٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کوردستان ناگەڕێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

سیاسەت هەر ئەو شتانە نییە کە ئێمە دەمانەوێت، هەندێکجار  تێپەراندی سنورە نائاسییەکان و بەدیهێنانی خەونی مەزنیشە، هەروەها سیاسەت هەر بەتەنیا هونەری تواناکان نییە، بەڵکو ئیرادەی ئەوانەش  دەگرێتەوە کە پیادەی دەکەن. نیوەی مەبەستی ئەم ناونیشانەی سەرەوە قسەیەکی رێزدار نێچیرڤان بارزانییە کە چەند رۆژێک پێش ئێستە لە هەولێر لە کاتی بەستنی کۆنفرانسی نەوت و وزە لەبەردەم سەدان کۆمپانیا و میوان و میدیای کوردستانی و عەرەبی و  بینانی گوتی ( ئیدی کوردستان بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە).  لە راستیشدا بە پێی مەنتیقی سیاسی و ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسییەی لەم چەند ساڵەی دوایی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەداو هەندێک وڵاتە عەرەبییەکان دروست بووە، کوردستان لە رووی سیاسی و  پەیوەندی دیبلۆماسی و رۆشنبیری و بازرگانی و  دواتریش ئابوری وەکو ستراتیژی یەکلاکەرەوەی هەموو مەسەلە بنەڕەتییەکان، بەرەو دواوە پاشەکشە ناکات.

راستە ئێستەش فشارێکی زۆری سیاسی و  مرۆیی و دارایی و سەربازی و هەتا دەگاتە رووبەرووبوونەوەی کاری تیرۆریستی و رەنگە لە هەندێک بواریشدا (هەواڵگری) لە دژی هەرێمی کوردستان بەرێوەدەچێت. تەنیا لە لایەن خودی حکوومەتی عێراق و هەندێک وڵاتی هەرێمایەتی و ئینجا گروپە توندڕەوەکان و  فکری شۆڤینی کە بە ناحەزانی کوردستان دادەنرێن، پلان و هەروەها گرفت دروستکردن تا دەگاتە ئاڵۆزکردنی بارودۆخی ئارام و  گەشەکردووی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

مەبەستمان لێرە تەنیا ئەوەیە نییە، بڵێین کوردستان بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، بەلکو هەرێمی کوردستان لە زۆر سیاسەتیش ناگەڕێتەوە و کارەکانی خۆی بە پێی شرۆڤە کلاسیکی و بەرژەوندییە جەقبەستووە کلاسیکەکانی پێشوو بەرێوەنابات

مەبەستمان لێرە تەنیا ئەوەیە نییە، بڵێین کوردستان بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، بەلکو هەرێمی کوردستان لە زۆر سیاسەتیش ناگەڕێتەوە و کارەکانی خۆی بە پێی شرۆڤە کلاسیکی و بەرژەوندییە جەقبەستووە کلاسیکەکانی پێشوو بەرێوەنابات، واتە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان جا ئەمە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بێت بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، یاخود سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بێت بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، یا پێکهاتەی دیکەی یاسادان و سیاسی بێت، بە شێوەیەکی دینامیکی هەروەها وەکو کارەکتەری بڕیار دەر و یەکلاکەرەوە هەنگاوی جێ متمانە دەنێن. لە ئێستەی هەرێمدا خۆ دوورگرتن لە ناکۆکی ناوەخۆیی و هەروەها ناکۆکی هەرێمایەتی و ئینجا یەکخستنی گوتاری سیاسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، وەکو بنەمایەکی ستراتیژی سەیر دەکرێت، بەتایبەتیش ئەو هەنگاوانەی لەمەڕ چوونە بەرەو بە دیموکراسی و ئاشتیانە چارەسەر کردنی دۆزی کوردستان دەنرێت.

مەبەستمان لە کوردستان بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، واتە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان متمانایەکی پتەوی بە خۆی و هەروەها سیاسەتی بیناکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی و  سیاسی  و ئابوری پێکهێناوە. لە رۆژهەڵاتێکی تەژی لە گرفت و شەڕ و  گۆڕانکاریدا هەرێمی کوردستان بۆتە یەکێک ناوەندە گەشەکردووەکان و لە کارەکتەرە بڕیاردرەکان و ناوەندێکی بەهێز بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە نێوان کورد و  تورکیا، دوور لە توندوتیژی چارەسەری کێشەی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا دادەنرێت. تەنیا کورد لە عێراقیشدا هەمیشە رۆلی ئاشتەوایی و بەیەکەوە مانەوەی پێکهاتەکان و  ئارامبوونەوەی ئەم حکوومەتەی ویستووە.

مەبەستمان لە کوردستان بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، واتە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان متمانایەکی پتەوی بە خۆی و هەروەها سیاسەتی بیناکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی و  سیاسی  و ئابوری پێکهێناوە

هەرێمی کوردستان لە چاو بەشەکانی دیکەی عێراق، لە چاو هەندێک وڵاتی هەرێمایەتی لە زۆر ئاستدا بەرەو گەشەکردن هەنگاو دەنێت، مەسەلەی رەوانەکردنی نەوت و گازی هەرێمیش لە رێگەی تورکیا ئەم متمانە و پێگەی هەرێمی کوردستان هەیەتی بەهێزتر دەکات.

ئەنجامەکان ناگیرێن، یاخود زووە بۆ ئەوەی دەرەنجامەکانی ئەم هەنگاوانە بەرجەستە بکرێن، بەڵام لە توڕەیی رکابەرەکان دیارە کە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی مێژوویی لە قازانجی خۆی دەنێت، رکابەرەکان راشکاوانە دەڵێن ئەمەی کورد دەیکات چوون بەرەو سەربەخۆیی ئابورییە، ئەمەش تەنیا یەک واتای هەیە بۆ دوارۆژ، ئەویش سەربەخۆیی سیاسییە.. کەواتە خەونە مەزنەکەی کورد لەم سیاسەتە بەرجەستە دەبێت، کە سەرۆکایەتی و  بڕیار بەدەستە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە پیادەی دەکەن. لە گەڵ ئەوەشدا کورد باشترین سیاسەتی لەوە بەدیدێت، کە پێشیلکاری دەستور نەکات، پێشیلکاری یاسا مرۆیی و  دیموکراسییەکانی ناوەخۆی نەکات، خزمەتی هاووڵاتی بکاتە ستراتیژی کارەکانی، هەمیشە وەکو دەسەڵاتێکی یەکسان و  دادپەروەر و بۆ هەموو پێکهاتە سیاسی و  نەتەوەیی  و ئاینییەکان بمێنێتەوە. لەمەش گرینگتر ئەوەیە، تاکی کورد و کوردستانی  نەوت بۆ وریابوونەوە و بوژانەوە و بەهێزبوونی کەسایەتی خۆی بەکاربهێنێت، نەک بیر لەوە بکاتەوە، نەوت نەوەیەکی دەستەمۆ  و نەوەیەکی باڵا دروست دەکات.

خەونە مەزنەکەی کورد لەم سیاسەتە بەرجەستە دەبێت، کە سەرۆکایەتی و  بڕیار بەدەستە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە پیادەی دەکەن

بەم نەگەڕانەوە، رەنگە گەلە کۆسپێکی مێژوویی و  دەروونی و بەستەلەکی زۆر رابماڵدرێت، هەروەها دووریش نییە لە بەرە ناوەخۆییەکانیشدا بەخۆهاتنەوەیەکی سیاسی بێتە ئاراوە، کە ئەم بە خۆهاتنەوەیەش بێگومان لایەنی ئەرێنی  و هەروەها بیرکردنەوەی کاتی نێگەتیڤیش لە گەڵ خۆی بهێنێت. بەڵام دەکرێت ئەمجارە نەوت لە کەرەستەیەکی سەرکوتکردن دژی کورد، ببێتە کەرەستەیەکی سەردەمیانە بۆ بەهێزبوون و گەشانەوەی کوردستان. 

 

هەواڵی پەیوەندیدار