كۆنگرەیەك بۆ یادی100 ساڵەی شەهیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی

دڵشاد مستەفا وەسانی
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی كوردو جوڵانەوە ڕزگاریخوازییەكەی بدەینەوە، دەبینین بارودۆخ و هاوكێشەی سیاسی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بەجۆرێك هەڵكەوتوون، هیچ دەرەتانێكیان بۆ جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان نەڕەخساندووە، كە لە وێستگەیەك لە وێستگەكانی ئەو مێژووە دوورودرێژە، وچانێك بدات و چاو بە خەبا ت و تێكۆشاندا بخشێنێتەوەو، بە دوای وەڵامی زۆر پرسیاردا بگەڕێت، ئەگەر دەست نیشانی ئەركی قۆناغەكانیشی كردبێ، ئەوا زۆرجار بارودۆخی نەخوازراو ڕێگر بووە.
بەدرێژایی 22 ساڵی ڕابردوو، دۆخێكی جیاواز لەچاو پارچەكانی دیكەی كوردستان، بۆ باشووری كوردستان دروست بووە، بەڵام سێ چوار ساڵێكە، بارودۆخ لە هەرێمی كوردستان بەتەواوی لەبارە، بۆ ئەوەی كورد قسە لەبارەی حاڵی خۆی لە ئاستی نەتەوەیی بكات، ئەوەتا بەدەستپێشخەری و ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، لە هەولێرەوە كۆبوونەوەی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كرا. ئەوەی ئێمە لەم بابەتەدا مەبەستمانە، وەك پێشنیارێك، كۆنگرەیەكە بۆ یادی 100 ساڵەی لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، پێشنیاری گرێدانی كۆنگرەكە بۆ ئەم هۆیانە دەگەڕێتەوە:
| شێخ عەبدولسەلام بارزانی بە بناغەداڕێژەری چەسپاندنی بنەماكانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە نێو جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لەوڕێیەشەوە لە نێو كۆمەڵگەی كوردستاندا دادەندرێت |
1- دیاری كردنی 100 ساڵی ڕابردوو و ڕۆژی لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی 14/12/1914 ئەوە ناگەیەنێت، كە خەبات و تێكۆشانی پێش ئەو مێژووە پشتگوێ بخرێ، بەڵكو لەو ساڵەدا یەكەم جەنگی جیهانی دەست پێدەكات و دوای ئەو جەنگە 1914 1918وێڕای بەردەوامی خەبات و كەوتن و هەڵسانەوە، بارودۆخێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیی خراپ بۆ كورد دێتەپێشەوە، كە تا دەیەی كۆتایی سەدەی بیستەم بەردەوام دەبێت.
2- شێخ عەبدولسەلام بارزانی بە بناغەداڕێژەری چەسپاندنی بنەماكانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە نێو جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لەوڕێیەشەوە لە نێو كۆمەڵگەی كوردستاندا دادەندرێت و بناغەی پێكەوەژیانی لەگەڵ ئەو ئایین و نەتەوانەی لەكوردستان دەژین داناوە.
3- ئەوەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە ئاینپەروەیدا خاوەن پایەو مەقامێكی گەورە بووە، هەوڵی داوە كۆمەڵگەی كوردستان لەوە ئاگاداربكاتەوە، كە ئایین نابێتە ڕێگر لەبەردەم تێكۆشان و خەباتی نەتەوایەتیدا، كاری لەسەر ئەوە كردووە كە وەك تورك و فارس و عەرەب، كوردیش تایبەتمەندی خۆی لەدەست نەدات.
4- داوای ئەوەی كردووە كوردستان ئاوەدان بكرێتەوەو ببوژێندرێتەوە، بۆ ئەمەش داوای كردووە، ئەو پارەیەی دەوڵەت لە ڕێی باجەوە لە كوردستان كۆی دەكاتەوە بۆ پەرەپێدانی كوردستان بەكاربهێندرێ، ئەمەش ڕێگەخۆشكەربووە بۆ ئیدارەیەكی ناوخۆیی و ڕەتكردنەوەی مەركەزییەت.
5- داوای كردووە فەرمانبەر و كارمەندی دەوڵەت لە كوردستاندا كوردبن نەك لەدەرەوەی كوردستان بهێندرێن.
6- گرنگیی بە زمانی كوردی داوە، داوای كردووە زمانی كوردی لە دامودەزگای ئیداری لە كوردستاندا بەكاربهێندرێ.
7- گرنگیی بە ژینگەو ژینگەپارێزیی كوردستان داوە.
8- گرنگیی بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە بڕیاربەدەستەكان داوە، ساڵی 1913 چاوی بە كونسوڵی ڕووسیا كەوتووە.
9- لەسەر ئەو داواكارییانە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لە موسڵ لەسێدارە دراوە.
10- دەستی خیانەتی ناو كورد، شێخ عەبدولسەلام بارزانی تەسلیمی دەوڵەتی عوسمانی كردووە، لە موسڵیش لە سایەی سلێمان نەزیف والیی موسڵ كە كورد بووە لەسێدارە دراوە.
| ڕۆڵی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە دروستكردنی متمانەی نێوان خەڵك و ڕابەری گەل، لە ڕێی تێكەڵ بوون بەخەڵك و خاكەڕایی بوون، هەر ئەو خاكەڕاییەش، بۆ دەستگیركردنی لەلایەن چەند كەسێكەوە بەدەرفەت وەرگیراوە |
پێشنیار بۆ كۆنگرەكە
دەكرێ بۆ گرێدانی ئەو كۆنگرەیە، ئەم خاڵانە یان هەر پێشنیارێكی دی كە كەسانی دی هەیانبێ، سوودیان لێوەربگیرێ.
1- بە ئامادەبوونی سیاسەتمەدارو كەسایەتی ڕۆشنبیرو كۆمەڵایەتی كوردستان و نووسەرو مامۆستایانی زانكۆو توێژەران، كۆنگرەكە دەست بەكاری خۆی بكات.
2- چەندین لێكۆڵینەوە لەلایەن توێژەران و كەسانی ئەكادیمی لە چەند بوارێكدا پێشكەش بكرێن، دەكرێ بابەتەكان لە چوارچێوەی چەند تەوەرێكدابن وەك:
تەوەری یەكەم: ڕۆڵی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە چەسپاندنی بنەمای پێكەوەژیان و هێنانەكایەی ئاشتی كۆمەڵایەتی.
تەوەری دووەم: داواكارییەكانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە دەوڵەتی عوسمانی وەك ئیدارەدانی ناوچە كوردییەكان لەلایەن كوردو گرنگیدان بەزمانی كوردی.
تەوەری سێیەم: ڕۆڵی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە دروستكردنی پەیوەندی كورد لەگەڵ دەوڵەتان.
تەوەری چوارەم: ڕۆڵی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە دروستكردنی متمانەی نێوان خەڵك و ڕابەری گەل، لە ڕێی تێكەڵ بوون بەخەڵك و خاكەڕایی بوون، هەر ئەو خاكەڕاییەش، بۆ دەستگیركردنی لەلایەن چەند كەسێكەوە بەدەرفەت وەرگیراوە، خوێندنەوەی كەسایەتی تاكی كوردو كۆتایی هاتنی سەردەمی سۆفی عەبدوڵڵاكان.
تەوەری پێنجەم: بەراوردی نێوان چارەگی سەدەی بیستەم و چارەگی سەدەی بیست و یەك، ئەگەر لە 1914 شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لەسێدارە درابێ، لە 2013 سەرۆك مسعود بارزانی لە توركیای پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی داوەت دەكرێ بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی خۆی لە ئاشتیی نێوان كورد و توركدا بگێڕێ، كەواتە ئەو ڕێبازەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی داڕێژەریەتی سەركەوت و 100 ساڵە درێژەی هەیەو، چەندین ڕژێمی یەك لەدوای یەكی ناوچەكەش لە دژایەتی كردنی ئەو ڕێبازەی كوردایەتی شكستیان خواردو لەناوچوون.
3- هەموو ئەو وتارو باسانەی لە كۆنگرەكەدا پێشكەش دەكرێن بەدیكۆمێنت بكرێن و لە كتێبێكدا كۆبكرێنەوە.
4- ئەگەر ئەم پێشنیارە پەسند بكرێ، دەكرێ لە ئێستاوە كاربكرێ و ماوەی ئامادەكاری یەك ساڵ دەبێت و دەكرێ لەماوەی ئەو ساڵەدا بابەت و توێژینەوە ئامادەبكرێن بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوو لە 14/12/2014 كۆنگرەكە بەڕێوەبچێت.




