وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئاهەنگی رۆژی نیشتیمانیی فەرەنسا

ڕؤژی 14/7/2012 له رێوڕهسمێكدا به ئامادهبوونی بهڕێزان مسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان و جێگری سهرۆكی پهڕلهمانی كوردستان و ژمارهیهك له وهزیرانی حكومهتی ههرێم پهرلهمانتارو نوێنهران و كونسوڵی وڵاتانی بیانی و كهسایهتی و مامۆستایانی زانكۆو نوێنهرانی پارته سیاسیهكان، له شاری ههولێر مهڕاسیمی یادی سهركهوتنی شوڕشی فهرهنسا و ڕۆژی سهربهخۆیی ئهو وڵاته بهڕێوهچوو.
له مهڕاسیمهكهدا بهڕێز مسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان بهو بۆنهیهوه وتهیهكی پێشكهشكرد و تیایدا وێڕای پیرۆزبایی له گهلی فهڕهنسا، دووپاتیكردهوه كه فهرهنسا دوای شۆرشی 14 تهمووزی 1789 پێشكهوتنی بهخۆیهوه بینی، بهڵام بهداخهوه عێراق كه له ههمان رۆژ و مانگ و له ساڵی 1958 شۆرشی له دژی پاشایهتی كرد ساڵ به ساڵ بهرهو دواوه گهرایهوه. بهڕێزیان نیشانیدا كه سهركردایهتی سیاسی كوردستان ههموو ههوڵێك دهدات بۆ ئهوهی وهكو فهڕهنسا پێش بكهوێت و بهڵێنیشی دا ئهگهر ئهو هیوایه بۆ عێراق نههاتهدی ئهوا بۆ گهلی كوردستان بێگومان دێتهدی.
ئهمه دهقی وتهکانی "سهرۆک بارزانی" یه:
ئامادەبووانی بەڕێز
ڕێگەم بدەن بەناوی گەلی كوردستان وبەناوی خۆمەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی فەڕەنسا و سەرۆكی فەڕەنسا و نوێنەری فەڕەنسا لەكوردستان بكەم بەبۆنەی 14ی تەممووز كە ڕۆژی شۆڕشی فەڕەنسایە.
شۆڕشی فەڕەنسا بوو بە نموونەیەك بۆ گەلانی دیكەش، نازانم چۆن وا ڕێكەوت ڕۆژی، 14ی تەممووز ببێتە ڕۆژێكی هاوبەش لەنێوان گەلی عێراق وگەلی فەڕەنسا چونكە لەساڵی، 1958 وەكو ئەمڕۆ دیسان شۆڕش لە عێراق ڕوویدا. ئێمە دەبینین میللەتی فەڕەنسا گەیشتە چ ئاستێك و بەداخەوە دەبینین عێراقیش لە چ بارودۆخێكدایە.
ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین هەموو عێراق چاو لە ئێوە بكات، بەڵام ئەگەر ئەوەمان بۆ هەموو عێراق پێنەكرێت پەیمان دەدەین هەرێمی كوردستان بەو ڕێگەیەدا بچێت كە ئێوە پێیدا ڕۆیشتن. ئێمە دەست لەدیموكراسییەت هەڵناگرین وهەموو هەنگاوەكانمان لە چوارچێوەی دیموكراسییەتدا دەبێت.
مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ فەڕەنسا مێژووێكی خۆشە، هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی كە لەفەڕەنسان لەگەڵ بۆچوونی جیاوازیان، بەڵام هەموویان بەچاوێكی دۆستانە تەماشای دۆزی گەلی كوردستانیان كردووە و هەمیشە عەتفیان نیشان داوە.
لەساڵی1967 عێراق ڕێككەوتنێكی لەگەڵ فەڕەنسا ئیمزاكرد بۆ كڕینی دوو سریی فڕۆكەی جەنگیی میراج، ئەوكات ژەنەڕاڵ دیگۆل كە زۆر ناسراو بوو قارەمانێكی گەورەی فەڕەنسا و جیهانیش بوو، ئەوكاتە دۆستێكی كورد كە لەكوردستان كاری ڕۆژنامەنووسیی دەكرد ئەویش ڕۆژنامەنووس ڕینێ مۆڕیس بوو جەنابی بارزانی لەڕێگەی ئەوەوە نامەیەكی بۆ ژەنەڕاڵ دیگۆل نارد وپێی گوت: من دەزانم وتەفەهومیش دەكەم فەڕەنسا بەرژەوەندیی خۆی هەیە بەڵام لەهەمانكاتیشدا حەزدەكەم جەنابت لەوە دڵنیا بیت ئەم فڕۆكانە بۆ كوشتنی ژن ومنداڵی كورد وسووتاندنی دێهاتی كوردستان بەكاردێت، تەنها دەمەوێ ئەم ئاگادارییە بۆ جەنابت بنێرم، مۆریس نامەكەی برد و دوای خوێندنەوەی ئەو نامەیە ژەنەڕاڵ دیگۆل یەكسەر گرێبەستەكەی هەڵوەشاندەوە و نەیهێشت ئەو چەكە بە عێراق بفرۆشرێت.
من تا ماوم فرمێسكەكانی خاتوو دانیاڵ میتیڕان لەیاد ناكەم ، لەساڵی1989 كە بۆ یەكەمینجار بەخزمەتی گەیشتم كە باسی دەرد و ئێش و ئازاری گەلی كوردی كرد و باسی ئاوارەكانی كرد كە ئەوكاتە چووبوونە توركیا و چ بەسەری ئەم میللەتە هات لەدوای پرۆسەكانی ئەنفال وكیمیاباران بەڕاستی بۆ یەكەمجار وا هەست بكەم كورد كەسێكی هەیە لە ئەورووپا بەڕاستی و بەسۆز و دڵسۆزییەوە و بەهەستێكی زۆر بەرزەوە پشتیوانییەتی وهیچ نەبێ لەڕووی ویژدانییەوە ئاگاداری ئێش وئازاری ئەم گەلەیە.
لەڕاپەڕینی 1991یش جارێكی دیكە سەردانی كوردستانی كردەوە و چەندجارێكی دیكەش سەردانی كوردستانی كرد و پەیوەندیی زۆر دۆستانەشی لەگەڵ دایكم دروست كرد.
هەروەها لەیادم ناچێت كە بۆ یەكەمجار لەساڵی1992 جەنابی سەرۆك میتیڕانم بینی كە هەستام بەمنی گوت: بەگەلی كوردستان بڵێ دۆستێكتان هەیە لە فەڕەنسا كە فڕانسوا میتیڕانە وتا من لێرەم پشتڕاست بە ئێمە لەپشت ئێوەین ولێرەش نەبم میللەتی فەڕەنسا لەپشت ئێوە دەبێت.
لەساڵی2010 سەرۆكێكی تازە بۆ فەڕەنسا هات و ئەویش پێشوازیی گەرمی لێكردین و بەر لەوەی ببێتە سەرۆك دیسان پەیوەندیی دۆستانەمان هەبوو، ئەوپەڕی دۆستایەتی بۆ گەلی كوردستان نیشاندا و لەگەڵ د. بێرنارد كۆشنێر وەزیری دەرەوەی ئەوسای فەڕەنسا كە دۆستێكی هەرە نزیكی شەخسی و دۆستی گەلی كوردستان بوو دیدارێكی گرنگمان سازدا وڕێككەوتنێكی زۆر ڕێكوپێكمان ئیمزاكرد وئەمەش بوو بە بنەمایەك بۆ فراوانبوونی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەرێمی كوردستان وفەڕەنسا و ئەمەش دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی بۆ پەیوەندیی ئابووریی ئایندەمان.
خۆشبەختانەش ئێستا سەرۆكێكی تازە لەفەڕەنسا هەیە كە زۆر دۆستێكی نزیكی گەلی كورد و دۆستێكی زۆر نزیكی منیشە ومن چەندینجار بینیومە، لێرەدا من دەمەوێ بڵێم لەگەڵ میللەت و دۆستانی فەڕەنسا پەیوەندییەكی دۆستانەمان هەیە وئێمە ئومێدێكی زۆرمان بەوە هەیە ئەو پەیوەندییانە لەئایندەدا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت.
لەهەمووشی گرنگتر بۆ من ئەوەیە كە دۆستی خۆشەویستمان د. تیسۆ لەماوەی ئەم پێنج ساڵە و پێشی ئەوەش واتا ماوەی زیاتر لە30 ساڵە بەهەموو توانایەك یارمەتیی گەلی كوردستانی داوە، ئێمە زۆرمان پێناخۆشە بەجێمان دەهێڵێ، بەڵام دەشزانین ئەمە سروشتی كاری دیپلۆماسییە و ئەو پێنج ساڵەش ئاسان نەبوو، بەڵام لەهەر كوێیەك بێت دۆستێكی زۆر نزیك و خۆشەویست، بۆ ئێمە پیرۆزترین و بەشەرەفترین ناو و هێما پێشمەرگەیە ئێمە پێی دەڵێین تۆ پێشمەرگەی كوردستانی. جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیوادارم سەركەوتوو بن و زۆر سوپاس.




