نهزههت حالی: پێمان باشە ئۆپۆزسیۆن و هاووڵاتیانیش ئەنجوومەنی ئاساییش بە هیی خۆیان بزانن

ئامادهكردنی: سەعد هەورامی
نەزهەت حالی ئاماژە بەوە دەدات كە دانانی یاسا بۆ ئەوەیە هەمیشە ڕێگە لە دەستەڵاتی ڕەها بگرێت، ئەركەكان دیاری دەكرێن و بە شێوازێكی موئەسەساتی ڕێگر دەبن لەوەی كە كەسێك ئیرادەی خۆی فەرز بكات.
یاسای ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمیش خاڵ بە خاڵی یاسای كاری ئەنجوومەنی تێدا دیاری كراوە و شتێكی ڕەهای تێدا نییە وەك ئەوەی كە باسی لێوە دەكرێت.
بە گوتەی نەزهەت حالی ئەو ئەنجوومەنە لەسەر بڕیاری پەرلەمان پێك هاتووە، ئەگەر ئەم پەرلەمانە ناشەرعییە، ئەوە بێشك ئەو ئەنجوومەنەیش ناشەرعییە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش ناشەرعییە، كە لەو پەرلەمانەیە، ئەوەیش پرسیارێكی دیكەیە، كە برادەرانی ئۆپۆزسیۆن خۆیان بە شەرعی دابنێن، وەلێ ئەو ئەنجوومەنە زادەی بڕیاری پەرلەمانە.
ئەو دەڵێت: "دانانی مەسروور بارزانی لەسەر ئەساسی ئەوە نەبووە كە كوڕی مەسعوود بارزانیـی سەرۆكی هەرێمە. بەڵكوو لەسەر ئەساسی ئەوە بووە كە دەرچووی زانكۆیەكی دەرەوەیە لە وڵاتی ئەمەریكا كە كەسێكی سیاسی و ئەمنی و شارەزایە لەو پۆستەی كە لە ئاژانسی پاراستنی ئاساییشی هەرێم كوردستان هەیبووە و لە دابینكردنی ئاساییشدا سەركەوتوو بووە.
نەزهەت حالی ڕوونیشی دەكاتەوە كە ئەم ئەنجوومەنە هیی هەموو هاووڵاتیانی كوردستانە و مەرجیش بۆ وەرگرتنی هەر كەسێك ئەوەیە كە ئەو كەسە خۆی ئامادە بێت لەو دەستگایەدا كار بكات، چونكە كاركردن نەختێك ئەستەمە، دەوامی زۆرە و دەبێ نهێنییەكانی ئەو دەستگایە بپارێزێت و پابەندی ئەو پرەنسیپانە بێت كە خودی ئەو دامەزراوەیە دیاری كردووە.
نەزهەت حالی هەروەها دەڵێت: "دانانی ئەو ئەنجوومەنە بۆ ئەوەیە كە ژیانی هاووڵاتیان بپارێزێت، بۆ ئەوەی موئەسەساتی فەرمی بپارێزێت، بۆ ئەوەی وەزعی سیاسی بپارێزێت، بۆ ئەوەی بەشداریكردنی سیاسیی كوردستان بوونی هەبێ، ئەگەر حزبە سیاسییەكان دەترسێن با بزانین لە چی دەترسن لەوەی كە ئێستا هەیە، چونكە ئەوانەی كە لەو ئەنجوومەنەن هەموویان خەڵكی دڵسۆزن و نیشتمانپەروەرن و قوربانیان بە ژیان و گوزەرانی خۆیان داوە بۆ ئەوەی ئاساییش دەستەبەر بكەن."
گوتیشی: "یەكێك لە ئەركە دیاریكراوەكانی ئەنجوومەنەكە ئەوەیە كە بەرگری لە نەهێشتنی گەندەڵی بكات، چونكە ئەو بابەتە بووەتە هەڕەشەیەك لەسەر هەرێمی كوردستان، وەلێ ئەو بابەتە بابەتێك نییە بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ بكرێت، پێویستی بەوە هەیە كە كاری لەسەر بكرێت.
لە ئەمەریكایش ئێف بی ئای یەكێك لە ئەركەكانی بەرگریكردنە لە ڕوونەدانی گەندەڵی، لە هەرێمی كوردستانیش بەرگریكردن لە ڕوونەدانی گەندەڵی یەكێك لە ئەركەكانی ئەنجوومەنە كە بەپێی یاسایەك دیاری كراوە."
بە گوتەی نەزهەت حالی بودجەی ئەنجوومەن لە لایەن خەڵكی پسپۆڕ و شارەزای حكوومەتەوە دانراوە، هەروەها لە لایەن لیژنەیەكی پەرلەمانی و ناوخۆوە گفتوگۆی لەسەر كراوە، ئەو موئەسەساتانەیش ئاشكرایە كە پێویستییان بە هەیكەل و ستاف و ئیمكاناتی ماددی هەیە بۆ پەرەپێدانی تواناكانی خۆیان و تاكو ئێستایش بودجەكە نەگەییشتووەتە ئەنجوومەن، كەچی باسی ناشەفافییەت دەكرێت.
نەزهەت حالی پێی باشە كە ئۆپۆزسیۆن و هاووڵاتیان ئەم دەستگایە بە دەستگای خۆیان بزانن، چونكە ئەوانە ڕۆڵەی ئەو میللەتەن، بۆ خزمەتی ئەو میللەتەن.
ئەو ههروهها دهڵێت: "ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم لە زمنی دەستەڵاتی جێبەجێكردنە، لە هەموو وڵاتێكدا بواری ئاساییش و هەواڵگری باڵاترین دەستەڵاتی جێبەجێكردنن، لە هەرێمی كوردستانیشدا سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی باڵای دەستەڵاتی جێبەجێكردنە. سەبارەت بە خودی ئەو ئەنجوومەنەیش، ئەنجوومەن تەنیا دەستگایەكی جێبەجێكردن نابێت، بەڵكوو زیاتر سەرپەرشتیی دەكات، دەستگایەكە هەماهەنگی لە نێوان ئەو دەستگایانەدا دروست دەكات كە پێوەستن بەو بوارەوە.




