كەركوك…كوردایەتی

د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین- هەولێر٭
پارتی دیموكراتی كوردستان لە زۆربەی بۆنەو كۆڕوكۆبونەوەكاندا جەختی لەسەر ئەوە كربوویەوە بەشداری ناكات لە لیستی هاوبەش لە شاری كەركوك ئەگەر دكتۆر نەجمەددین كەریمی پارێزگاری هەنووكەی كەركوك و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەرۆكایەتی ئەو لیستە هاوبەشە بكات، پاساوی پارتیش بۆ ئەمە ئەوەبوو كە بەڕێزیان وەك كەسێكی بێلایەنی ئیداری لە شاری كەركوك پۆستەكە بەڕێوە نابات بەقەد ئەوەی بە رۆحیەتی حیزبی تەسك كار دەكات، واتە حیزبایەتی لە پێش كاری بەڕێوەبردن و كوردایەتی داناوە، سەرباری ئەوەش شكستی هێناوە لە بەڕێوەبردنی پارێزگاكە و ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی پارێزگاكەو هاوسەنگردنی نێوان نەتەوەو ئاین و پارت و رێكخراو و مەزهەبە جیاوازەكانی ئەم شارە، هەر ئەوەش بووە هۆكار كە عەدنان كەركوكی نوینەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە لیستی كەركوكی كوردستانی بكێشیتەوە كە بڕیارە لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندە ئەو هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی عێراق ساز بكرێت. هەرچەندە هەندێ لایەن ویستیان وێنەیەك لە پێش چاوی جەماوەری كوردستان بكێشن كە بە هاتنە دەرەوەی پارتی لەو لیستە كاریگەری خراپ لەسەر هەڵوێستی كوردو سەنگی سیاسی لە كەركوك دەبێت، لە كاتێكدا هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لە نیو سەدەیە نەگۆڕە لەسەر ئیلتیزاماتە نەتەوەیی و نیشتیمانی و كوردایەتییەكانی كەركوك و پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك جا لە كەركوك بێت یا لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان. بۆیە بەشداریكردنی پارتی دیوكراتی كوردستان بە لیستێكی جیاواز تەنها هەڵوێستی سیاسیەو هیچ لە هەڵوێستە نەگۆڕە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی كەم ناكاتەوە. بەڵام شتێكی گرنك هەیە دەبێت بپرسین بۆچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سوور بوو لەسەر دانانی بەڕێز نەجمەددین كەریم سەرباری ئەوەی چەندین جار پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتەكانی دیكە بە فەرمی داوای گۆڕینیان كرد، ئایا ئەو پارتە هیچ جێگرەوەی دیكەی نەبوو؟ لە كاتێكدا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەیان تێكۆشەرو كادیری بەتوانای هەبوو بۆ پڕكردنەوی ئەو بۆشاییە، دەبێت ئەوەش بزانین تەنها پارتی لەو لیستە نەكشایەوە، بەڵكو زۆرینەی پارتە كوردیەكان لەو لیستە كشانەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پارتی هێشتا هاوپەیمانی سەرەكی و یەكەمی ستراتیژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەو درز نەكەوتۆتە نێو هاوپەیمانییەكە.
نابێت ئەوە لە بیر بكەین كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیان ساڵە لە پێناوی كەركوك قوربانی داوەوخوێنی رشتووەو شۆڕشێكی مەزنی گەورەی لەسەر ئەو شارە داناوەو هەمیشە سەرۆكی نەمر مەلا مستەفا بارزانی باسی لە گرنكی ئەو شارە كردوە بە دڵی كوردسانی ناوزەد كردووە، پارتی بە درێژایی مێژووی تەمەنی خەباتی كردووەو لەبەرامبەریشدا دوژمانی كورد بە ئەنفال و وێرانكردنی گوندەكان وەڵامیان داوەوبۆ ئەمەش هەزاران شەهیدی بەخشیوەتە شاری كەركوك لە هەردوو سەدەی بیستەم و سەدەی بیست یەكدا، هەروەها جەنابی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەموو بۆنەكان داكۆكی لەسەر كەركوك كردووە و خەڵكی كوردستان و دوژمانیشی دڵنیاكردۆتەوە كە هەرگیز سازش لەسەر كەركوك ناكات، باشترین بەڵگەش كاتێ جەنابی سەرۆكی هەرێم لە ئەنجومەنی حوكم بوو لەسەر دەستی بەڕێزیان زۆر بەندو بڕگە لە دەستووری عێراق چەسپێنرا تا لە رێگەی یاساوە كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، لەو روانگەشەو بڕیارێكی تایبەتی دەركرد كە ناوچە بەزۆر دابڕێنراوەكان بكرێن بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە دوو ساڵی رابردووشدا هێندە بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامانجی تیرۆرستان بووە ئەوەندە بارەگای پارتەكانی دیكە نەبوونەتە ئامانجی تیرۆرستان.
لە كۆتاییدا پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكان بەرژەوەندی تەسكی حیزبی و كەسی وەلاوە بنێن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەریزبەندی یەكەم دابنێن، لەبەرئەوەی هەنووكە كەركوك لە مەترسیدایەو رۆژانە خوێنی لێدەچۆڕێت، تیرۆرستان و كەسانی سەردەمی رژێمی سەدام و عەرەبە شۆڤێنیەكان و كاربەدەستانی بەغدا چاویان لەسەر كەركوكەو دەیانەوێت بە هەرجۆرێك بێت كەركوك نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و بە هەموو جۆرێك ئاستەنگ دەخەنە سەر پڕۆسەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 و پەرەپێدانی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێت لە كەركوك كوردایەتی ئامانج و مەبەست و كردار بێت، نەك دروشم، مێژووش گەواهیدەرە پارتی بە راستەقینە كوردایەتی كردووە لە كەركوك.
و. هۆشمەند
سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلزەمانی چاپی لەندەن ژمارە 4687




