رێگەی لێدانی تیرۆریستان بە ئەنبار تێپەڕی
غازی حەسەن
عێراق لە بەر ئەوەی وڵاتێکی دروستکراوی بەزۆر پێکەوەلکێنراوە، زۆر زەحمەتە دوای نزیکەی سەد ساڵیش بتوانێت بەیەکەوە، وەکو یەک خاک و نەتەوە و پێکهاتەی ئاینی و مەزهەبی بمێنێتەوە. کێشەکە لەوە دایە عەرەب خۆشیان ناتوانن ئەم بەزۆر پێکەوە لکان و پێکهاتە دروستکراوەی لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، قبول بکەن. واتە سەبارەت بە کورد مەسەلەکە دووجار قبول ناکرێت.
لە سەرەتای مانگی رابردووەوە نوری مالکی بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر ئەنبار و بیابانەکانی سەر بە رومادی و ئەو دەڤەرانەی رووبەروی دوو کێشەی گەورەن یەکەمیان درێژەکێشانی نارەزایەتی سونەکان کە ساڵێکە دەستی پێکردووە، دووەمیشیان پەرەسەندی کردەوەی تیرۆریستی و بەئاشکرا دەرکەوتنەوەی گروپەکانی سەر بە قاعیدە بەتایبەتیش لە بیابان و ناوچەکانی دەوروبەری رومادی. هەروەها پەرەسەندنی کردەوەی تیرۆرسیتی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان پێکردووە ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی هەشت هەزار هاووڵاتی بوونەتە قوربانی کاری تیرۆریستی.
یەکێک پرسی ئەرێ مالکی و هێزەکانی دەیانەوێت لە کێ بدەن سونەکان یاخود گروپە تیرۆریستییەکان؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێت شرۆڤەیەکی جدی بکرێت، چونکە چ لە شێوازی ئۆپەراسیۆنەکە و چ لە کات و چ لە ئامانجدا کۆمەڵێک هۆکار لەئارادان. کە من پێم وایە مالکی دەیەوێت لەهەردوو لایەن واتە (سونە و قاعیدە) بەیەکەوە بدات. لێدانی هەردووکیشیان دوو ئامانجی ناوەخۆیی و دەرەکی تێدایە.
| هەڵبژاردن یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە. لەلایەک دەنگی شیعە بەلای خۆیدا رادەکێشێت و لایەنە شیعەکانی دیکەش پەڕپوتر دەکات |
لەبارەی دەرەوە نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی بەغدا دەیەوێت بەیەکجار سوریا و ئێران رازی بکات و هەروەها ئەمەریکاش بێنێتە سەر ئەو بڕوایەی کە قاعیدە بەهێزە و پێویستە هاوکاری سەربازییەکانی بۆ حکوومەتەکەی ئەو خێرا و زیاد بکات. وەکو رۆژانەمەکانی بەریتانیا ئامەژیان کردووە لەئەنجامی ئەم رەوشە ئیداری باراک ئۆباما بیر لە گەڕانەوە بۆ عێراق دەکاتەوە، هەروەها لە ناوەخۆش دەیەوێت چەند ئامانجێک بپێکێت:
- لێدانی سونە نارازییەکان و ملکەچ کردنیان و کۆتایی هێنان بە مانگرتن و خۆپیساندانەکانیان.
- راکێشانی رای شەقامی شیعی، بەوەی نوری مالکی و حزبی دەعوە پارێزەر و داکۆکیکاری سەرەکی شیعەن.
- هەڵبژاردن یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە. لەلایەک دەنگی شیعە بەلای خۆیدا رادەکێشێت و لایەنە شیعەکانی دیکەش پەڕپوتر دەکات، لە لایەکی دیکەشدا پێگەی سونە لاواز و لەتبوو دەکات. ئەمەش لە دیماهیدا وا لێکدەدرێتەوە کە ئەگەر پێگەی حزبی دەعوە و سەرۆک وەزیرانی ئێستەی عێراق لە پاشەکشە بێت، ئەوە لایەنەکانی دیکەش بەرەو دواوە دەکشێنێتەوە.
گرینگ، مالکی توانی بە هەڕەشەی سەربازی گۆرەپانی (عزە و کەرامە)ی مانگرتنەکەی ئەنبار چۆل بکات، ئینجا وانیشان بدات کە ئەو نیازی راونان و پاکتاوکردنی گروپە توندڕەوەکانی سەر بە رێکخستنی دەوڵەتی عێراق و شام (داعش)ە لە بیابانەکانی ئەنبار، بۆیە ئۆپەراسیۆنەکە بە ئەنباردا تێدەپەڕێت.
داوای کرد ئەو چل وچوار ئەندام پەرلەمانە سونەکە، کە هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوەیان کردووە، واز لە هەڕەشەکەیان بهێنن، ئەویش سوپاکەی لە ناو شار دەکێشێتەوە. بەڵام دوای ئەوە چی قەوما؟
گروپە توندڕەوەکان رایانگەیاند کە توانویانە دەست بە سەر نیوەی فەلوجە دابگرن و زۆر بنکەی پۆلیس لە ئەنبار بسوتێنن. ئایا بەکردەوە ئەوەی روودەدات راستە؟ یاخود سیناریۆیە لە نێو سیناریۆیەکی دیکەدا؟ هەم مالکی رێگە بۆ دزەکردنی گروپە توندرەوەکان چۆل دەکات، تا دەرفەتی لێدان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەبێت، هەمیش سونە دەیانەوێت ئەم گروپانە بۆ تێکدانی باری ئاسایش و لاوازکردنی تواناکانی حکوومەتی بەغدا بەکاربهێنن.
| ئەگەر ئەمە راست بێت، نوری مالکی دەبێت بەکردەوە ئەم شارانە داگیربکات، چونکە قاعیدە دەسەڵاتداری ئەو ناوچانەیە |
واتە ئەگەر ئەمە راست بێت، نوری مالکی دەبێت بەکردەوە ئەم شارانە داگیربکات، چونکە قاعیدە دەسەڵاتداری ئەو ناوچانەیە، کە نەک تەنیا بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، بەڵکە بۆتە هەڕەشە بۆ رژێمی بەشار ئەسەدیش و لەم رێگەیەوە هاوکاری چەک و مرۆیی و لۆجیستی پێشکەشی گروپە توندڕەوەکانی سوریا دەکرێت، بۆیە هەر ئۆپەراسیۆنەکی لەمبارە دەبێت لەلایەن ئەمەریکا و ئێران و سوریا و حزبوللای لوبنانی پێشوازی و پشتیوانی لێبکرێت.
ئوسامە نوجەیفی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای هاوکاری لە ئێران کرد، ئەم کارەساتە بووەستێنێت، کەواتە ئێران رۆلی گرینگ و کارا لە ناوچەکە دەگێڕێت، ئوسەیل موجەیفی پارێزگاری موسل فکرەی دروستکردنی ناوچەیەکی فیدرالی بۆ سونەکان ورژاندەوە. هەورەها رۆژنامەی سیاسەی کوێتی ئاشکرای کرد کە ئێران هاوکاری نوری مالکی دەکات، بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە، تاکو ناوچە سنورییەکانی عێراق - سوریا کۆنترۆل بکاتەوە، لەم رێگەیەش فشار دژی رژێمی بەشار ئەسەد کەمبکرێتەوە.
| عێراق بەرەو دابەشبوون لە نێوان سنەو شیعە دەچێت. هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئیدی لافاوێک لە رووداو و گۆڕانکاری بەرێوەیە |
ئەنجام ئەوەیە، نوری مالکی شەڕێکی سەخت، هەروەها چارەنووساز دەکات. هەڵبژاردنەکانی لە 30نیسانی داهاتووی لەپێشە، پێویستی بە بەهێزکردنی پێگەی سەربازی و لەشکرەکەی هەیە لە رێگەی کۆمەکی ئەمەریکی. دەیەوێت پێگەی سونەکان سنوردار بکات. لەهەمان کاتیشدا شیعە رکابەرەکانی کە بریتین لە سەدر و عەمار ئەلحەکیم و نێوەندە ئاینییەکان لاواز بکات. کێشەی هەرێمی کوردستان و پێگەی گەشەکردووی ئەم حکوومەتەی لە کوردستاندا لەسەر بنەمای فیدرالی بەرێوەدەچێت، لەو ئاستە بوەستێنێت. وەکو گوتم هەنگاوی چارەنووساز دەنێت، کارێکی قورسە هەموو ئەو کێشە و هاوسەنگیانە بەیەکەوە ئیدارە بکرێن. رەنگە نیوەشی قورس بێت. چونکە بەلای کەمەوە عێراق بەرەو شەڕی تائیفی نێوان سنە و شیعە دەچێتەوە، عێراق بەرەو دابەشبوون لە نێوان سنەو شیعە دەچێت. هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئیدی لافاوێک لە رووداو و گۆڕانکاری بەرێوەیە.




