٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

وەزیری بەرگری سووریا لە قامیشلو!!

سەرچاوە: KDP.info

عه‌بدولره‌زاق عه‌لی

هێشتا چەند ڕۆژێك بەسەر ڕاگەیاندنی (ئیدارە)كەی پەیەدەی ساڵح موسلیمدا، تێپەڕ نەبووبوو، وەزیری نەوتی ڕێژیمی سووریا، سەردانی ناوچەی "رمێلان"ی نەوتین و كوردنشینی كرد. دوابەدوای ئەویش، بەری چەند ڕۆژ، فەهد جاسم ئەلفرێج، وەزیری بەرگریی ڕێژیم، گەیشتە قامیشلو، لەوێشەوە، سەرێكی بەلای دەروازەی "تەل كۆچەر" (یەعرووبیە)ی هاوسنووری "ڕەبیعە"ی عێراقدا خوار كردەوە و دەروازەكە كرایەوە. ئەم برووسكەهەواڵانە، هەویرێكن، ئاو زۆر دەبەن.

رمێلان، گەورەترین سەرچاوەی نەوتی سووریای لێیە. گەر بیرتان بێت، چەند مانگ لەمەوبەر، پەیەدە كردیە هەرا: رمێلانمان لە جەبهەی نوسرە پاك كردەوە. ساڵح موسلمیش، باسی فرۆشتنی نەوتی دەكرد و لەدووی كڕیاران دەگەڕا.

ئەگەر وایە، وەزیری نەوتی ڕێژیم، بۆچی و چۆن سەردانی كۆمپانیای نەوتی ڕمێلانی كرد؟ لەم وەزعە شڕەی سووریادا، كێ جەنابی وەزیری دەپاراست؟
قوربان، وەزیری نەوت بەهەر سوورەت، وەزیری بەرگری، كە یەكەم بەرپرسیاری مەیدانی هەموو كارەساتەكانی ئەمڕۆی سووریایە، چۆن گەیشتە قامیشلو؟

ئەدی پەیەدە ئیدارەی خۆجێیی قامیشلوی ڕانەگەیاندووە؟ ناڵێت بكوژوببڕ خۆمم، وەزیری بەرگری چۆن لە فڕۆكەخانەی قامیشلوەوە گەیشتە ناوشار و لەوێ لەگەڵ قایمقام و فەرماندە سەربازی و ئەمنییەكان كۆ بووەوە؟ ئەگەر بۆ پاراستنی گیانی جەنابی وەزیر نییە، چەكدارانی پەیەدە بۆچی هەموو ڕێگەكانی شاریان بە توندی گرتبوو و یەك یەك خەڵكیان دەپشكنی؟

لە قامیشلوش گەڕێن، وەزیری بەرگریی سووریا كە لەوەتەی شەڕە ناوێرێت لە شام دەرچێت، چۆن بە ئۆتۆمۆبێل دەیان كیلۆمەتری لە قامیشلوەوە بەرەو تەل كۆچەر بڕی و لە دەرواوزەكە، كە موسلیم دەڵێت بەدەست ئێمەوەیە، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی عێراق لە ڕەبیعە، كۆ بووەوە و هەر ئەو ڕۆژەش ڕێككەوتن، دەروازەكە بەهەردووبەردا بكرێتەوە؟ ئەمە حاڵی ئەو "ئیدارە دیموكراتی"كەیە كە پەیەدە بانگەشەی بۆ دەكات.

كە پێیان دەڵێین، گەلۆ، نە پەیەدە لە بەرەی شۆڕشدایە و نە ئێوە شۆڕشگێڕن، بگرە دژی شۆڕشن و پیاوێكی لارەملی بەردەستی شوعبەی ئەمنی سیاسی حەسەكەن، دەهری دەبن. دەیان فیلم و دیكۆمێنتی نووسراو لە بەردەستدان كە چەكدارانتان كۆڵوانەسووری پێش لەشكرەكەی ئەسەدن، نكۆڵی دەكەن. كە دەڵێین، ئێوە تەنیا پاسەوانێكی كاتیی كێڵگەكانی نەوتن و لە چوارچێوەی گەمەیەكی ئیقلیمیدا، بەكار دەهێنرێن، بە خائینمان ناو دەبەن.

گەر بڕوا ناكەن، لە ئینتەرنێت ناوی (عومەر ئووسی) كادیری باڵای پەیەدە لێ بدەن، بزانن بەدەمی خۆی لە تەلەڤیزیۆنێكی لایەنگری ڕێژیمی بەشار ئەسەدەوە چ دەڵێت.

لە دوایین لێدوانیدا، ساڵح موسلیم، لەبارەی ئەو سەدان هەزار و بگرە ملیۆنان عەرەبەی بەعسی سووریا لە حەفتاكانی سەدەی پێشوودا ڕەوانەی گوند و ناوچە كوردنشینەكانی هەرسێ پارێزگای حەلەب، ڕقە و حەسەكەی كردوون و بەراوترین گوندەكانی ناوچەكەی پێ تەعریب كردوون و كوردانیان لێ دەركردوون، بە ئاژانسێكی دنیایی دەڵێت: ئەوانە برای ئێمەن و ئازادن تا هەتایە لە شوێنەكانیان بژین. دەزانن بۆچی؟ چونكە تێكڕایان لایەنگری ڕێژیمن

هەواڵی پەیوەندیدار