رێککەوتنێکی لاواز باشترە لە ناکۆکییەکی بەهێز
غازی حەسەن
جارێکی دیکە دیوان و ماڵە گەورەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووەیەوە مەلبەندی کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکانی کورد و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش دەبێتە بنەما و بەڵگەنامەیەکی دیکەی کۆششە سیاسی و مێژووییەکانی سەرۆک بارزانی لە پێناو یەکخستنی دەنگ و بیرورای جیاوازی لایەنە سیاسییەکان. هەرچەندە هەندێک لایەن لە پێناو درزخستنە نێو ریزەکانی کوردستان و خۆخەریک کردن بە ناکۆکی لاوەکی، خەریک بوو زوڕنایان دەبیسترایەوە. بەتایبەیش ئەوانەی دەیانویست بۆچوونە جوداکان وانیشان بدەن کە ئیدی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نایەوێت ئیجابیانە مامەڵە لەگەڵ رەوشی گۆڕانکارییەکانی سوریا و پێگەی لایەنێکی کوردی لە کوردستانی رۆژئاوا بکات، فەشەلی هێنا.
گرینگ، لەبەر ئەوەی نیەت و ئامانجی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجێکی نەتەوەییە، لە روانگە و ستراتیژی پێکهێنانی ئیرادەی کوردستانی بوون و پێکهێنانی نەتەوە و یەکدەنگی لایەنە سیاسییەکانە، ناتوانرێت هەر بەئاسانی و بەچەند گفتار و کردەوەیەکی شێواوی هەندێک تێکبشێنرێت، چونکە لەسەردەمی شەفافیەت و کرانەوەدا پەتی یاریکردن لەسەر هەست و نەستی سادەی خەڵک و هەروەها تێنەگەیستن لە یارییە گەورەکان کورتە. بۆیە ئەم هەنگاوەی ئێستە بۆ جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ رێککەوتن وکەمکردنەوەی جیاوازییەکان دەنرێت، هیوایەکەی گەشە کە دەکرێت دوارۆژ و چارەنووسی لەسەر بینابکرێت. لەمبارەوە نمونە زۆرن لەوانە:
|
جارێکی دیکە دیوان و ماڵە گەورەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووەیەوە مەلبەندی کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکانی کورد و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان |
- هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت کورد چی دیکە کەرەستە و ئامراز نەبێت بەدەست لایەن رکابەرە گەورەکانی ناوچەکە، بەڵکو هاوسەنگ و بڕیار دەربێت لە بڕیارە چارەنووسازەکان.
- کورد بە رێگەی ئاشتیخوازانە و دیموکراسی چارەسەری دۆزەکەی بکات، لەم پێناوەشدا دەرگای تورکیای کردەوە، کرانەوەیەک کە ئەگەر بە وریایی و ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، دوارۆژی کورد گەش و روناک دەبێت.
- لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەبێت یەکڕیز و تەبا و هاوبەشانە کاربکەن و بەشداری لە پێکهێنانی سوریای دوای شۆڕش بکەن. لە کۆنگرەی جنێڤ دوو بە هاوبەشی بەشدار بن، لە ناوەخۆی کوردستاندا رێز لە ئیرادە و بوونی یەکتر بگرن و تەنیا یەک لایەن گۆڕەپانەکە بە ئارەزوو و مەبەستی تایبەتی خۆی لێنەخوڕێت.
| لە ئاستی جیهانی تێڕوانین و توێژینەوەی نوێ کە بەشی هەرەزۆریان ئیجابین، بەرانبەر بە کێشەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دروست بووە، بۆیە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی ئەم دەسەڵاتەی هەیە |
- سەرۆکی هەرێمی کوردستان کار دەکات بەیەک چاو و لەیەک ئاستدا هاوکاری هەموو لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان بکرێت، ئەمەش لەروانگەی بیناکردنی دوارۆژێکی هاوبەش و بەبەرهەم بۆ ئەوەی ئەم بەشەی کوردستان، پێگەی کورد بە گشتی و وەکو دۆزێکی ناوەندی یەکانگیر و هاوسەنگ دەربخات، نەک دابەشکرا و لێکدابڕاو، کە پێشتر داگیرکارانی کوردستان ئەو زولمەیان لە کوردستان و گەلی کوردستان کردووە، ئەمجارە رەنگە هەندێک لایەنی سیاسی کوردی خۆیان ببنە سەرچاوەی ئەو زولمە گەورەیە کە لەئاکامدا دەبێتە مایەی دابەشکردنی ئیرادەی کورد.
- لە ئاستی جیهانی تێڕوانین و توێژینەوەی نوێ کە بەشی هەرەزۆریان ئیجابین، بەرانبەر بە کێشەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دروست بووە، بۆیە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی ئەم دەسەڵاتەی هەیە، دەیەوێت ئەم تێڕوانینە ئیجابیانە بکاتە، بەڵگەیەکی کارپێکراو بۆ مسۆگەرکردنی دوارۆژێکی ئاسودە و ئازاد بۆ گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیی و فکرییەکانییەوە.
| هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت کورد چی دیکە کەرەستە و ئامراز نەبێت بەدەست لایەن رکابەرە گەورەکانی ناوچەکە |
کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەردوو ئەنجوومەن ( ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد و ئەنجوومەنی میللی لە خۆرئاوای کوردستان)، هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی بەدیهێنانی یەکدەنگی و یەکخستنی توانا و بەرەی کوردی لە پێناو دەستەبەرکردنی دوارۆژێکی ئارام و بەختەوەر بۆ کورد، چونکە دەبێت لەماوەی ئایندەدا دوارۆژی سوریا لە کۆنگرەی جنێڤ دوو یەکلابکرێتەوە، لەبیر نەکەین لە ململانێی خوێناوی سوریا هێشتا هیچ چارەنووسێک دیار نییە. دیارە بایەخی ئەم هەنگاوەش لەوەیە پێش بەستنی کۆنگرەی جنێڤ دوو دەبەسترێت، واتە کۆبوونەوەی هەولێر دوو، دەبێتە رێگەخۆشکەر و بۆ بە پتەوی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی هەولێر لە نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا، بۆ یەکخستنی ئیرادەی کوردی. لەهەمان گاڤیشدا ئەم کۆبوونەوە هاوبەشە لە کەشێکی پڕ لە گومان و گرژیدا بەسترا، لەلایەک کورد بەخۆی لە کێشەیەکی داخراودا ناوەخۆیی ترسناکدا دەخولێتەوە و هەورەها چارەنووسی سوریاش لە ژێر فشار و پاشەکشە و دەرکەوتنی یاری و کارتی نوێ دایە. لەبیریشی نەکەین هەندێک لایەن دەیانویست کارتی ناکۆکییەکان دژی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان خراپ بەکاربهێنن. وەکو گوتمان گەورەیی هەر ماڵ و عەقڵێک لەو هەنگاوە دایە، کە هەمیشە دەرگا و مێزی تەبایی و لێکگەیشتن بە گوڕ دەخات و ناکۆکیی و رکابەرە سلبییەکانیش بە هێمنی بێدەنگ دەکات. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆش هەندێک لایەن نەتوانن لەژێر کاریگەری تاکڕەویی و بیرکردنەوەی کلاسیکیش دەربچن، ئەوا رێککەوتنی لاواز زۆر باشترە لە رکابەری و ناکۆکی درێژخایەن.




