چەواشەكاری
سەلام عەبدوڵڵا
كاری رۆژنامە پێشكەشكردنی راستییە بۆ خوێنەر، گەر وانەكات ئەوە كارەكەی دەچێتە خانەی چەواشەكارییەوە و دەبێتەمایەی پشێوی و سەرلێشێوانی خوێنەر و بەوپێیەش بە هەڵە بردنی خەڵكی و نانەوەی ئاژاوە، كە تەنیا سوودمەند لێی نەیارانی ئەم بارودۆخە سەقامگیرەی كوردستان دەبێ، بۆیە لە ژێر هیچ پاساوێكدا نابێ رۆژنامە، بە تایبەتی رۆژنامەكانی كوردستان چ بەناو ئەهلی و چ حزبی ئەو رۆڵە بگێڕن. بەڵام بەداخەوە لەكوردستان، تا ئێستا رەچاوی ئەو راستیانە ناكرێ و بە پێچەوانەوە رەفتار دەكرێ. سەیر رۆژنامەی هاوڵاتی (ژ 1183) دووشەممە 11/18 لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ سیاسەتمەدارو پەرلەمانتار دكتۆر مەحمود عوسمان چۆن قسەكانی (تحریف) دەكات. فەرموو لە مانشێتدا چی دەڵێ: سەردانەكەی بارزانی بۆ تۆركیا سەركەوتوو نەبوو ئەمە لە كاتێكدا دكتۆر دەڵێ: بەڵام ئەگەر سەردانەكە لە كاتێكی ئاساییدا بوایەو ئاڵۆزی نەبوایە سەركەوتووتر دەبوو . جا جیاوازی سەركەوتوو نەبوو، لەگەڵ سەركەوتووتر دەبوو، چەندە؟ سەرنەكەوتن واتە فاشیل بوون، بەڵام سەركەوتووتر دەبوو یانێ سەركەوتوو بووەبەڵام دەتوانرا سەركەوتووتریش بێت. ئەمە شێواندنی بۆچوون و وەڵامی دكتۆرە.یان دەڵێ سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا بۆتە هۆی ئاڵۆزی زیاتری نێوان بارزانی و پ ك ك و پەیەدە ئەمە لێرەدا وا دەخوێنرێتەوە كە بارزانی هۆكاری ئەو ئاڵۆزییە بێت لەگەڵ پ ك ك و پەیەدە! كە لەراستیدا دكتۆر لەوەڵامەكەیدا زۆر بە روونی و بێ پێچ و پەنا دەڵێ: لە ئێستادا گرژی زۆر لە نێوان پارتی و پ ك ك و لە نێوان سەرۆكایەتی هەرێم و ئیدارەی رۆژئاوا هەیە كە (پەیەدە) دروستی كردووە.
جا سەیر ئەم یاریكردنەی هاووڵاتی بە وەڵامەكەی دكتۆر، كە دەڵێ ئەم گرژی و ئاڵۆزییەی نێوان هەرێم و رۆژئاوا، پەیەدە دروستی كردووە، بەڵام هاووڵاتی وەڵامەكانی دكتۆر بە لارێدا دەبات و هۆی ئاڵۆزی و گرژییەكەی نێوان پ ك ك و پەیەدە و پارتی دەخاتە ئەستۆی بارزانی، كە لە راستیدا دكتۆر دەقاودەق پێچەوانەی وتووە. ئەمانەتی راگواستنی چاوپێكەوتن و وەڵام دەبێ هەمیشە پارێزراو بێت، دەنا هەموو جارێك دەبێ ئەمجۆرە رۆژنامانە پۆزش بهێننەوە و داوای لێبوردن لە كەسی بەرامبەر بكەن، كە هەردەم میسداقییەتی رۆژنامەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوەو دەبێتە چەواشەكاری و سەرلێشێواندنی هاووڵاتی ئەی (هاووڵاتی).




