٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە یادی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی ـدا

سەرچاوە: KDP.info

سیامەند سێلكی

نەوەدونۆ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، ڕابەری یەكەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی بارزان مەولانا شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لەلایەن داگیركەرانی عوسمانی لە شاری مووسڵ لە سێدارە درا. شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لە ساڵانی یەكەمی سەدەی بیستەمدا وەكو زانا و بیرمەندێكی مەزن لە پێناو چەسپاندنی عەدالەت و حەقخوازی و یەكسانی و ئازادی و مرۆڤدۆستیدا و لەسەر بنەمای پەیامی ئیسلامی راستەقینەدا پڕۆژەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنەی بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم لەناو كۆمەڵگادا لە دەڤەری بارزان راگەیاند. پڕۆژەكە لە چەند خاڵێك پێك هاتبوو:
- چونێتیی پاراستنی ژینگە: لە پێناو پاراستن و جوانڕاگرتنی ژینگە چەندین رێنمایی دەركرد.
- چەسپاندن یەكسانی و دادپەروەری: لە پێناو نەهێڵانی جیاوازی لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگادا و دابینكردنی یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی چەندین رێنمایی دەركرد، بەگوێرەی ئەو رێنماییانە ئەرك و ماف بۆ هەموو تاكێك بەبێ جیاوازی دیاری كرا.
- ئازادیی ئایینی: چونكە لە دەوروبەری بارزان پەیڕەودارانی ئایینی كریستیان و یەهودی هەبوون، شێخ هەموو ماف و ئازادییەكی بۆ دەستەبەر كردن و ئەوانیش وەكو موسڵمانان لە ئەرك و مافەكانیاندا یەكسان بوون. واتە هیچ جیاوازییەك لە نێوان مرۆڤێكی موسڵمان یان یەهودی یان كریستیان نەبوو و هەموویان لە ئەرك و مافەكانیاندا یەكسان بوون.
- دابینكردنی مافەكانی ئافرەت (ژن): بەحوكمی بوونی دەسەڵاتی باوكسالاری بەسەر ئافرەتاندا و بێبەشبوونیان لە هەموو مافێك، شێخ چەند رێنماییەكی بۆ دابینكردن و پاراستنی مافەكانی ئافرەتان دەركرد وەكو قەدەغەكردنی ژنبەژنی، قەدەغەكردنی بەشیری مارەكردن، قەدەغەكردنی بەزۆر بەشوودانی كچ، قەدەغەكردنی وەرگرتنی پارە (نەخت) لەبەرامبەر بەشوودانی كچ، سەربەستكردنی كوڕو كچ لە پێكهێنانی خێزان (ژیانی هاوسەری)ـدا.
ئەوكات شێخی بارزان نە هیچ هێزێكی سەربازی لەبەر دەست بوو نە هیچ هێزێكی ماددی بۆ چەسپاندنی ئەم پڕۆژەیە لەناو كۆمەڵگادا، بەڵام هێزێكی زۆر گەورەتر لەوانەی هەبوو كە هێزی بیرباوەڕ و پەروەردە بوو. شێخی بارزانی ئەم رێنماییانەی لە كوڕو كۆبوونەوەكاندا و لە میحرابی مزگەوتەكان بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە شی كردەوە. لەو سەردەمەدا بارزان تەنها گوندێكی بچووك بوو. كاتێك خەڵك هەستی بەوە كرد كە رێنماییەكانی شێخ سەد دەرسەد لە بەرژەوەندیی ژیانی ئەواندایە و تەواو كۆك و هاوڕاشن لەگەڵ جەوهەری ئایینی ئیسلام، ئەو رێنماییانە وەكو ئەركێكی پیرۆز لە هەموو بوارێكدا جێبەجێ كران.
ئەم رێنماییانە گۆڕانێكی ڕیشەییان لە ژیانی خەڵكی گوندی بارزاندا دروست كرد و لە هەموو ڕوویەكەوە ژیانیان بەرەو باشبوون چوو. كاتێك خەڵكی دەوروبەری بارزان گوێبیستی ئەم پەیامەی شێخی بارزان بوون گوندەكانی دەوروبەری بارزانیش ڕوویان لە تەكیەی بارزان كرد و بوون بە هەڵگری پەیامی شێخی بارزان. لە ماوەیەكی كەمدا خەڵكی حەوت عەشیرەتی ناوچەكە واتە شێروانی، بەروژی، مزوری، دۆلەمەری، نزاری، هەركی بنەجی، گەردی، بەسەر سنورەكانی عەشیرەتگەریدا بازیان دا و بوون بە هەڵگری پەیامی شێخی بارزان و لەسەر بنەمای بارزانیبوون یەكیانگرت. واتە شێخی بارزان توانی ئینتمای عەشیرەتگەری بگۆڕێت بو ئینتمای پەیامێك كە پڕ بوو لە عەدالەت و یەكسانی و خوداپەرستی و مرۆڤایەتی. ئەمە سەرەتای ئامادەكاری بوو بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێكی ئازادیخوازانە لەپێناو بەرگریكردن لە ماف و ئازادییەكانی نەتەوەی كورد، بۆیە دوای یەكگرتنی ئەو حەوت عەشیرەتە شێخی بارزانی شۆڕشی دژی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی راگەیاند.
لە یەكەم هەنگاویشیدا لە ساڵی (1907) سەردانی ناوچەی بادینانی كرد و لە تەكیەی بریفكانی كۆبوونەوەی بە زۆرێك لە سەرۆك هۆزەكانی بادینان كرد و داوای لێكردن پشتیوانی شۆڕشەكەی بكەن، لەو كۆبوونەوەیەدا هەموو سەرۆك هۆزەكان پشتیوانیی خویان بۆ شێخی بارزان دوو پات كردەوە و بڕیار درا یاداشتێك بدرێتە دەسەڵاتدارانی عوسمانی بۆ دابینكردنی مافەكانی كورد. یاداشتەكە بە ئیمزای زۆربەی ئامادەبووان بۆ عوسمانییەكان رەوانە كرا.
كاتێك یاداشتەكە بەدەست دەسەڵاتدارانی عوسمانی گەیشت، یەكسەر ئەو هەوڵەی شێخی بارزانیان بە جوداخوازی لەقەڵەمدا و دەستیان بە لەشكركێشی كرد بۆ سەر بارزان. مخابن هەموو ئەو سەرۆكهۆزانەی كە بەڵێنیان بە شێخی بارزان دابوو پشتیوانی لێ بكەن لە بەڵێنەكەیان پەشیمان بوونەوە. شێخی بارزان و خەڵكی دەڤەری بارزان بەتەنهایی ڕووبەڕووی سوپای عوسمانییەكان بوونەوە. بارزان و هەموو گوندەكانی ناوچەكە سوتێنران، بەڵام شۆڕشگێڕانی بارزانی بە هیچ شێوەیەك تەسلیم نەبوون و بۆ ماوەی حەوت ساڵ شۆڕش بەردەوام بوو.
مخابن دوای تۆماركردنی دەیان و سەدان داستانی پڕ لە سەروەری كۆمەڵێك خیانەتكار و خۆفرۆشی كورد لە ناوچەكانی نزیك ماكوی رۆژهەڵاتی كوردستان شێخی بارزان و چەند شۆڕشگێڕێكی دیكەیان لە پیلانێكی خیانەتكارانەدا دەستگیر كرد و تەسلیم بە داگیركەرانی عوسمانییان كردن. ئەوە بوو لە رۆژی (14/12/1914) شێخی بارزان لە شاری مووسڵ لەلایەن داگیركەرانی عوسمانییەوە لە سێدارە درا و شەهید بوو. بەڕێز مام جەلال سەرۆككۆماری عێراق لە وتارێكیدا كە لە17/10/2005 و لە رێوڕەسمی هێنانەوەی روفاتی ئەنفالكراوانی بارزانیدا پێشكەشی كرد لەو بارەیەوە دەڵێ: (كاتێك توركەكان شێخ عەبدولسەلامی بارزانییان بەرەو سێدارە برد، شێخی بارزانی بە دەنگێكی بەرز هاواری كرد و گوتی: قوڕ بە سەرتان بە كوشتنی من كورد خەلاس نابن، هەر قەترەیەكی خوێنی من دەبێتە بوركانێك ئاگر و لە بارزان بەرز دەبێتەوە و ئێوە دەسوتێنێ).
بێگومان ئەم فەرموودەیەی شێخی بارزان وەكو حەقیقەتێكی ڕوون لە مێژووی كورددا وەكو رۆژێكی ڕووناك دیارە و هەر لەو رۆژەدا بارزان بوو بە قەڵا و لانكەی شۆڕش و سەرهەڵدانی ئازادیخوازانە لەپێناو رزگاری كورد و كوردستان و هیچ هێزێك نەیتوانی كۆتایی بەو رێبازە پیرۆزە بێنێت كە شێخی بارزان بە خوێنی پیرۆزی خۆی بەردی بناغەی بۆ داناوە.. هەر لەو رۆژەوە بارزانییەكان لە شێخ عەبدولسەلامەوە فێر بوون كە هەمیشە لە پێناو ئازادی و سەربەستیی كورد و كوردستاندا قوربانی بدەن، شێخ عەبدولسەلام بارزانییەكانی فێر كرد كە هەمیشە مردنێكی سەربەرزانە و شەرفمەندانە لە پێناو حەق و عەدالەت و ئازادیدا هەڵبژێرن.. ئێستا لە ئازادیی بەشێكی كوردستاندا هەڵگری پەیامی شێخانی بارزان، سەرۆك مەسعود بارزانی ئاڵای پیرۆزی كوردستانی بەرز كردووەتەوە و كورد بەرەو سەربەخۆیی یەكجارەكی دەبات

هەواڵی پەیوەندیدار