی ئادار بە فەرمانی بارزانیی نەمر ڕەوانەی نەخۆشخانەی كۆماری لە پارێزگای موسڵ دەكات ئەو كات من لە گەڵی دا بووم لە شەوی 18و19-3-1962 بە پڵانێكی دوور لە رەوشتی مرۆڤایەتی لە لایەن رژێم و چەند خۆفرۆشێك، ئەم قارەمانە شەهید كرد، دوایی شەهید بوونی خاڵم لە دەڤەری باڵەكایەتی بووم لە داستانی زۆزك بەشدار بووم لەو داستانەش بریندار بووم، دیسان بەشداریم كرد لە داستانەكانی تری بۆ كوردایەتی.
· دەتوانی هەندێك لە سیفەتەكانی بارزانیی نەمر، مام(ئەحمەد حەسەن) گوتی:
بارزانیی نەمر مرۆڤێكی خەباتكاری كودایەتی بوو، مرۆڤێكی عەدالەتخواز و دادپەرەر بوو، بارزانیی نەمر رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد بوو، ژیانی وەك پێشمەرگە بوو، بارزانیی نەمر هەمیشە تەحموولی هەموو ناخۆشیەك دەكرد، بارزانیی نەمر ئەوەندە بەخشندە بووە و هەمیشە یارمەتی هەژاران و لێقەومانی دەدا و هەمیشە لە گەڵ پێشمەرگە و لە پێشەوەی مەیدانی نەبەرد بوو و گەورەترین زەربەی لە دوژمن دەدا و هەمیشە بە ئێمەی پێشمەرگەكان دەیفەرموو: من خۆم بە خزمەتكاری میللەتی خۆم دەزانم و من تەنها پێشمەرگەیەكم وەك هەمووتان، بارزانیی نەمر هەمیشە ئەو بەرپرسە یان ئەو كادیری خۆش دەوێست كە بە دڵسۆزی خزمەتی كوردستانی دەكرد بۆیە هەمیشە زۆر جار بەتكاوە داوای كردووە كە جدیەت و دڵسۆزی فەرامۆش نەكرێ، بارزانیی نەمر هەمیشە دەیفەرموو: هەر كەس تەماع لە نامۆسی خەڵك و تەعدا بكات خوا و خەڵك لە خۆی ناڕازی دەكات ئەوە قەت بە ئینسان حیساب ناكرێت. هەمیشە بارزانیی نەمر دەیفەرموو: دەبی قەد بیر لە شكست بكەنەوە و هەمیشە ئومێد بە خوای گەورە ئێمە سەردەكەوین و دەبی میللەت هەر بگاتە مافەكانی خۆی، بۆیە ئەوشۆڕشە لە پێناو كوردایەتی هەمان درێژە پێدەری شۆڕشەكانی ترە و هەتا ئاخرین نەفس خەبات دەكەین بۆیە ئێمە ئامادەی هەموو گیانفیدایەك بووین لە پێناو ئامانجەكانی بارزانیی نەمر بۆ كوردستانێكی گەش.
· لە بارەی بەشداریكردن لە شۆڕشی گولاندا مام (ئەحمەد حەسەن) گوتی:
شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو بۆ ئامانجەكانی كوردستان، دوای نسكۆی شۆڕش كە ئاوارەی ئێران بووم من یەكێك لەو پێشمەرگانە بووم كە ماڵ و خێزانم لە ئاوارەیی بەجێهشت و لەگەڵ پێشمەرگەكانی تر چووینەوە ناو سەنگەرەكانی خەبات، شۆڕشێك بوو كە هەردوو كوڕی (بارزانیی نەمر) شەهیدی سەركردە كاك ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی توانیان لەم شۆڕشەدا جەماوەرو خەڵكی دڵنیابكەنەوە كە لە رێبازی كوردایەتیدا كوردستان هەمیشە ئامادەیە بۆ خەبا ت و هەرگیز واز لەم رێبازە ناهێنین . بۆیە هەتا توانیم خەباتم كرد لە چەندین داستان و هەروەها كوڕی قارەمان (حاجی) شەهید بوو و گیانی بەخت كرد بۆیەشۆرشی گوڵان وێڕای ئەوەی تەواكەری شۆرشی ئەیلوولە و گەوەرترین دەسكەوتی بۆ پارتی و بارزانی بە دەستهێنا بۆ نەتەوەكەمان بەرەو راپەڕین و ئەم ئازادیەی ئەمڕۆمان.
* مام (ئەحمەد حەسەن) لە كۆتاییدا چ پەیڤێكت هەیە؟
من لە ساڵی 1959 هەتا ئێستا خۆم هەر بە پێشمەرگە ی رێبازی بارزانیی نەمرم دەزانم و هەتا دەمرم خۆم بە پێشمەرگەی بارزانیی نەمر دەزانم لێرەدا دەمەوێت سوپاسی خواو ئازایەتی پێشمەرگەو خۆڕاگری گەلەكەمان بكەم، درود بۆ رابەری كورد بارزانیی نەمرو سڵاو بۆ شەهیدان بنێرم كە ئەم میللەتە بە بەشێك لە ئامانجەكانی گەیشتوەو خەبات و گیانبەخشی ئەوان هاتەبەرهەم و ئەمڕۆ بە ئازادی دەژین، دڵنیایشین بەرەو سەركەوتنی زیاتر دەچین و لە سایەی سەرۆك مسعود بارزانی خاوەن ئاڵای كوردستان پارێزراوە. هیوادارم نەوەی ئەمڕۆو مێژووی خەباتی كوردایەتی بارزانیی نەمر و رێبازی بارزانیی نەمر بخوێنەوە و بزانن كە دوێنی بۆ ئەمڕۆ بە زەحمەت و ماندووبوون و خەبات و خوێن بە دەستهاتوویە بۆیە دەبی بە دڵسۆزیەوە خزمەت بە نەتەوەو نیشتیمانەكەیان بكەن.. زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و رۆژنامەی خەباتان كە هەموو كات ئێمەی پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان و هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بەسەردەكاتەوە، سەركەوتوو بن.
· تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4474) رۆژنامەی خەبات لە (5/1/2014) بڵاو بوویتەوە.




