هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پارووه نییه كه مالیكی بتوانێ قووتی بدات

فەیسەڵ دەباغ
زۆرجار به‌غداد باس له‌وه ده‌كات كه عێراق پێویستی به سه‌ركرده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه، من قه‌ت باوه‌ڕم به‌و قسه‌یه نه‌هاتووه و هه‌میشه ده‌ڵێم: عێراق پێویستی به سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر هه‌یه نه‌ك به‌هێز.
سه‌ركرده‌یه‌ك كه به یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق بكات و به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك یان تایفه‌یه‌ك نه‌خاته سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌ن و تایفه‌كانی دیكه، سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر كه به هیچ شێوه‌یه‌ك فشار و ئابڵوقه‌ی ئابووری نه‌خاته سه‌ر هیچ پارچه‌یه‌كی عێراق، سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر كه له چه‌مكی فیدرالیه‌ت نه‌ترسێ و هێزی عه‌سكه‌ری وه‌كو كارتێكی فشار دژ به هیچ لایه‌نێك به‌كار نه‌هێنێت، سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر كه له ده‌ستوور لانه‌دات و به كه‌یفی خۆی ڕاڤه‌ی مادده‌كانی نه‌كات، سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر كه به‌عه‌قڵیه‌تی پاوانخوازی پێشوو بیر نه‌كاته‌وه و باوه‌ڕ به‌و ڕاستییه بكات كه عێراق له یه‌ك نه‌ته‌وه پێك نه‌هاتووه، به‌ڵكو له دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز كه ئه‌ویش كورد و عه‌ره‌به، سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر كه باوه‌ڕ به‌و ڕاستییه بكات كه هه‌رێمی كوردستان نه‌ك هه‌ر هه‌رێمێكی فیدراڵه، به‌ڵكو هه‌رێمێكه و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و خاوه‌نی خاكی خۆیه‌تی.
به هه‌موو پێوه‌رێك مالیكی ئه‌و سه‌ركرده ژیره نییه كه بتوانێ سه‌ركه‌وتوانه عێراق به‌ره‌و سه‌قامگیرییه‌كی ته‌واو ببات و به یه‌كگرتوویی بیهێڵێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ژیر بوایه هه‌موو جارێ یاری به هێزی چه‌كداری نه‌ده‌كرد و نه‌یده‌گواسته‌وه بۆ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك و ناوچه كوردییه‌كانی دیاله و نه‌ینه‌وا. به كه‌یفی خۆی فه‌رمانده‌ی فیرقه سه‌ربازییه‌كانی به وه‌كاله‌ت و به‌بێ ڕەزامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دا نه‌ده‌مه‌زراند، بڕی نه‌وتی كوردستانی نه‌ده‌بڕی، داوای پڕچه‌ككردنی هێزی سه‌ربازی نه‌ده‌كرد و به فڕۆكه‌ی F16 هه‌ڕه‌شه‌ی له هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌ده‌كرد و له هه‌ر كێشه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم په‌نای نه‌ده‌برده به‌ر وڵاتانی بیانی بۆ ئه‌وه‌ی فشاری بخه‌نه سه‌ر.
ئه‌گه‌ر ژیر بوایه هه‌وڵی نه‌ده‌دا هێزی چه‌كداری له‌و كه‌سانه پێك بێنێ كه تا دوێنێ چه‌كداری رژێمی پێشوو بوون. ئه‌گه‌ریش ژیر بوایه به‌م شیوه‌یه دژایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیای نه‌ده‌كرد. با قه‌ت نه‌ڵێت من نه‌وتم هه‌یه و ده‌توانم ئازاری توركیای پێبده‌م و له مه‌شدا وڵاتێكی ئه‌قلیمی پشتگیریم لێده‌كات.
ئایا قه‌ت مالیكی بیری له‌وه كردووەته‌وه كه سه‌رچاوه‌كانی ئاوی له‌ژێر ركێفی توركیادان؟ ئایا قه‌ت بیری له‌وه كردووەته‌وه كه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی دژ به هه‌رێم په‌یڕه‌وی ده‌كات له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی دووركه‌وتنه‌وه و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم له‌و عێراقه‌ی كه ئێستا ئه‌و حوكمی ده‌كات؟
به قه‌ناعه‌ته‌وه ده‌ڵێم هیچ وڵاتێك جێی مه‌ترسی نییه بۆ عێراق، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی جێی مه‌ترسییه خودی مالیكییه كه خه‌ریكه به ده‌ستی خۆی پاڵ به هه‌رێمه‌وه ده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی له به‌غدا جیا ببێته‌وه و مه‌به‌ستیشی له‌مه زۆر ڕوون و ئاشكرایه.
هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پارووه ئاسانه نییه كه مالیكی بتوانێ قووتی بدات، ئه‌و ناوچه ئۆتۆنۆمییه‌ش نییه كه پێشتر له‌ژێر ئه‌م ناونیشانه و له ژێر چه‌تری مه‌ركه‌زییه‌ت به‌ڕێوه ده‌برا، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و به‌پێی ده‌ستووریش هه‌رێمێكی فیدراڵه كه تیایدا ئه‌رك و مافه‌كانی دیاریكراون و كه‌سیش ناتوانێ له ژێر هه‌ر فشارێكدا بێت ئه‌و ئه‌رك و مافانه‌ی لێ زه‌وت بكات.
زۆر جار گوێبیستی ئه‌وه ده‌بم كه پاش هه‌نگاوی متمانه سه‌ندنه‌وه و ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه لێی كه‌وته‌وه، مالیكی هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له هه‌رێم ده‌دات.
به باوه‌ڕی من ئه‌م قسانه زیاتر قسه‌ی ڕاگه‌یاندنن، چونكه هێشتا مالیكی نه‌گه‌یشتووەته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه بتوانێ په‌نا بباته به‌ر هه‌وڵێكی وا.
عێراق گۆڕاوه و كوردیش گۆڕاوه، نه عێراق عێراقی دوێنێیه و نه كوردیش كوردی دوێنێیه. ڕاسته ئێستا ڕاوێژ بۆ چاكسازی ده‌كرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵه سه‌ركه‌وت باشه، ئه‌گینا خه‌ڵكی كوردستان ناهێڵێ تاكڕه‌وی له به‌غدا سه‌رهه‌ڵبداته‌وه و ئه‌گه‌ریش سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه ئه‌وكات ناهێلێ حوكمی ئه‌و تاكڕه‌وییه به‌سه‌ر كوردستان بسه‌پێندرێ.
كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نیشتمانی نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خودی مالیكییه، له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه كه ده‌یه‌وێ عێراقی پێ حوكم بكات.
هیچ پێكهاته‌یه‌ك ناتوانێ به ته‌نیا حوكمی عێراق بكات، نه شیعه و نه سوننه، ئه‌وه‌ی ده‌شمێنێته‌وه كورده و كوردیش قه‌ت به‌وجۆره حوكمه رازی نابێت و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه مالیكیش دژ به هه‌رێم پیاده‌ی ده‌كات ته‌نیا له زه‌ره‌ری خودی خۆی ته‌واو ده‌بێت و كوردیش سه‌ربه‌رزانه لێی ده‌رده‌چێت.




