٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

حكوومەتی هاووڵاتیان یان حكوومەتی حزبەكان

سەرچاوە: KDP.info

د. جوتیار ئاکره‌یی

لە سەرەتادا پێویستە بزانین حكوومەتی "بنكەفراوان" واتای چی؟ حكوومەتی بنكەفراوان جیاوازە لە حكوومەتی هاوپەیمانی (ئیئتلافی) هەروەها جیاوازە لە حكوومەتی زۆرینە. حكوومەتی بنكەفراوان پێگە و ژمارەی كورسیی پەرلەمان و مێژووی حزبەكە ناكاتە پێوەری بەشداری لە حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكان، واتە حكوومەتی بنكەفراوان بەرژەوەندییەكانی حزب بەلاوە دەنێت و هەموو بە یەك چاو سەیر دەكرێن، چونكە بارودۆخی تایبەت وەك ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی لایەنەكان ناچار دەكات ئەم جۆرە حكوومەتە پێكبهێنن.

بەڵام حكوومەتی هاوپەیمانی گرنگی بە پێگەی حزبەكان دەدات و حیساب بۆ دەنگیان دەكات و هەر حزبێك بەپێی قورسایی خۆی بەشداری لە حكوومەت دەكات و لیستی براوە ناچار دەبێت مامەڵە لەسەر ئەو پێگەیە لەگەڵیان بكات. بەڵام لە حكوومەتی زۆرینەدا لیستی براوە سەرپشك دەبێت لە بەشداریكردنی لایەنێك و دورخستنی لایەنێكی دیكە، پێوەرەكەشی ژمارەیە، واتە بەدوای ڕێژەی زۆرینە دەگەڕێت لە پەرلەمان بۆ وەگرتنی متمانە بۆ حكوومەتی داهاتوو.

ئێستاش دێینە سەر ئەسڵی مەسەلەكە. بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ڕایانگەیاندووە لەگەڵ حكوومەتێكی بنكەفراوان بن و مەسەلەكەش تەنها چاكسازی و سەقامگیریی سیاسی نییە وەك خۆیان بانگهێشتی بۆ دەكەن، بەڵكو بەشداری لە سەرچاوەی دارایی و گەیشتن بە سەرچاوەی بڕیارە لە هەرێمی كوردستاندا كە ئامانجی سەرەكییانە.

ئەسڵی مەسەلەكە. بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ڕایانگەیاندووە لەگەڵ حكوومەتێكی بنكەفراوان بن و مەسەلەكەش تەنها چاكسازی و سەقامگیریی سیاسی نییە



ئەوەش لە واقعی سیاسیدا حاڵەتێكی نامۆ و سلبی نییە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ململانێ سیاسییەكان زیاتر ڕەنگی حزبی دەگرێت و دیسانەوە دەمانگەڕێنێتەوە دواوە. ئەم حاڵەتەش -بەپێچەوانەی ئیدعائی سێ هێزە ناوخۆییەكان و هێزە دەرەكییەكان كەوا حكوومەتی بنكەفراوان باشترە- سەقامگیری بەدوای خۆیدا ناهێنێت و پرۆسەی وەرگرتنی بڕیار ئیفلیج دەكات.

ئەگەر سەیری ئەدای ئەو سێ هێزە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بكەین، ململانێیەكان زیاتر حزبی بوون نەك ململانێیەكی بێگەرد و شەفاف لە نێوان حكوومەت و ئۆپۆزسیۆندا و، لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی حزبی پرۆسەی سیاسی ئاراستە دەكرا و لەجیاتی ڕێچكەی دیموكراسی بەهێزتر بكرێت و هەموو حزبەكان ولائیان بۆ دامەزراوەكانی هەرێم بێت، جەمسەرگەریی بۆ حزب قووڵتر كرایەوە و دامەزراوەكانی هەرێمی وەك پاشكۆ بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەو سێ هێزە نەیانتوانی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن، چونكە نەیانتوانی خۆیان لە ململانێ حزبی رزگار بكەن ئەمەش لە قازانجی پارتی و یەكێتی بوو لە لایەكی دیكەوە. بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو سێ هێزە لە هەڵبژاردنەكانی 2013 نەیانتوانی دەنگ زیاتر لە پارتی و یەكێتی بهێنن. لەبەر ئەوە ئەمجارە دەیانەوێت بەشداریكردن لە حكوومەت تاقی بكەنەوە بەو قەناعەتەی كەوا بەم شێوەیە بەرد لە ژێر پێی پارتی و یەكێتی دەربهێنن. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو سێ هێزە بەم عەقڵییەتە كار بكەن، من لەو باوەڕەدام ئەدایان باشتر نابێت لەوەی كەوا پێشتر هەیان بوو وەك "ئۆپۆزسیۆن".


ئەو سێ هێزە نەیانتوانی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن، چونكە نەیانتوانی خۆیان لە ململانێ حزبی رزگار بكەن ئەمەش لە قازانجی پارتی و یەكێتی بوو لە لایەكی دیكەوه‌

لەبەر ئەوە بەشداریكردنی ئەو سێ هێزە لە حكوومەتی داهاتوو بە نەفەسی جاران، لە كۆتاییدا بە قازانجی پارتی و یەكێتی دەگەڕێتەوە نەك بۆ خۆیان، چونكە دەبن بە بەشێك لە پڕۆسەی بەحزبیكردنی موئەسەساتی دەوڵەت و گێڕانی ڕۆڵێكی حزبیی بەهێزتر لەوەی كە پارتی و یەكێتی هەیانبوو.

جگە لەوەش ئەو سێ هێزە نەیانتوانی ببنە بەدیلی پارتی و یەكێتی، چونكە سیاسەتكردن و نواندنی چالاكییەكانیان زیاتر بۆ بەهێزكرنی ناوخۆی خۆیان بووە و لاوازكردنی حزبی بەرامبەر. بۆ نموونە، بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ململانێ لەگەڵ یەكێتیدا ویستی لە ڕێگای لاوازكردنی "یەكێتی" خۆی بەهێز بكات. هەر لەم چوارچێوەیەدا بزووتنەوەی گۆڕان توانی ڕێژەی جیاوازی دەنگەكان لەگەڵ یەكێتی گەورەتر و فراوانتر بكات. لەلایەكی ترەوە گۆڕان، هەر بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە، شەراكەتی یەكگرتوو و كۆمەڵی زۆری مەبەستە -سەڕەڕای ئەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەو دوو هێزە ئیسلامییە وەك تاكتیك مامەڵە دەكات نەك وەك ستراتیژ- و یەكگرتوو و كۆمەڵ باش ئەم گەمەیە دەزانن، چونكە هەر كاتێك یەكێتی و گۆڕان نزیك دەبنەوە، یەكگرتوو و كۆمەڵ نەرمی بۆ یەك لەو دوو لایانە نیشان دەدەن بۆ پاراستنی پێگەیان لە گەمەی سیاسیدا.

لەم بارودۆخەدا بانگهێشتكردنی ئەو سێ لایەنە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی بنكەفراوان پەردەپۆشی واقعێكی سیاسیی تاڵە كە هیچ هێزێكی سیاسی جورئەتی نییە بە ڕاشكاوی دانی پێدا بنێت.
جەماوەری كوردستان ئەمڕۆ هۆشیارترە لەوەی چاوبەست بكرێن و ئومێدی زۆریان پێبدەن لە ڕێگای پێكهێنانی حكوومەتی بنكەفراوان. هاووڵاتیان ئومێدی ئەوەیان هەبوو كە دۆخی كوردستان بە ئاراستەی حكوومەتێكی دیموكراسیی دوور لە پشك پشكی سیاسی بنیاد بكرێت، بەڵام وا دیارە دۆخەكە بەو ئاراستەیە بمانبات و ناچارمان بكات بڵێین سەد رەحمەت لە ففتی بە ففتی و رێككەوتنی ستراتیجی.

هەواڵی پەیوەندیدار