لەبارەی دوو مانگ بێمووچەیی و دەوڵەتی كوردییەوە

زكــرى مـووسـا
مانەوە لەگەڵ عێراقدا هیچ مانایەكی نییە جگە لە مانەوە لەگەڵ كێشە و قەیرانەكان و بچووكبوونەوەی زیاتری مافە ڕەواكانمان. دەبێ بەردەوام لەگەڵ جەهلی تاییفەگەریی بەغدادا هەڵبكەین. دەبێ تاهەتایە بڵێین شەراكەت و تەوافوق و كەسیش گوێمان بۆ ناگرێ. دەبێ خۆمان لەگەڵ ترسی بڕینی بەشەبودجە بگونجێنین. دەبێ پایتەختەكانی دەوروبەر بڕیار لە چارەنووسمان بدەن. دەبێ بۆ هەموو بودجەیەك و بۆ هەموو یاسایەك هەردەم چاوەڕێی هەڕەشەی شەهرستانییەكان و مەرحەمەتی ئەمریكاییەكان بین.
مانەوە لەگەڵیدا بەهەندنەگرتنی نرخی شەهید و ئەنفالەكان و تێكۆشانی گەلەكەمانە. مانەوە لەگەڵیدا جەختكردنەوەیە لەوەی هێشتا شاییستە نین سەروەری و ئازادیمان هەبێ. هەتا پاشكۆی ئەو دەوڵەتە قەڵپە بین ناتوانین لەسەر ئاستی نەتەوەییشدا كار بۆ بەهێزكردنی فەرهەنگ و ئابووری و پەروەردە و دیموكراسی و ئینتیما و هتد. بكەین. دەبێ هەردەم بە كێشە ناخۆییەكانەوە سەرقاڵ بین و بە ڕیسواكردنی یەكترییەوە تینوو بین.
| مانەوە لەگەڵیدا بەهەندنەگرتنی نرخی شەهید و ئەنفالەكان و تێكۆشانی گەلەكەمانە. مانەوە لەگەڵیدا جەختكردنەوەیە لەوەی هێشتا شاییستە نین سەروەری و ئازادیمان هەبێ. |
ئەوە لەحاڵێكدایە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هیچكات ئەوەندەی ئێستا داگیركارانی كوردستان لە هەڵوێستی لاوازدا نەبوونە و فرسەتێكی زێڕینە كورد هەنگاوی یەكلاكەرەوە بنێت. بوونی بەربەستی دەرەكی و جیۆپۆلیتیكی لە سەردەمی ئێستا بیانوویەكی ئەوەندە بەهێز نییە كورد دەرفەتی بەدەوڵەتبوون لە كیسی خۆی بدات. دەبێ كورد بڕوای بەخۆی هەبێت و بڕیار بدات بۆ ئەوەی ببێتە ئەمری واقیع، چونكە سیاسەتی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقع دەكات نەك لەگەڵ خەیاڵ و ترسەكاندا.
زۆر جار بینراوە ژمارەیەك نووسەر و ڕۆشنبیر لە نووسینەكانیاندا لایەنگرانی سەربەخۆیی كوردستان بە گڵحۆ و ناسیۆنالیستی جاهیل ناوزەد دەكەن و بیرۆكەی دامەزراندنی كیانی نەتەوەیی تێكهەڵی ڕق و هەڵوێستە حزبییەكانیان دەكەن. زۆر جار بیستراوە ژمارەی نەیارە ناوخۆییەكانی دەوڵەتی كوردی زۆر زیاترن لە نەیارەكانی دەرەوە. ئەگەر ئەمەیان ڕاست بێت جێگەی شەرمەزارییە. ئەو بیانووەی كە گەلی كورد بەرگەی دوو مانگ بێمووچەیی ناگرێت، سووكایەتییە بە ئیرادەی نەتەوەیەك كە سەد ساڵە بەرخودان دەكات.
| ئەو بیانووەی كە گەلی كورد بەرگەی دوو مانگ بێمووچەیی ناگرێت، سووكایەتییە بە ئیرادەی نەتەوەیەك كە سەد ساڵە بەرخودان دەكات. |
ئەگەر بڵێن دەبێ دیموكراسی بچەسپێت ئەوكات ببین بە دەوڵەت ئەوەشیان لە شوێن خۆی نییە، چونكە دیموكراسی پڕۆسەیەكی بێكۆتاییە و بەردەوام لە گەشەدایە. چەمكی دەوڵەت پەیوەستە بە سەروەری و زۆر گشتگیرترە لە دیموكراسی و سیستەمی سیاسی. جگە لەوەیش هیچ وڵاتێك شك نابەین بەم بیانووە دەوڵەتبوونی دواخستبێت.
ئەگەر بە هۆی بەرژەوەندیی كۆمەڵێك سیاسیی بازرگانیش زوڵم لە فرسەتی دەوڵەتی كوردی بكرێت ئەوەشیان نابێ لێی بێدەنگ بین و دەبێ ڕووبەڕوویان ببینەوە. كات لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا نییە. چەندە ئەم هەنگاوە دوابخرێت ئەوەندەیش بەدیهاتنی ئاواتی سەربەخۆیی كاڵتر دەبێتەوە. ماوەتەوە بڵێین ئەو گەلەی لە پێناو نان و مووچە و بەرژەوەندیی كەمبەها ئازادییەكەی لە دەست بدات، سەرئەنجام هەموو شتێك لە دەست دەدات.




