ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی پێویستە یان نا؟

بەختیار شاخی
هەر لەسەرەتای مرۆڤایەتییەوە گەڕان بەدوای ئاسایش و دوورخستنەوەی مەترسی لە گرنگترین خواستەكانی مرۆڤ بووە و زۆرترین توانایشی بۆ تەرخان كردووە.
ئێستایش یەكێك لە گرنگترین پێداویستییەكانی هەر كۆمەڵگەیەك و دابینكردنی ئاسایشی تاكەكانیەتی. ئێستا پاراستنی خاك، دابینكردنی خۆشگوزەرانیی خەڵك و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری، پاراستنی بەها نەتەوەییەكان و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان بۆ دەوڵەتەكانیش بووەتە گرنگترین ئەرك لە كایەی نێودەوڵەتیدا.
بۆ هەرێمی كوردستان كە بۆتە چەترێكی سیاسی بۆ گەلێكی چەوساوە و دەورەدراو بە مەترسیی جۆراوجۆر، بوونی ئاسایش و خۆپاراستن لە مەترسی پێویستییەكی پلە یەكە.
بەوپێیەش كە لە خەباتی رزگاریخوازیماندا بەرامبەرەكەمان دەوڵەتی بەهێز و خاوەن توانای سەربازیی و هەواڵگریی بەهێز بووە و ئێستایشی لەگەڵدا بێت زۆربەی سامان و تواناكانیان بۆ وێرانكردنی كوردستان بووە، لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش ناچار بوونە وەك هەوڵی خۆپارێزی و دوورخستنەوەی هەڕەشە لە خەڵك دەزگای تایبەت بە هەواڵگری دابمەزرێنن. پێكهێنانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بازدانێكە بۆ ڕێكخستن و یەكخستنی تواناكان و خۆتەرخان كردنە بۆ ئەركێكی گەورە و مەترسیدار كە پاراستن و گەشەپێدانی ئاسایشی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە.
ئاساییە كە پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی لەو چەشنە بە دڵی نەیارانی كوردستان نابێت، چونكە ئەوان ناخوازن دەزگایەك لە كوردستان هەبێت پیلانەكانی ئەوان پووچەڵ بكاتەوە، بەڵام ئەگەر لەناوخۆدا ڕەخنەیەك لە سەر پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە هەبێت پێویستە لەچوارچێوەی دۆزینەوەی كەلێن و كەموكوڕیی و لەپێناو بەهێزكردنیدا بێت، بە دڵنیاییەوەش ئەو پێكهاتە نوێیە زۆر گرنگە و بۆ بەهێزتر كردنی پێویستی بە هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە هەیە، هەر بۆیە راوێژكاری ئەنجوومەنەكە، بەڕێز مەسروور بارزانی لەسەرەتای وەرگرتنی ئەركەكەیەوە ڕایگەیاند كە تا ئێستا سەركەوتنی هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی كوردستان بە هۆی هاوكاریی هاووڵاتیانەوە بووە و لەمەودوایش پێویستیان بە هاوكاریی هەموو لایەكە، بۆیە ئەوەی ڕەخنەیەكی جیدی و دوور لە موزایەداتی سیاسی هەیە دەتوانێ هاوكارێكی باش بێت بۆ پێشخستنی كاری ئەنجوومەنەكە، ئەگەریش ڕەخنەگرتن تەنیا بۆ ناشرینكردن بێت تەنیا ئاوكردنە ئاشی نەیارانە و لەبری خزمەت دەبێتە خراپكاری.
یەكێك لەو ڕەخنانەی لە ناوخۆدا بەروڕووی پێكهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كراوەتەوە ئەوەیە كە ئەنجامی تێكەڵكردنی دوو دەزگای ئاسایشی حزبییە. یەكخستنی دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری خواستێكی سەرەكیی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بوو و دەكرا ئەو یەكخستنە وەك بەرهەمی پێداگریی خۆیان وێنا بكەن بەڵام نەیانكرد و وایان نیشان دا كە خواستەكەیان بۆ ئەوە بووە وەك درووشم بمێنێتەوە و لەگەڵ بە كردەیی بوونیدا نەبوون.
ڕەخنەیەكی تر كە زۆر گوترایەوە ئەوە بوو كە بۆچی كوڕی سەرۆكی هەرێم ببێتە ڕاوێژكاری ئەنجوومەنەكە، وەك ئەوەی تەنیا لەبەر ئەوەی كاك مەسروور كوڕی سەرۆكی هەرێمە ئیتر دەبێ دەست لە تواناكانی هەڵگرین و بۆی نەبێت توخنی سیاسەت بكەوێت، خافڵ لەوەی لەو رۆژەوەی ئەو بەڕێزە بەرپرسیارێتیی دەزگای پاراستنی گرتە ئەستۆ، حزبایەتیی لەو دەزگایەدا زۆر كەمڕەنگ كردەوە و لەڕووی پێكهاتەی ئیداری و هەم لەڕووی شێوازی كاركردنییەوە شێوەی دەزگایەكی گەورەی دەوڵەتیی پێ بەخشی و دەرگای بەڕووی تواناكاندا كردەوە.
ئێستا ئەگەرچی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق پێشكەوتووترە، بەڵام ئەگەر لە هەندێ بواری وەك پەروەردە و هاتوچۆ و تەندروستیشدا هێشتا كەموكوڕی مابێت ئەوا لەڕویی ئەمنییەوە ئەو كەموكوڕییانە زۆر كەمترن، ئەوە بەرهەمی كاری دەزگاكانی پاراستن و زانیاری و ئاسایش بووە و ئێستا بە یەكخستنیان ئومێدی خەڵك بۆ تەناهی زیاتر دەكەن. هەروەها چاوەڕوانیی خەڵكیش زیاتر دەكات بۆ نەهێشتنی هەرجۆرە زێدەڕۆییەك كە لە مامەڵەی كارمەندانی ئاسایشدا ڕووی دابێت.
دەبێ پێكەوە كار بكەین ئاسایشی مرۆیی بكەینە بنەمای كاری هەر كارمەندێكی ئەو ئەنجوومەنە و وا پەروەردەیان بكەین كە ئەركی ئەنجوومەنەكە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە رێزی تەواو لە مافی مرۆڤ بگرن و هەموو مرۆڤێكی ئەم هەرێمە خۆی بە ئەندامی ئەنجوومەنەكە بزانێت، وەكو سەرۆكی هەرێم گوتی “نابێ خەڵك لێیان بترسێت بەڵكوو ببنە مایەی دڵنیایی”. ئەوەشمان لەبیر بێت كە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تەنیا بەو ئەنجوومەنە ناكرێت و پێویستیی بە هاوكاریی هەموو تاكێكی هەرێم هەیە، بۆیە بڵاوكردنەوەی هوشیاریی نیشتمانی ئەركی هەموو دەزگا و ناوەندە سیاسی و رۆشنبیری و میدیاییەكانی كوردستانە.




