٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەڵێ ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش (بارزانی)یە

سەرچاوە: Hewler

د. ئاراس عه‌بدلکه‌ریم

بنەماڵەی شاهانەی هۆڵەندا و بەریتانیا لە نموونەی دیارترین ئەو بنەماڵانەن کە ڕۆڵێکی زۆر دیار و کاریگەریان لە پرۆسەی سەربەخۆیی و بیناکردنی دەوڵەت و گەشەکردنی گەل و وڵاتەکانیاندا کردووە، هەربۆیە ئەو پێگە مێژووییەیان لای گەلانیان هەمیشە جێگەی حورمەت و پێزانین بووە، به‌ ڕاددەیەک کە نەک هەر خودی شاژنی ئەم دوو وڵاتە، تەنانەت بنەماڵەکانیشیان وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی سەیر دەکرێن.

ئەگەر قسە لەسەر نەبوونی دەسەڵات و فۆرمی تەشریفاتیی دەسەڵاتی ئەو بنەماڵانەش بێت، ئەوا ئەم بۆچوونە تەواو دوورە لە ڕاستییەوە، بەتایبەت کاتێک بزانین لە هۆڵەندا چەندین پرۆژەی جددیی بواری گەشەپێدان و ئابووریی دەوڵەت بە ئەلیکساندەری شازادە سپێرراوە.
لەم دوو وڵاتەدا کە بە نموونەی وڵاتانی دیموکراسی و پێشکەوتوو ئەژمار دەکرێن، نەمانبینی و نەمانبیست ڕۆژێک حیزبێک یان پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن پێگەی سیاسیی بنەماڵە شاهانەکانی وڵاتەکەیان بە کەماسیی لە دیموکراسیبوونی سیستمی سیاسیی وڵات و پاوانکردنی دەسەڵات بدات لە قەڵەم، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئۆپۆزسیۆن بەر لە لایەنەکانی دەسەڵات داکۆکیی لەو ڕۆڵە سیاسییە گرنگە دەکەن کە ئەم بنەماڵانە لەخزمەتی گەل و وڵاتەکەیاندا دەیگێڕن.

لە ساتەوەختی بەفەرمیی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و سپاردنی پۆستی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنەکە بە به‌ڕێز مەسروور بارزانی، بەداخەوە ئەو ڕاستیە تاڵەمان بۆ دەردەکەوێت کە تا چەند هەندێک کەسایەتیی نێو ئۆپۆزسیۆن نائاشنان بە هۆشمەندیی سیاسی و هەستی بەرپرسیارێتی. ئەم دەنگانەی لەملاولاوە باس لە پاوانکردنی دەسەڵات دەکەن لە کوردستاندا، لەمەڕ پرسی ڕاوێژکاری ئەم ئەنجوومەنی ئاسایشە کەم تا زۆر بەلای پرسی ئەوەدا نەچوون کە ئایا ئەم کەسایەتییە وەک ئەزموون و توانای شەخسیی خۆی و وەک هەڵوێستی نیشتمانی و دڵسۆزیی، پاشان وەک ئەو ڕۆڵەی کە تا ئێستا لە بواری تەناهی و دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و هاووڵاتیاندا بینیویەتی، ئاماژەن بۆ شیاویی بۆ ئەم پۆستە یان نا؟
ئایا کارەکانی ئەم کەسایەتییە لەم بوارەدا دەکرێ لە بەرژەوەندیی کار و پسپۆرییەکانی ئەم ئەنجوومەنەدا بێت یان نا؟
لە هەمووشی سەیرتر لەکاتێکدا باکگراوند و مێژووی خانەوادەی ئەم کەسایەتییە لە خەبات و قوربانیداندا نەک هەر بۆ خۆی بەڵکو بۆ نەتەوەیەکیش مایەی شانازیی و ڕێزە، کەچی چەند دەنگێک ڕاست دەبنەوە و ئینتیمای خانەوادەییانەی ئەم کەسایەتییە لەگەڵ هەموو سەروەرییە نەتەوەییەکانیدا کە لەمێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی و قوربانیداندا بۆ خاک و نەتەوە پشکی شێری بەردەکەوێت، ئەم ئینتیمای خوێنە دەکەنە بیانوو بۆ نادروستیی بڕیاری دانانی بەڕاوێژکاری ئەم ئەنجوومەنە.

هەڵبەتە چ بەڕێز مەسروور بارزانی و چ هەر کەسایەتییەکی گشتیی تر بە حوکمی ڕۆڵبینیان لە دنیا و مێژووی ئێمەدا جێگەی ئەوەن کە قسە لەسەر کار و بیر و هەڵوێست و تواناکانیان بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لەمڕووەوە دروستیی هەڵوێستی ئەو تەرزە ئۆپۆزیسیۆنە کورت دێنێ، بۆیە لەمەڕ توانا و رۆڵی دیاری ئەم کەسایەتییە شتێکیان نییە بۆ گوتن، پەنا دەبەنە بەر لۆژیکێکی هەرزان کە ئەو پەڕی ناعەقڵانیی لەپشتەوەیە.
سەبارەت بە خانەوادەیبارزان زۆر ئاشکرا دەڵێین، ئەگەر کەسێک خۆی نابینا نەکات و بە ویژدانەوە بڕیار بدات، ئەوا دەزانێ کە خەبات و قوربانیدانی بارزان هەر لە شێخ عەبدولسەلامی یەکەمەوە تا دەگاتە ئێستا زۆری لە خەبات و ڕۆڵی مێژووی ئەو خانەوادانە زیاترە کە لە وڵاتەکانیاندا و لای گەلەکانیان وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی و مێژوویی حورمەتیان لێ دەگیرێت.

لەڕاستیدا نەک هەر لۆژیک بەڵکو هیچ نیەتێکی نیشتمانی و نەتەوەییانە لەوەدا نابینین کە کوردێک هەبێ لەبەردڵی گران بێت کە ئەو ڕۆڵەی شۆڕشگێڕانی بارزانی لە دامەزراندن و پتەوکردنی سەروەریی نەتەوەیی و پێگەی سیاسی و ئابووری و ئیداریی و ئەمنی و پاراستنی کوردستان و خەڵکەکەیدا دەیبینن بۆی هەزم نەکرێت، نا لەبەر ئەوەی بەرامبەر بە ڕۆڵ و کار و کاریگەریی ئەم بەڕێزانە شتێکی هەبێت بۆ گوتن، بەڵکو لە بەرئەوەی هەموو بارزانین، داخۆ ئەمە بەدبینی سیاسی و گرێی دەروونیی نەبێ چیی ترە؟

دواشتیش دەڵێین، هەر کام لەم کەسایەتییە بەڕێزانەی کە ڕۆڵی کاریگەر لە ژیان و دنیا و مێژووی سیاسیماندا دەبینن ئاشکرا و بە ڕۆژی ڕووناک کاریان کردووە و دەیکەن و کەسانی پشت پەردە و ژوورە تاریکەکان نین، لەبەر ئەوەی ئەوەی ئەنجامی دەدەن بڕوایان پێیەتی و دڵنیان کە لە بەرژەوەندیی خاک و نەتەوە و ئاییندەی کوردستانە، هەر بۆیە بە خۆیان و ناو و کارەکانیانەوە هەمیشە ئامادەن لەبەردەم نەتەوەکەیان و مێژوودا به‌ سه‌ری به‌رزه‌وه‌ ڕابوەستن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار