ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و متمانەیەکی زیاتر

د. ئاراس عهبدلکهریم
دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دامەزراوەیی نیشتمانی، وەک چەترێکی نیشتمانی بۆ سەرجەم دەستگاکانی پاراستنی ئاساییشی هەرێم و هاووڵاتیان، وێڕای دەستەبەرکردنی سیاسەتێکی یەکگرتووی ئەمنی بۆ سەرجەم ئەو دەستگایانە لە سیستەمی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردن و ڕێنماییکردندا کە بێگومان لەزیاتر پتەوکردنی ڕەوشی ئارامی و ئاساییشی هەرێمەکەماندا ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت، هاوکات هەنگاوێکی تری جیددییە بۆ سڕینەوەی ئاسەواری دووئیدارەیی لە کوردستاندا.
ئەگەرچی هەر کام لە دەستگا ئەمنییەکانی کوردستان بەر لەم یەکگرتنەیشیان لە شانازیی فەراهەمکردنی ئارامی و پاراستنی ئاساییش و ژیانی هاووڵاتیاندا هەمیشە پشکی شێریان بەر کەوتووە و ڕۆڵی کاریگەری ئەمان بووە کە دۆخێکی سەقامگیر لە کوردستاندا بۆ گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری و کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان دەستەبەر کراوە، لەگەڵ پاراستنی زەمینەی سیستەمی دیموکراسی و فرەحزبی و ئازادییەکان، دیارە ئەو ڕاستییە ڕوونە کە لە قەیرانی ئاساییشدا هەمیشە ئازادییەکان و دیموکراسییش دەبنە قوربانی.
دیارە گەشەکردنی کوردستان و پتەوترکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و ڕەخساندنی ڕەوشێکی ئارام بۆ هاووڵاتییەکانی، لە عێراقێکی نائارام و ناسەقامگیر بە تایبەت لە ڕووی ئاساییشەوە کە بەغدا بە هێزێکی چەکداریی یەک ملیۆنییەوە توانای سنووردانانی بۆ کارە تیرۆریستی و تێکدەرەکان نییە، ئەگەر لە لایەک مایەی شانازیی دەستگا ئەمنییەکانمان و خۆیشمان بێت، هاوکات مایەی سەرسامی و ڕێزی زۆربەی وڵاتانی دنیا بووبێ، ئەوا لە لایەکی دیكەوە مایەی ناڕەحەتی و سەرئێشەی لایەن و دەوڵەتانی نادۆست و شۆڤێنیزمی ناوچەکە بووە و دەبێت.
ساڵانێکە لە چەندین لاوە بە شێوەیەکی بەردەوام و بەرنامەبۆداڕێژراو هەوڵی ناوزڕاندن و شێواندنی وێنەی دەستگا ئەمنییەکانی کوردستان دراوە کە مەبەستی سەرەکیی لەقکردنی متمانەی هاووڵاتیانی کوردستان بووە بەم دەستگایانە کە هاوکات لێدانی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی بووە، ڕەنگە ناعەقڵانیترین شێوازی ئەو هێرشانە تاوانبارکردنی هەردوو دەستگای (ئاژانسی پاراستنی کوردستان) و (دەستگای زانیاری) بووبێت بەوەی دوو دەستگای حزبین و تەنیا لە بەرژەوەندیی ئەو دوو لایەنە کار دەکەن، لە کاتێکدا ڕەخساندنی ڕەوشی ئارامیی سیاسی و ئابووری و ئاساییشی کۆمەڵایەتی بە تایبەت لە پاش ڕووخانی بەعسیزمی عێراقییەوە کە دەرئەنجامی کارەکانی ئەو دوو دەستگایە بوون، بە تەنیا بۆ ئەم دوو لایەنە نەبووە، بەڵکوو لە ژێر ئەم چەترە ئارامەدا نەک هەموو لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتیانی هەرێم و بەس، تەنانەت هاووڵاتیانی دیكەیش لە پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق لە شوێنەکانی تری دەرەوەی هەرێمەوە پەنایان بۆ کوردستان هێناوە و بە داڵدەی ئارامی خۆیانیان زانیوە.
کە ئەمە بۆخۆی شانازییەکی گەورەیە بۆ هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی و دەستگا ئەمنییەکانیان. لە ئێستایشدا یەکگرتن و کۆکردنەوەی ئەو دەستگایانە لە دامەزراوەیەکی نیشتمانیدا و دەرگەواڵاکردن بۆ توانای نوێ لە دەرەوەی دیدی حزبی، جگە لەوەی وزەیەکی زیاتر دەبەخشێتە سیستەمی ئاساییشی کوردستان، هاوکات متمانەی هاووڵاتیان بە دەستگا ئەمنییەکانمان زیاتر دەبێت.
ئەم دەستگایە کە بە شێوەیەکی کراوە و بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕیی بەشە سەرەکییەکانی لە ڕووی ئیدارییەوە وابەستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکایەتیی هەرێم و خودی ئەنجوومەنەکەن، بە تەواوی بنەماکانی نیشتمانیبوونی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە.
هەر بۆیە ئەم ئەنجوومەنە لەگەڵ هەموو ئەرک و ڕۆڵە گرنگەکانیدا، ڕۆڵێکی کاریگەریش دەبینێ لە پتەوترکردنی متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و سیستەمی سیاسیماندا بە گشتی و حکوومەت و دەستگا ئەمنییەکانی کوردستان بە تایبەتی.




